کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

وڵاتانی کەنداو پشتیوانیی خۆیان لە هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران دەربڕیوە

11:19 - 30 رەزبەر 2724

کاناڵی ئەلحوڕڕەی سەر بە دەوڵەتی ئامریکا، بە ئاماژە بە سەرچاوەیەک لە ئیسرائیلەوە ڕاپۆرتێکی بڵاو کردووەتەوە کە وڵاتانی کەنداو لە دووتوێی پەیامێکدا پشتیوانیی خۆیان بۆ هێرشی ئیسرائیل بۆسەر ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران دووپات کردووەتەوە.

کاناڵی ئەلحوڕڕە بڵاوی کردووەتەوە، بەپێی ئەو سەرچاوەیە، ئیسرائیل پەیوەندی و داواکاریی وڵاتانی کەنداوی پێگەیشتووە کە ئیسرائیل پێش هێرشەکەی ئاگاداریان بکاتەوە هەتا بتوانن لە ئەگەری هێرشی تۆڵەئەستێنانە لەلایەن ڕێژیمی ئیسلامییەوە ئامادەکاریی پێویست بکەن.

بەپیی ئەو ڕاپۆرتە، لەژێر چاوەدێریی فەرماندەیی ناوەندیی ئامریکا سێنتکام، پەیوەندییەکی چڕوپڕ لە نێوان هێزە نیزامییەکانی وڵاتانی ناوچە دروست بووە و ئەو وڵاتانە پشتیوانیی خۆیان لە هێرشی ئیسرائیل بۆسەر سووریە و لوبنان بەتایبەت بەئامانجگرتنی ''محەممەدڕەزا زاهیدی'' لە فەرماندە پێشووەکانی سووریە و ''حەسەن نەسروڵڵا''ی ڕێبەری پێشینی حیزبوڵڵای لوبنان، دەربڕیوە و سپاسی ئیسرائیلیان کردووە.

هەروەها باس لەوە دەکرێت وڵاتانی ناوچەی کەنداو لەژێر چاوەدێریی سێنتکامدا، خەریکی هاوکارین بۆ دروستکردنی ستراتیژییەکی هاوبەش بۆ ڕووبەڕووبوونە لەگەڵ هەڕەشەکانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران، کە ئەو هاوکارییە بریتییە لە: سەقامگیرکردنی ڕادارەکان و دەزگا چاوەدێرییەکان لە سەرانسەری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و کەڵکوەرگرتن لە هەرێمی ئاسمانیی وڵاتانی ناوچەکە.

هەر لەو پەیوەندییەدا هەواڵدەریی تەسنیم سەر بە سپای تێرۆریستیی پاسداران بڵاوی کردووەتەوە، وڵامی ئێران بۆ هێرشی ئیسرائیل لە بەراورد و ئەگەر زیاترە.

هەروەها هەواڵدەریی تەسنیم بە پشتبەستن بە سەرچاوەیەکی نیزامی نووسیویەتی؛ لە ئەگەری هێرشی ئیسرائیل و بەئامنجگرتنی ناوەندە نیزامییەکانی ئێران، ئەوە وڵامی کۆماری ئیسلامیی ئێران لێبڕاوانە و سەرووترە لە بەراورد و چاوەڕوانی.

ئەو هەواڵدەرییە باسی لەوە کردووە؛ ئێران هیچ دەروەست نییە بەوەی هەوڵەکانی خۆی لە بواری بەربڵاوی و جۆراوجۆرییەوە وەکوو ڕابردوو بیت.