کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پارێزگای کرماشان هەشتەمین پارێزگای پیری ئێران

20:32 - 11 رەزبەر 2724

پارێزگای کرماشان بە ١٢.١٥ لەسەد حەشیمەتی پیرەوە، هەشتەمین پارێزگای پیری ئێرانە.

بێهزاد شابازی، بەرپرسی بێهزیستیی کرماشان بە بۆنەی ڕۆژی جیهانیی بەساڵاچووان لە وتووێژ لەگەڵ هەواڵدەریی ئیسنای ڕێژیم ڕایگەیاند کە پارێزگای کرماشان پلەی ٨ی بەساڵاچووانی لە ئێراندا هەیە.

بە وتەی ئەم بەرپرسەی ڕێژیم و بە پشتبەستن بە ئاماری ساڵی ڕابردوو، ٢٤٦ هەزار کەس لە حەشیمەتی کرماشان تەمەنیان سەرووی ٦٥ ساڵە و وەک بەساڵاچوو بەئەژمار دێن کە لەم ڕێژەیە ١٣٠ هەزار کەسیان ژن و ١١٦ هەزار کەسیان پیاون.

بەرپرسی گشتیی بێهزیستیی ئەم پارێزگایە ڕایگەیاندووە کە لە نێوان شارەکانی پارێزگای کرماشاندا، داڵاهۆ پیرترین و سەلاسی باوەجانی جەوانترین شارە.

بەپێی ڕاگەیاندنی ڕێکخراوی بێهداشتی جیهانی، هەر کۆمەڵگەیەک کە زیاتر ١٢ لەسەد لە حەشیمەتەکەی تەمەنیان سەرووی ٦٥ ساڵ بێت، کۆمەڵگەی پیر دێنە ئەژمار ئەمە لەحاڵێکدایە کە ١٢.١٥ لەسەدی حەشیمەتی کرماشان لە کەسانی سەروو ٦٥ ساڵ پێک دێت بەم جۆرە کرماشان پیرترین پارێزگای ئێرانە.

سەرەڕای هەڵاوسان و گرانیی لەڕادەبەدەر لە ئێران و بە هۆی "نیگەرانی لە دابینکردنی داهاتووی منداڵان" حەزی بنەماڵەکان بۆ وەچەخستنەوە کەمی کردووە کە ئەمە جگە لە پیربوونی حەشیمەت لە داهاتوویەکی نزیکدا، کەمبوونەوەی لەڕادەبەدەری هێزی لاو و کار و زۆر شتی دیکەی بەدواوە دەبێ.

ئەمە لەکاتێکدایە کە ڕێژیم بە جەختکردنەوە لەسەر سیاسەتی بەرزکردنەوەی ڕێژەی حەشیمەت لە ڕێگەی گەڵاڵەی جەوانی حەشیمەتەوە لە هەوڵی بەرزکردنەوەی ڕێژەی حەشیمەت بە پێدانی وادە و بەڵێنی جۆراوجۆرە.