کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لە ماوەی شەش مانگدا دەست بەسەر ١١هەزار ماشیندا گیراوە

23:12 - 29 رەزبەر 2724

فیرووز کەشیر جێگری پۆلیسی هاتوچۆی تاران ڕایگەیاندووە لە شەش مانگی یەکەمی ساڵی ١٤٠٣دا، ١٠ هەزار و ٩٣٨ ماشین بە شێوەی کاتژمێری لەسەر ڕێگا سەرەکییەکانی تاران دەستیان بەسەردا گیراوە. ناوبراو وتی ئەو کەسانەی کە بەم شێوەیە دەست بەسەر ماشینەکانیاندا گیراوە، بە دڵنیاییەوە بە هۆی ڕووداوی هاتوچۆ نەبووە.

ئەو ماشینانەی کە دەستیان بەسەردا گیراوە بە زۆری بە هۆی پابەندنەبوونیان بە حیجابی ئیجباری لەلایەن شۆفێر یان سەرنشینەکانەوە بووە.

لەم پڕۆسەیەدا سەرەتا کورتەنامەیەک بۆ خاوەن ئۆتۆمبێلەکان دەنێردرێت کە لە کاتی لێخوڕینی ماشین لەسەر شەقامەکان و لە شوێنی گشتیدا حیجابی زۆرەملێیان ڕەچاو نەکردووە یان ئەو جلوبەرگەیان لەبەر نەکردووە کە پۆلیسی ئاسایش و ئەخلاق چاوەڕوانی دەکات.

هەروەها ئەو کەسانەی بۆ جاری دووهەم و سێهەم ئەو کورتەنامەیان وەرگرتووە، سزای نەختی دەدرێن و نمرەی نەرێنی دەخرێتە سەر کارتی مۆڵەتی هاتوچۆیان و دەست بەسەر ماشینەکەیاندا دەگیرێت.

هەر لەم پێوەندیەدا هەندێک لە هاووڵاتییان ڕایانگەیاندووە کە، بە ناچاری چوونەتە لای پۆلیسی ئاسایش و ئەخلاقی ڕێژیم و واژۆ و پەنجەمۆری بەڵێننامەیەکیان کردووە، کە ئەگەر جارێکی دیکە لەلایەن پۆلیسەوە هۆشداریان پێ بدرێ ئەوە دەست بەسەر ماشینەکەیاندا دەگیرێت.

جگە لە دەستداگرتن بەسەر ماشینەکان و سزادانیان، هاووڵاتییان بەهۆی ڕەچاونەکردنی حیجابی ئیجباری لەناو ماشینەکانیاندا ڕووبەڕووی هەڵسوکەوتی توندوتیژانە دەبنەوە.

بۆ نموونە یەکێک لەو حاڵەتانەی توندوتیژی کە تەنانەت لە میدیاکانی دەرەوەشدا دەنگی دایەوە، تەقەکردنی پۆلیس لە ماشینی هاوڵاتییەک بە ناوی "ئارەزوو بەدری" لە پەیوەندی لەگەڵ پرسی حیجابی زۆرەملێ بوو، کە بڕبڕەی پشتی ئەم هاووڵاتییە بە سەختی بریندار ببوو.