کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

مستەفا مەولوودی: زۆر پرس لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا هەن کە دەبێ چارەسەر بکرێن، یەک لەوان مافی نەتەوایەتیی گەلە بندەستەکانە

14:19 - 30 رەزبەر 2724

مستەفا مەولوودی:

 زۆر پرس لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا هەن کە دەبێ چارەسەر بکرێن، یەک لەوان مافی نەتەوایەتیی گەلە بندەستەکانە

 

دیمانە: سابیر فەتاحی

ئاماژە: ڕێبەریی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران ڕۆژی دووشەممە، ١٦ی ڕەزبەر بە مەبەستی تاوتوێ و هەڵسەنگاندنی ڕەوشی سیاسیی ئێران و ناوچە و، هەروەها کاریگەریی ئەم دۆخە لەسەر خەبات و تێکۆشانی گەلانی ئێران و بزووتنەوەی سیاسیی کوردستان کۆبوونەوەیەکی پێک‌هێنا.

"کورد کاناڵ" لە دیمانەیەکی تایبەتدا بە بەشداریی کاک مستەفا مەولوودی، بەرپرسی ناوەندی ئیداریی حیزب تیشکی خستبووە سەر باس و لێکدانەوەکانی ئەم کۆبوونەوەیە و ئاکام و دەرەنجامەکانی. "کوردستان" ئەم دیمانەیەی بۆ خوێنەرانی گواستۆتەوە.

کاک مستەفا تکایە لە سەرەتای باسەکەماندا ئەگەر دەکرێ تیشک بخەنە سەر خاڵە گرینگەکانی تازەترین کۆبوونەوەی ڕێبەریی حیزبی دێموکرات کە لەو ماوەیەدا گیرا.

بەپێی ڕێوشوێنی تایبەت ڕێبەریی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران ماوە بە ماوە کۆبوونەوەی خۆی دەگرێ و لەو کۆبوونەوانەدا پرسە سیاسییە ڕۆژەڤ و بابەتە تەشکیلاتییەکان تاوتوێ دەکات. باسی سەرەکیی تازەترین کۆبوونەوەی ڕێبەریی حیزبی دێموکرات تاوتوێی شەڕی حەماس و حیزبۆڵڵا لەگەڵ ئیسڕائیل و ڕۆڵ و و کاریگەرییەکانی حکوومەتی ئێران لەو شەڕەدا بوو. کۆبوونەوەکەش بە هەڵکەوت هاوکات بوو لەگەڵ ساڵڕۆژی هێرشی حەماس بۆ سەر ئیسڕائیل لە ٧ی ئۆکتۆبری ساڵی ڕابردوودا.

خوێندنەوەی ڕێبەریی حیزب لەو دۆخە چ بوو؟

ڕێبەریی حیزب لەسەر ئەو باوەڕەیە ئەم شەڕە کە ئێران لەپێناو بەرژەوەندییەکانی خۆیدا هەڵیگیرساند و چاوەڕوانیی ئەو بەرینبوونەوەیەی نەدەکرد، بە زیانی خەڵکی فەلەستین، بە زیانی خەڵکی لوبنانە و هێزە سیاسییەکانی ئەو وڵاتانە نەک قازانجیان تێدا نەکردوە بەڵکوو زۆر زەرەرمەند بوون. هەروەها لەوانەیە دەوڵەتی ئیسڕائیلیش نەتوانێ بەو ئامانجانە بگات کە لەو شەڕەدا بۆخۆی دیاریی کردوە کە دیارە ئەوە پێوەندیی بە خۆیانەوە هەیە.  ئێمە پێمان وایە ئەم شەڕە لە ڕاستیدا ئەگەر لەسەر پاشخانی کێشەی ڕابروودی نێوان ئیسڕائیل و فەلەستینییەکان یا عەڕەب و ئیسڕائیلیش بووبێت، بێ لەو لایەنانە وەکوو حەماس لە غەززە و حیزبۆڵڵا لە لوبنان لە ڕاستیدا دنەدان و دەستێوەردانەکانی ئێران ئەم شەڕەی چەندقات مەترسیدارتر کردوە. ڕێبەریی حیزبی دێموکرات پێی‌وایە ئەو دەستێوەردانە ئەمنییەتی گیانیی خەڵکی ناوچەکەی زۆرتر خستووەتە مەترسییەوە کە ئاسەوارەکەی لەو یەک ساڵەدا دەبینین و لە ڕاستیدا دوورە دیمەنی سۆڵح و ئاشتیشی زۆر دوورەدەست کردوە. هەر لەو پێوەندییەدا پێویستە تیشک بخەینە سەر ئەوەی خەڵکی ئێرانیش بەبێ ئەوەی ئیرادەی ئەوانی تێدا بێت، تێچوویەکی زۆر بۆ ئەو شەڕە دەدەن لە حاڵێکدا ئەوە شەڕی خەڵکی ئێران و لەسەر بەرژەوەندییەکانی ئەوان نییە.

