کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هێرشی بەربڵاوی ئیسرائیل بۆ سەر بنکە داراییەکانی حیزبوڵڵا لە لوبنان

10:52 - 30 رەزبەر 2724

فڕۆکە شەڕکەرەکانی ئیسرائیل لە هێرشێکی بەربڵاودا، چەندین لقی دامەزراوەی ماڵیی "ئەلقەرزولحەسەن"یان لە لوبنان کردە ئامانج.


بەپێی هەواڵی چەند سەرچاوەی عەرەبی و ڕاگەیەندراوی ئەرتەشی ئیسرائیل، شەوی ڕابردوو ڕێکەوتی ٢٩ی ڕەزبەر، ئەرتەشی ئیسرائیل لانیکەم ١٦ جار لقەکانی ئەم دامەزراوەی لە شارەکانی سووڕ، مەشغەرە، نەبتییە، عەقیبە و چەند شوێن لە ناوچەی زاحییە و هەروەها لە نزیک فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی بەیرووتی کردووەتە ئامانج.


ئەرتەشی ئیسرائیل پێش دەسپێکی ئەم هێرشانە لە بەیاننامەیەکدا باسی لە ئامانجی خۆی بۆ لەنێوبردنی بنکە داراییەکانی حیزبوڵڵا لە لوبنان کردبوو.


هەر لەم پێوەندییەدا بەرپرسێکی باڵای هەواڵگریی ئیسرائیل بە هەواڵنێرانی ڕاگەیاندووە "دۆخی ماڵیی حیزبوڵڵا تا یەک مانگ لەمەوبەر سەقامگیر بوو چونکە بەردەوام و لە سەر کاتی خۆیدا لەلایەن کۆماری ئیسلامییەوە بودجەی بۆ هاتووە، بەڵام لە چەند حەفتەی رابردوودا ئاڵوگۆڕێک لە سەر ئەم ڕەوتە پێک هاتووە و چیتر حیزبوڵڵا ناتوانێت بەو ئاسانییە بوودجە وەربگرێت".


ئەم بەرپرسە ئیسرائیلییە ڕایگەیاندووە کە هەر مانگ ٥٠ میلیۆن دۆلار پارە لەلایەن ئێرانەوە دەگاتە دەستی حیزبوڵڵا و زیادیشی کردووە کە ئەم پارە سەرەتا دەچێتە سووریە و پاشان بەپێی ڕێککەوتنێک لە سووریەوە دەگاتە دەستی حیزبوڵڵای لوبنان.

ناوبراو جەختی کردووەتەوە کە بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی لە سەردانە دیپلۆپماتیکەکانیان بۆ بەیرووت، چەمەدانە پڕ لە دۆلارەکانی ئێران ڕادەستی حیزبوڵڵا دەکەن.


لە یەک مانگی ڕابردوودا وەزیری دەرەوە و سەرۆکی مەجلیسی کۆماری ئیسلامی هەر یەک بە جیا سەردانی بەیرووتیان کردووە.