یۆئاڤ گاڵانت وەزیری بەرگریی ئیسرائیل، لە پەیوەندییەکی تلفۆنیدا لۆید ئاستین وەزیری بەرگریی ئەمریکای لە پێشکەوتنی هێرشە "ئامانجدار و وردەکانی" هێزەکانی بەرگریی ئیسرائیل لە لوبنان ئاگادار کردەوە.
ناوبراو ڕوونی کردەوە، ئەو هێرشانە بووەتە هۆی ناسینەوە و لەنێوبردنی ژێرخانی هێرشی حیزبوڵڵا لە ناوچە سنوورییەکان، کە لەنێوبردنی تونێلەکانی هێزەکانی ڕەزوان و ناوەندەکانی فەرماندەیی و کۆنتڕۆڵ لەخۆ دەگرێت.
گاڵانت جەختی لەوە کردەوە کە ئەم بنکانە لە باشووری لوبنان وەک خاڵی دەسپێکی هێرشەکانی هاوشێوەی هێرشی ٧ی ئۆکتۆبر بۆ سەر ناوچەکانی باکووری ئیسرائیل داڕێژراون و ئیسرائیلیش ئەو جۆرە هێرشانە قبوڵ ناکات.
وەزیری بەرگریی ئیسرائیل هەروەها ئاماژەی بە هێرشەکان بۆ سەر کۆگاکانی چەک و ناوەندەکانی زانیاری حیزبوڵڵا لە بەیرووت کرد و ئاماژەی بەوەش کرد، ئەو هێرشانە بە ئامانجی کەمکردنەوەی هێزی هێرشی حیزبوڵڵا و ڕێگریکردن لە هێرشی مووشەک بۆ سەر ناوچە مەدەنییەکانی ئیسرائیل ئەنجام دەدرێن.
ناوبراو جەختی لە پابەندبوونی ئیسرائیل بۆ کەمکردنەوەی زیانە مەدەنییەکانی لوبنان و هێزەکانی یووئێن کردەوە، هاوکات باسی هاوکاریی بەرگریی نێوان ئیسرائیل و ئەمریکای لە بەرامبەر هەڕەشەکانی کۆماری ئیسلامی و گرووپەکانی لە یەمەن، سووریە و عێراق کرد.
لۆید ئاستین وەزیری بەرگریی ئەمەریکا پێش ئەو پێوەندییە وێڕای ڕەخنەگرتن لە ئاماری زۆری قوربانیان، داوای کەمکردنەوەی هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر بەیرووت و ناوچەکانی دەوروبەری کردبوو.