کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

زەقبوونەوەی مشتومڕەکان لە سەر سێ دوورگەی ئێران/ ٣٣ وڵاتی ئورووپایی و عەرەبی داوایان لە ئێران کردووە کۆتایی بە داگیرکاریی سێ دوورگە بهێنێت

20:56 - 28 رەزبەر 2724

لە ڕۆژانی ڕابردوودا و پاش سەردانەکانی وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامی بۆ وڵاتانی عەرەبی و وتووێژ لەسەر گرژییەکانی ناوچەکە و باس لە باشترکردنی پێوەندییەکانی تاران لەگەڵ ئەم وڵاتانە، بەیاننامەی هاوبەشی شۆرای هاوکاریی کەنداو لەگەڵ یەکیەتیی ئورووپا سەبارەت بە سێ دوورگەی ئێران، بوو بە گەورەترین مەترسی بۆ سەر تەمامییەتی ئەرزیی ئێران لە پاش شەڕی هەشت ساڵە.

ڕێکەوتی ٢٥ی ڕەزبەر وڵاتانی یەکیەتیی ئورووپا و شۆرای هاوکاریی کەنداو لە دانیشتنێکدا لە برووکسێلی بێلژیک خوازیاری کۆتاییهێنانی ئێران بە داگیرکردنی سێ دوورگەی ئەبوومووسا، تۆنبی گەورە و تۆنبی بچووک بوون.

٣٣ وڵات لەم بەیاننامەیەدا دەستبەسەرداگرتنی ئەم سێ دوورگەیان بە پێشێلکردنی تەمامییەتی ئەرزیی ئێمارات و دژ بە مەنشووری نەتەوە یەکگرتووەکان زانیوە.

گرینگی ئەم بەیاننامە لەوەدایە کە بۆ یەکەم جار وڵاتانی یەکیەتیی ئورووپا لە هەوڵێکی بێوێنەدا وشەی "داگیرکاری"یان لەلایەن ئێرانەوە بە سەر ئەم سێ دوورگەدا بەکارهێناوە و خاوەندارێتی ئەم سێ دوورگەیان بۆ وڵاتی ئێمارات گەڕاندووەتەوە.

پاش شەڕی هەشت ساڵەی ئێران و عێراق، ئەمە جیددیترین مەترسی بۆ سەر تەمامییەتی ئەرزیی ئێرانە.

بەپێی مەودای ئەم سێ دوورگە و ڕێککەوتنی ئێران و بریتانیا لە ساڵی ١٩٧١ی زایینی، دوورگەکانی تۆنبی گەورە و تۆنبی بچووک بەشی ئێران و دوورگەی ئەبوومووسا دەبوو بە حوکمی هاوبەشی ئێران و شارجە بەڕێوە بچوایەت بەڵام ئێران لە ساڵی ١٩٩٢ی زایینیدا بەتەواوەتی دەستی بە سەر ئەبووموسادا گرت.

ئەمە لەکاتێکدایە کە جگە لە دوورگەی ئەبوومووسا وڵاتی ئێمارات لە ئێستادا باسی لە دوورگەی تۆنبی گەورە و بچووک کردووە کە پێشتر دژایەتییەکی لەسەر ئەم دووانە لەگەڵ ئێراندا نەبووە.

جگە لە وڵاتانی ئورووپایی دوو هاوپەیمانی سەرەکیی کۆماری ئیسلامی واتا چین و ڕووسیەش لەم گەنگەشەدا پشتی ئێرانیان چۆڵ کردووە.

ڕووسیە چەند جار هاوکات لەگەڵ شۆرای هاوکاریی کەنداو کە لە ٦ وڵاتی عەرەبستان، بەحرەین، قەتەر، کوەیت، ئێمارات و عەمان پێک هاتووە سەبارەت بەم بابەتە بەیاننامەی هاوبەشی دەرکردووە و خوازیاری چارەسەرکردنی کێشەکان بووە.

بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی ئیدعاکانی ئێمارات و وڵاتانی دیکە سەبارەت بە خاوەندارێتی ئەم سێ دوورگە بە بابەتێکی بێبنەما دەزانن و باسیان لەوە کردووە کە بە هیچ شێوازێک نابێت باس لەم بابەتە بکرێت.

وێدەچێت لە ئێستادا بە هۆی دۆخی نێوخۆیی کۆماری ئیسلامی و لاوازبوونی لە چارەسەرکردنی کێشەکانی چ لە ئاستی دەرەوە و نێوخۆ، ئێمارات ئەمە بە باشترین دەرفەت بۆ بەرەوپێشبردنی ئامانجەکانی لەم پێوەندییەدا بزانێت.