کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بنەماڵەی بەندکراوانی سیاسیی عەرەب لە بەردەم بەندیخانەی سپیداری ئەهواز کۆ بوونەوە

12:34 - 30 رەزبەر 2724

ماڵپەری ئەلعەرەبییەی فارسی، لە دووتوێی ڕاپۆرتێکدا بڵاوی کردەوە؛ چوار بەندکراوی سیاسیی عەرەب بە ناوەکانی عەلی موجەدێم، موعین خەنفەری، عەدنان غەبیشاوی و محەممەد ڕەزا موقەددەم سزادراو بە لەسێدارە بەمەبەستی جێبەجێکردنی سزاکەیان لە بەندیخانەی شەیبانەوە بۆ بەندیخانەی سپیدار ڕاگوێزراون.

هەر لەو پەیوەندییەدا بنەماڵەی ئەو چوار بەندکراوە بۆ ماوەی چەند ڕۆژ بەشێوەی بەردەوام لە بەردەم بەندیخانەی سپیداردا کۆبوونەوەی ناڕەزایەتییان بەڕێوە بردووە.

بەپێی ڕاپۆرتی ماڵپەڕی ئەلعەرەبییە، بنەماڵەی ئەو زیندانییانە لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا، لە دوایین چاوپێکەوتنی پێش جێبەجێکرانی سزای منداڵەکانیان، بێبەش کراون و ئەو کارەش بووەتە هۆی نیگەرانیی بنەماڵەی ئەو زیندانییانە.  

هەر لەو پەیوەندییەدا ڕێکخراوی مافی مرۆڤی ''کاروون'' لە ڕاپۆرتی خۆیدا باسی لەوە کردبوو؛ کە گاردی پاراستنی بەندیخانەی ناوەندیی ئەهواز ''شیبان''، ئەو چوار بەندکراوەی بەمەبەستنی جێبەجێکردنی سزاکەیان ڕەوانەی بەندیخانەی سپیدار کردووە.

شایانی باسە دادگای ئینقلابی ڕێژیم لە ئەهواز، هەرکام لەو چوار زیندانییە؛ ''عەلی موجەدێم''، ''موعین خەنفەری''، ''عەدنان غەبیشاوی'' و ''محەممەد ڕەزا موقەددەم''ی هاوکات لەگەڵ دوو بەندکراوی دیکە بە ناوەکانی ''حەبیب دەریس'' و ''سالم مووسەوی'' بە تۆمەتی کوشتنی دوو ئەندامی هێزە سەرکوتگەرەکانی بەسیج لە ئابادان، سزای لەسێدارەدانی بەسەریاندا سەپاندووە.

ئەوە لە کاتێکدایە لە ماوەی ڕابردوودا ڕێکخراوی لێوردنی نێونەتەوەیی ئاڵمان کە ڕێکخراوەیەکی مافی مرۆییە، ئاماژەی بەوە کردبوو؛ دۆخی سالم مووسەوی و حەبیب دەریس کە دۆسییەی هاوبەشیان لەگەڵ ئەم چوار بەندکراوە هەیە ناڕوونە..

پێشتریش ڕێکخراوی "ئەتڵەسی بەندیخانەکانی ئێران" پێشتر لە ڕاپۆرتێکدا ڕایگەیاندبوو کە ئەم بەندکراوانە لەلایەن هێزە ئیتلاعاتی و ئەمنییەتییەکانی ڕێژیمەوە بە توندی ئەشکەنجە دراون و لە بەناو دادگاکانی ئەم ڕێژیمەدا لە ڕەوتی دادڕەسییەکی نادادپەروەرانەدا بە لەسێدارەدان سزا دراون..