وریشە مورادی، بەندکراوی سیاسیی کورد سەرەڕای نالەباربوونی دۆخی جەستەیی، لە مانگرتن بەردەوامە.
بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵدەریی هێرانا، وریشە مورادی (جوانا سنە)، بەندکراوی سیاسیی کوردی بەندکراو لە بەندیخانەی ئێڤین، کە لە ڕێکەوتی ١٩ی ڕەزبەرەوە مانی لە خواردن گرتووە، سەرەڕای نالەباربوونی دۆخی جەستەیی، لە مانگرتنەکەی خۆی بەردەوامە.
ئەم بەندکراوە سیاسییە کوردە بە نیشانەی ناڕەزایەتیدەربڕین بە بەردەوامیی دەسبەسەرکران و ناڕونیی چارەنووسی خۆی و هەروەها بێبەریبوون لە چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵە و پارێزەرەکەی مانی لە خواردن گرتووە.
ئەم ڕێکخراوە مافی مرۆییە لە زاری یەکێک لە کەسە نزیکەکانی وریشە مورادییەوە ڕایگەیاندووە لە دۆخی گشتیی ناوبراو ناجێگیرە.
وریشە موردای لە ڕۆژی ١٠ی گەلاوێژی ١٤٠٢، لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانی ڕێژیمەوە لە سنە دەسبەسەر کرا و بە تۆمەتی ئەندامەتی لە یەکێک لە حیزبە کوردستانییەکانی دژبەری ڕێژیم لە بەندیخانەی ئێڤینە.