کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بێڕێزیی پەروەردە و بارهێنانی ڕێژیم بە بنەماڵە هەژارەکان

23:17 - 29 رەزبەر 2724

ڕۆژنامەی ئیعتماد لە ڕاپۆرتێکدا ئاماژەی بە ناچارکردنی دایک و باوکی قوتابییان لەلایەن بەرپرسانی هەندێک لە قوتابخانەکان لە سەرتاسەری ئێراندا کردووە کە لە جیاتی پێدانی پارە بۆ وەرگرتنی منداڵەکانیان، پاکوخاوێنیی قوتابخانەکە بکەن.

لەم ڕاپۆرتەدا هاتووە کە یەکێک لە قوتابخانەکانی تاران، لە هەوڵێکی بە دوور لە ئەخلاقدا لیستەیەک لە بنەماڵە کەمدەستەکانی ئامادە کردووە و لە جیاتی وەرگرتنی پارە، ناچاری کردوون کە پاکوخاوێنیی قوتابخانەکە بکەن.

هەروەها لە قوتابخانەیەکی دەوڵەتی لە شاری قودسدا، بەرپرسانی قوتابخانەکە دایکی یەکێک لە منداڵە کەمدەستەکانی ناچار کردووە کە هەموو پۆلەکان خاوێن بکاتەوە.

هەر لەم پێوەندییەدا، لە قوتابخانەی کجانەی باهونەردا لە ساری تایباد سەر بە پارێزگای خوراسانی ڕەزەوی، هەڕەشەیان لە باوکی یەکێک لە قوتابییەکان کردووە کە لە ئەگەری نەدانی تێچووی خوێندنی کچەکەی، منداڵەکەی لە خوێندن دەردەکەن.

ڕێژەیەکی زۆر لە قوتابییان پاش ئەم هەوڵەی بەرپرسانی قوتابخانەکان، کەوتوونەتە ژێر گوشاری دەروونییەوە و ژمارەیەکیشیان وازیان لە خوێندن هێناوە.

ئەمە لەکاتێکدایە کە مافی خوێندن لە مادە بنەڕەتییەکانی منداڵانە و بەپێی بڕگەی ٣٠ی یاسای بنەڕەتیی ڕێژیمیش، دەوڵەت ئەرکدارە کە هەموو پێداویستییەکانی پەروەردە و بارهێنان بە خۆڕایی بۆ قوتابییان هەتا قۆناغی دواناوەندی، دابین بکات.