کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هەڕەشەی ئیسرائیل لە ئەنجامدەرانی هێرشی دڕۆنی بۆ سەر ماڵی بێنیامین نێتانیاهوو

12:00 - 29 رەزبەر 2724

بێنیامین نێتانیاهوو سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل لە یەکەمین کاردانەوەی خۆیدا پاش هێرشی دڕۆنی بۆ سەر شوێنی نیشتەجێبوونی لە ناوچەی قەیسەرییەی ئیسرائیل وتی: "میلیشیاکانی سەر بە ئێران بەم هەوڵە بۆ تێرۆرکردنی من، هەڵەیەکی گەورەیان ئەنجام دا".

سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل کە لە کاتی هێرشەکەدا لەو شوێنەدا نەبووە، جەختی لەسەر ئەوە کردووەتەوە کە هەوڵی تێرۆرکردنی نابێتە هۆی دەسهەڵگرتنی ئیسرائیل لە شەڕ بە دژی دوژمنەکانی.

هەر لەم پێوەندییەدا یسرائیل کاتس وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل وێڕای ئەوەی کە کۆماری ئیسلامیی ئێرانی بە بەرپرسیاری هێرشەکە زانی، ڕایگەیاند "حیزبوڵڵای لوبنان سەرەکیترین باڵی کۆماری ئیسلامییە و هەموو هەوڵەکانی ئەم گرووپە لەلایەن ئەوانەوە کۆنتڕۆڵ دەکرێت و سەربەخۆبوونی ئەم گرووپە ڕاست نییە".

لە درێژەی کاردانەوەکان بە هێرش بۆ سەر شوێنی نیشتەجێبوونی سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، میکی زاهار وەزیری کولتووری ئیسرائیل وتی: "هەوڵی کۆماری ئیسلامی بۆ کوشتنی نێتانیاهوو لە ڕێگەی لقە لوبنانییەکەیەوە بەزاندنی هێڵی سوورە".

زاهار زیادی کردووە کە بە هۆی ئەم هێرشەوە ئێران باجێک ئەدات کە لەنێو کتێبەکاندا دەنووسرێت و جەختیشی کردووەتەوە کە کۆتایی ڕێژیمی ئێران لە هەموو کات نزیکترە.

لە بەرامبەردا کۆماری ئیسلامیی ئێران لە ڕێگەی نوێنەری خۆیەوە لە نەتەوە یەکگرتووەکان هەر چەشنە پێوەندییەکی لەگەڵ ئەم هێرشەدا ڕەت کردووەتەوە و زیادیشی کردووە کە ئەم هێرشە لەلایەن حیزبوڵڵای لوبنانەوە ئەنجام دراوە.

ئەرتەشی ئیسرائیل ڕۆژی شەممە ٢٨ی ڕەزبەر ڕایگەیاند، دڕۆنێک کە لە لوبنانەوە ئاراستە کراوە ماڵی بێنیامین نێتانیاهووی لە ناوچەی قەیسەرییەی تێلاڤیڤ کردووەتە ئامانج.

ڕاگەیەندراوەکە زیادی کردووە کە ئەم هێرشە هیچ زیانێکی گیانی نەبووە.