بەپێی ڕاپۆرتی بەرنامەی گەشە و پەرەدانی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان نزیک بە ٥٨٤ میلیۆن کەس لە حەشیمەتی ژێر ١٨ ساڵی جیهان کە دەبێتە ٢٧.٩٪ لە منداڵانی جیهان، لە چارەڕەشیی تەواودا ژیان بەسەر دەبەن.
ڕۆژی پێنجشەممە ٢٦ی ڕەزبەر ڕاپۆرتی بەرنامەی گەشەی نەتەوە یەکگرتووەکان بڵاو کرایەوە کە نیشانی ئەدات زیاتر لە یەک میلیارد کەس لە حەشیمەتی جیهان کە نیوەی زیاتریان منداڵن، لە چارەڕەشیی تەواودا دەژین.
ئەم ڕاپۆرتە کە بە هاوکاریی گەڵاڵەی هەژاری و گەشەی ئینسانیی ئاکسفۆرد بڵاو کراوەتەوە دەریخستووە ڕێژەی هەژاری لە وڵاتانی تێوەگلاو بە شەڕ سێ قات زیاترە، چونکە لە ساڵی ڕابردووی زایینیدا زیاترین شەڕەکان لە جیهاندا لە پاش شەڕی جیهانیی دووهەمەوە ڕووی داوە.
بەرنامەی گەشەی نەتەوە یەکگرتووەکان کە لە ساڵی ٢٠١٠ی زایینییەوە پێنوێنە چەند ڕەهەندییەکانی بۆ هەژاری بڵاو کردووەتەوە، لە پێوەرەکانی وەک نەبوونی خانۆی پێویست، تەندروستی، کارەبا، سووتەمەنی، خۆراک و خوێندن بۆ ئامارەکانی کەڵک وەردەگرێت.
بەرپرسی ئامارەکانی بەرنامەی گەشەی نەتەوە یەکگرتووەکان لەم پێوەندییەدا ڕایگەیاندووە "پێنوێنە چەند ڕەهەندییەکانی ساڵی ٢٠٢٤ ئامارێکی مەترسیداریان وێنا کردووە و بەم پێیە ١.١ میلیارد کەس لە هەژاریی چەند ڕەهەندیدا ژیان بەسەر دەبن کە ٤٥٥ میلیۆن کەسیان لە ژێر سێبەری شەڕدان".
بەڕێوبەرێکی بەرنامەی گەشەی نەتەوە یەکگرتووەکان لەم پێوەندییەدا بە هەواڵدەریی فەرانسەی ڕاگەیاندووە کە شەڕ و گرژییەکانی جیهان هەوڵەکانی بۆ کەمکردنەوەی هەژاری ئاڵۆز کردووە.