هەواڵی پشتڕاستکردنەوەی گەڵاڵەی ناسراو بە حیجاب و عیفاف کە چەند حەفتە پیش ئێستا لەلایەن چەند کەس لە نوێنەرانی مەجلیسی ڕێژیمەوە بڵاو کرابووەوە، لەلایەن وتەبێژی شۆرانی نیگەهبانەوە ڕاگەیەندرا.
هادی تەحان نەزیف ڕایگەیاندووە کە گەڵاڵەی ناسراو بە حیجاب و عیفاف کە لەلایەن شۆرای نیگەهبانەوە پەسەند کراوە ئێستا ڕادەستی مەجلیس کراوە.
ناوبراو سەبارەت بە چۆنیەتیی جێبەجێکرانی ئەم گەڵاڵەیە وتی کە شۆرای نیگەهبان تەنیا لە بواری وێکچوون لەگەڵ یاسای بنەڕەتی و ڕێوشوێنی شەرعییەوە ئەم گەڵاڵەی پەسەند کردووە و ناچێتە نێو بواری کارناسییەوە.
ئەم گەڵاڵە سەپێندراوەی ڕێژیم پاش بزووتنەوەی ژینا لەلایەن هێزی بەناو دادوەریی ڕێژیمەوە ئامادە و لە دەوڵەتی ئیبراهیم ڕەئیسیدا پەسەند کرا و ڕادەستی مەجلیس کرا کە هەندێک لە وردەکارییەکانی پرسگەلێکی وەک هەڵاواردنی ڕەگەزی لە زانکۆکان، ئیدارەکان، پارکەکان، بەشی دەرمانی نەخۆشخانەکان و ... لەخۆ دەگرێت.
ئەم گەڵاڵەیە لە ڕەوتێکی نادڵخواز و بە کەڵکوەرگرتن لە ئەسڵی ٨٥ی یاسای بنەڕەتیی ڕێژیم و بە کەڵکوەرگرتن لە "دۆخی هەرە پێویست" بە بێ گەنگەشە و دەنگدان لە مەجلسدا بۆ پشتڕاستکردنەوەی کۆتایی، ڕەوانەی شۆرای نیگەهبان کراوە و هەر لەم ڕێگەیەوە پەسەند کرا.
بەپێی ئەم گەڵاڵەیە، ئەو ژنانەی کە لە حیجابی زۆرەملێی دڵخوازی ڕێژیم لابدەن لەگەڵ سزای نەختی و سزای دیکە بەرەوڕوو دەبنەوە.
پەسەندکردنی گەڵاڵە جۆراوجۆرەکان بە مەبەستی سەپاندنی حیجابی زۆرەملێ بەسەر کۆمەڵگەدا لەلایەک و زۆربوونەوەی ئەو ژنانەی کە پۆششی دڵخوازیان لە ئاستی شارەکانی ئێراندا هەیە لەلایەکی ترەوە، کۆماری ئیسلامیی تووشی کێشەیەکی جیددی کردووە و ناوەندە سەرکوتکەرەکانیش بە مەبەستی بەرەوپێشبردنی ئامانجەکانی ڕێژیم شەقامەکانیان کردووەتە سنگەر دژی ژنان.
کۆمیتەی دۆزینەوەی ڕاستییەکانی ڕێکخراوی نەتەوە یەەکگرتووەکان بە بۆنەی دووهەمین ساڵوەگەڕی بزوووتنەوەی ژینا هۆشداری داوە کە ڕێژیمی ئێران، هەوڵەکانی خۆی بە مەبەستی سەرکوتی مافە بنەڕيتییەکانی ژنان و کچان، زۆرتر کردووەتەوە.