کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

قەرزەکانی دەوڵەت بە بانکەکان لە سێ ساڵدا دوو قات بووەتەوە

12:27 - 30 رەزبەر 2724

داتا نوێیەکانی بانکی ناوەندیی ئێران دەریخستووە کە قەرزەکانی دەوڵەت بە سیستەمی بانکی لە دەوڵەتی ئیبراهیم ڕەئیسیدا هەڵبەزینێکی ١٤٨ لەسەدیی بە خۆیەوە بینیوە.

بەپێی دوایین ڕاپۆرتی بانکی ناوەندیی ئێران، لە دەوڵەتی ئیبراهیم ڕەئیسیدا ڕێژەی نەختینەیی بە بەراورد لەگەڵ سەرەتای دەسبەکاربوونی دەوڵەتەکەی، دوو ئەوەندە بووەتەوە و لە ٩ هەزار تریلیۆن تمەن تێپەڕیوە.
سەرەتای دەسپێکی دەوڵەتی ڕەئیسی ڕێژەی نەختینەیی ٤ هەزار تریلیۆن تمەن بوو.

لەم ڕاپۆرتەدا خراوەتە ڕوو کە قەرزەکانی دەوڵەت بە سیستەمی بانکی لە ئێستادا گەیشتووەتە یەک هەزار و ٦٥٤ تریلیۆن تمەن.

بەپێی ئەم ڕاپۆرتە ١٥ لەسەدی ئەم وامانە پشکی شیرکەتە دەوڵەتییەکانە و ٨٥ لەسەدیش پشکی ڕاستەوخۆی دەوڵەت بووە.

زیادبوونی قەرزەکانی دەوڵەت بە سیستەمی بانکی لەکاتێكدایە کە ئیبراهیم ڕەئیسی سەرۆککۆماری پێشوو لەکاتی دەسپێکی کاری دەوڵەتەکەی ڕایگەیاندبوو کە بە ڕاگرتنی وامە دەوڵەتییەکان، ڕێژەی هەڵاوسان کەم بکاتەوە.

لەم ساڵانەدا و بەتایبەتی لە یەک دەیەی ڕابردوودا دەوڵەتەکان بۆ قەرەبووکردنەوەی بوودجەی ساڵانەی خۆیان بە شێوەی هەوسارپچڕاوانە دەستیان بە وامگرتن لە بانکەکان کردووە و بانکی ناوەندییان ناچار بە چاپی پارەی بێ پشتیوان کردووە.
ئەم وامانە تەنیا بەشێکە لە قەرزەکانی دەوڵەت و قەرزە گەورەکان بە شیرکەتە تایبەتییەکان بەشێکی دیکە لە کێشەکانی دەوڵەتە کە لەم ڕاپۆرتەدا ئاماژەی پێ نەکراوە.