کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کەمیی دەرمانە سەرەکییەکان لە کرماشان

20:53 - 28 رەزبەر 2724

سەرەڕای کەمبوونی ناوەندە دەرمانییەکان و کەموکۆڕییە پزیشکییەکان لە کوردستان، پارێزگای کرماشان لەگەڵ کەمیی دەرمانە سەرەکییەکان بەرەوڕوو بووەتەوە.

دەرمانخانەی تایبەتی خومەینی لە کرماشان، بە هەڵواسینی ڕاگەیەندراوێک لەسەر دەرکەکەی، ڕایگەیاندووە کە توانای دابینکردنی چوار جۆر دەرمانی پێوەندیداری تایبەت بە نەخۆشەکانی تووشبوو بە "هەستیاربوونە تایبەتەکان، شەکرە و گورچیلە"یان نییە.

کەمیی دەرمانە سەرەکییەکان لە کرماشان وەکوو گەورەترین شاری کوردستان نیشانی دەدات کە دۆخی نالەباری کوردستان لە بواری پێڕاگەیشتنی پزیشکی و کەموکۆڕی و بێبەشکرانەکانەوە چەند قاتە.

هەروەها کەمبوونی دەرمانە سەرەکییەکان لە کرماشان و باقی شارەکانی کوردستان، بنەماڵەی نەخۆشەکانی ناچار کردووە کە بە مەبەستی دابینکردنی دەرمانی پێویست ڕوو لە بازاڕی ڕەش بکەن کە نرخی دەرمانەکان لەم بازاڕە چەند قاتە.

نرخی زۆری دەرمانەکانی نەخۆشە تایبەتەکان لە بازاڕی ڕەش، زۆرێک لە بنەماڵەکانی لە دابینکردنی دەرمانی پویست بێهیوا کردووە و لەلایەکی دیکەشەوە گیانی نەخۆشەکانی خستووتە مەترسییەوە.

کەمیی دەرمان لە کرماشان و باقی شارەکان لەکاتێکدایە کە بەرپرسانی ڕێژیم و ڕێکخراوی خۆراک و دەرمان بەردەوام ئیدعای ئەوە دەکەن کە خۆیان توانای دابینکردنی دەرمانە پێویستەکان بۆ نەخۆشە تایبەتەکانیان هەیە.