کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

نیوەچڵ مانەوەی پرۆژەی ڕێگای ئاسنی کرماشان بە هۆی کەمبوونی بوودجە

12:25 - 30 رەزبەر 2724

گەورەپرۆژەی ڕێگای ئاسنی کرماشان بۆ خوسرەوی بە هۆی کەمتەرخەمی و تەرخاننەکردنی بوودجەی پێویست هەروا بە نیوەچڵی ماوەتەوە.

ڕێگای ئاسنی کرماشان بۆ خوسرەوی، یەکێک لە پرۆژە گرینگ و کاریگەرەکانی پارێزگاکەیە کە لە ساڵانی دواییدا بە هۆی کەمیی بوودجە، نیوەچڵ ماوەتەوە و جیا لەوەش دەسبەکاربوونی زووتر لە کاتی دیاریکراوی ڕێگای ئاسنی کرماشانیش بووەتە هۆی ئەوە کە خێرایی شەمەندەفەر لەم ڕێگایە سنووردار بکرێتەوە.

بەرپرسانی ڕێژیم لە سەفەرەکانی خۆیاندا بۆ کرماشان لەم پرۆژەیە وەکوو یەکێک لە پرۆژە گرینگەکان ناو دەبەن، بەڵام لە کردەوەدا هێچ هەوڵێک بە مەبەستی تەرخانکردنی بوودجە بۆ کۆتاییهێنان بەم پرۆژەیە نادەن.

 

فەزلوڵڵا ڕەنجبەر، نوێنەری مەجلیسی ڕێژیم لە کرماشانیش لەمبارەوە وتی کە کرماشان بە مەبەستی چارەسەرکردنی کێشەکان و دواکەوتوویی خۆی، پێویستی بە هەوڵی جیددیی بەرپرسانی پارێزگاکە و ئێرانە.

 

ناوبراو ڕایگەیاندوو کە بەداخەوە پرۆژەی ڕێگای ئاسنی کرماشان بە هۆی کێشەی تەکنیکی  لە بواری خێراییەوە لە ڕێگای کرماشان بۆ فیرووزان لەگەڵ سنووردارکردن

بەرەوڕوویە کە خێرایی شەمەندەفەرەکان هەتا ٦٠ کیلۆمتر کەم دەکاتەوە.

هەر لەم پێوەندییەدا، ماوەیەک پێش نادر نوورایی، بەرپرسی ڕێکخراوی مودیرییەت و بەرنامەداڕشتنی پارێزگای کرماشان باسی لە تەرخانکردنی بوودجەی ٢٠٠ میلیۆن دۆلاری لە سندووقی گەشەی نەتەوەیی بۆ کۆتاییهێنان بە ڕێگای ئاسنی کرماشان بە خوسرەوی کردووە، بەڵام تاکوو ئێستا هەنگاوێکی ئەرێنیی لەمبارەوە هەڵنەگرتووە.

زیاتر لە ٥٠ لەسەد لە هەناردەکردنی ئێران بۆ هەرێمی کوردستان و عێراق لە ڕێگەی دوو دەروازەی سنووریی خوسرەوی  و پەرویزخانی کرماشانەوە ڕوو دەدات و کۆتاییهاتنی پرۆژەی ڕێگای ئاسنی کرماشان بۆ خوسرەوی ئەتوانێ گەشەیەکی زۆری بۆ ئەم ناوچەیە بەدواوە بێ.

لەلایەکی ترەوە، گەورەترین کێشەی پارێزگای کرماشان کێشەی بێکارییە و کۆتاییهاتنی ئەم پرۆژەیە دەتوانێ خزمەتێکی زۆر بە پرسی کار و بونیاتنانی پرۆژەی پیشەیی دیکە لە کرماشان و کەمکردنەوەی نرخی بێکاری بکات.