کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

نیگەرانیی لێبوردنی نێونەتەوەیی ئاڵمان لە پێوەندی لەگەڵ ئەگەری لەسێدارەدانی ٤ بەندکراوی سیاسیی عەرەب

20:55 - 28 رەزبەر 2724

ڕێکخراوی لێوردنی نێونەتەوەیی ئاڵمان لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند کە ٤ بەندکراوی سیاسیی عەرەب ڕەوانەی ژووری تاکەکەسی کراون و ئەگەری لەسێدارەدانیان لە ڕۆژانی داهاتوودا زۆر بووەتەوە.

بە وتەی ئەم ڕێکخراوە مافی مرۆییە، دۆخی سالم مووسەوی و حەبیب دەریس کە دۆسییەی هاوبەشیان لەگەڵ ئەم چوار بەندکراوە هەیە ناڕوونە.

لە ڕۆژانی ڕابردوودا، ڕێژەی کاردانەوەکان بە ئەگەری لەسێدارەدانی ئەم چوار بەندکراوە سیاسییە لەلایەن چالاکان و ڕێکخراوە مافی مرۆییەکانەوە زۆر بووەتەوە.

بەپێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی "کاروون" ڕۆژی سێشەممە ٢٤ی ڕەزبەر، گاردی پاراستنی بەندیخانەی ناوەندیی ئەهواز ناسراو بە شەیبان، چوار بەندکراوی سیاسیی عەرەبی ئەهوازی سزادراو بە لەسێدارەدان بە ناوەکانی عەلی موجەدێم، موعین خەنفەری، محەممەدڕەزا موقەددەم و عەدنان غەبیشاوییان بەمەبەستی جێبەجێکرانی سزای لەسێدارەدان ڕەوانەی ژووری تاکەکەسی بەندیخانەی سپیدار کردووە.

دادگای ئینقلابی ڕێژیم لە ئەهواز ئەم چوار بەندکراوە سیاسییەی لەگەڵ "حەبیب دەریس" و "سالم موسەوی" بە تۆمەتی بەشداری لە کوشتنی دوو ئەندامی هێزە سەرکوتکەرەکانی بەسیج لە ئابادان و ئەندامێکی هێزی ئینتیزامی و سەربازێک لە ناوچەی بەندەری ئیمام بە لەسێدارەدان سزا دابوو.

بە پێی ڕاپۆرتی کاروون، ئەم کەسانە لە ساڵەکانی ١٣٩٦ و ١٣٩٧ لەلایەن ئیتلاعاتی ڕێژیمەوە لە ئەهواز و شارەکانی دەوروبەر دەسبەسەر کران.

ڕێکخراوی "ئەتڵەسی بەندیخانەکانی ئێران" پێشتر لە ڕاپۆرتێکدا ڕایگەیاندبوو کە ئەم بەندکراوانە لەلایەن هێزە ئیتلاعاتی و ئەمنییەتییەکانی ڕێژیمەوە بە توندی ئەشکەنجە دراون و لە بەناو دادگاکانی ئەم ڕێژیمەدا لە ڕەوتی دادڕەسییەکی نادادپەروەرانەدا بە لەسێدارەدان سزا دراون.