چۆن باس لە تێچووکانی ئەو شەڕە بۆ خەڵک و وڵاتی ئێران دەکەن؟

جارێ لە پێشدا تێچووی ماددیی شەڕەکە زۆرە و ئێعتباری سیاسیی خەڵکی ئێران و وڵاتی ئێرانیش لەو شەڕەدا زۆر زەرەرمەند بووە. ئێستا ئەگەر دابنێین وڵاتی ئێران بەپێی ئەو هەڵکەوتە ژئۆپۆلیتیکەی هەیەتی دەبێ لە ناوچەکەدا ڕۆڵی مۆسبەتی هەبێ بۆ باسە ئەمنییەتی، ئابووری و پێوەندیی دەوڵەتی و نێودەوڵەتی. بەڵام پێچەوانە کۆماری ئیسلامی خۆی هۆکاری سەرەکیی شەڕ و ناسەقامگیرییەکان لە ناوچەکەدا بووە کە ئەمە زەرەر و زیانەکەی بۆ ئێران زۆر قوورس دەبێت. واتە سیاسەتی شەڕئەنگێزی و قەیرانخوڵقێنیی کۆماری ئیسلامی هەم ناوچەکەی تووشی شەڕێکی قوورس و درێژخایەن کردوە، هەم لەو سۆنگەیەوە پەرەی بە قەیرانە ئابووری، سیاسی و کۆمەڵایەتییەکان لە نێوخۆی وڵات داوە و ئەمەش تێچووەکەی خەڵکی ئێران دەیدەن.

دوای ساڵێک لەو شەڕە ئێستا ئیدی باس لە شەڕی ڕاستەوخۆی نێوان ئیسڕائیل و ئێران دەکرێ. لە ئەگەری ئەم شەڕە ڕاستەوخۆیەدا ناوچە بەرەو چ ئاقارێک دەڕوات؟ ئایا هەر لەنێوان ئەم دوو وڵاتەدا قەتیس دەمێنێتەوە یان ئەگەری پەلهاویشتنی دیکەش هەیە؟

جارێ پێش هەموو شتێک و بەرلە دروستبوونی ئەم شەڕەش، شەڕەکە زەمینەی پێشتری هەبوو. یانی بڵێی یەک ڕۆژە حەماس لە غەزە و یەکجێ بڕیاری دا بێت هێرش بکاتە سەر ئیسڕائیل و کارەساتی ٧ی ئۆکتۆبر بخوڵقێنێت کە ئەوکات لەڕاستیدا دنیای هەژاند و ئێستاش ئاسەوارەکەی دیارە. سروشتییە کە ڕەوتی مێژووی ناکۆکییەکان پێشتر زەمینەی بۆ ڕەخساندبوو، دەرەتان و ئیمکاناتی بۆ دەستەبەر کرابوو، پلان و بەرنامەی بۆ داڕێژرابوو و گرینگتر لە هەموو ئەوانەش کۆماری ئیسلامیی ئێران لە هەموو ئەم پلان و پێشهاتەدا دەور و نەخشی سەرەکیی بووە. کۆماری ئیسلامی بۆ ئەوەی دەسەڵات و هەژمۆنیی خۆی زیاتر پەرە پێ‌بدات و بۆ ئەوەی کێشەی نێوان ئیسڕائیل و فەلەستینییەکان زۆرتر کاتەوە، هاتووە میلیشیا و هێزە نیابەتییەکانی کە بۆ ئەو ڕۆژە پڕچەک و ئامادەی کردوون، لە غەززە، لوبنان، یەمەن، سووریە و وڵاتانی دیکەی ناوچەکە لە شەڕەکە دەگلێنێ. کەواتە بوار و بەستێنی دروستبونی ئەم شەڕە و تێوەردانی لایەنێکی زۆرتر لەلایەن ئێرانەوە پێش ئەو یەک‌ساڵەش دروست بووە، بەڵام ئەم یەک‌ساڵە ئاسەوار و دەرکەوتنەکەی پتر بەرچاو دەکەوێ. ئێستا دەبینین فەلەستینییەکان یا خەڵکی باشووری لوبنان کە زیاتر لەژێر دەسەڵاتی حیزبۆڵڵادا بوو، ڕاستەخۆ بوونەتە ئامانجی ئەو شەڕە و لەو پێوەندییەشدا زۆر زەررمەند بوون. وڵاتیان وێران بووە و خەڵکێکی زۆریان لێ کوژراوە و تەنانەت هێزەکانیان هەڵتەکاون و زەبری قوورس و گورچوبڕیان لێ کەوتوە.

چ دوورەدیمەنێک بۆ ئەم شەڕە وێنا دەکەن؟

دوورەدیمەنی ئەوەیکە ئەم شەڕە بەرەو کوێ دەچێت و بە قازانجی کێ دەشکێتەوە بڕێک بەزەحمەتە. شەڕەکە هەڵگیرساوە و پێی وڵاتانی دیکەشی گرتۆتەوە، وەک حوسییەکان لە یەمەن و بە جۆرێک خەڵکی سووریە و هێندێک لایەنی دیکە لە وڵاتانی دراوسێی ئێران کە کاریگەریی کۆماری ئیسلامییان بەسەرەویە. ئەمە یانی ئەوەی شەڕەکە لەو کاتەوە و لەو شوێنەوە کە هەڵگیرسا زۆر بەولاوەتر چووە و ئەم ئەگەرەش هەیە کە لەوانەیە پتر لەوەندەش پەرە بستێنێت. کاتێک کۆماری ئیسلامی بەبێ ئیزنی ئەو وڵاتانە ئاسمان و زەوی و ڕێگا ئاوییەکانیان بۆ پڕچەککردنی نەیارەکانی ئیسڕائیل و هێرشی مووشەکی بۆ سەر ئەم وڵاتە بەکار دێنێت، ئەویش نەک جارێک و دوو جار، ئەمە بەستێن بۆ تێوەگلاندنی پتری ئەو لایەن و وڵاتانە لەو شەڕەدا خۆش دەکات کە بێگومان بۆ سەقامگیریی ناوچەکە و ئاشتی و ئارامیی جیهان مەترسیدارە؛ بەڵام کۆماری ئیسلامی ئەو بەرپرسایەتییە لە خۆیدا شک نابات بەشێک لە هۆکاری ئارامی و تەبایی بێت، پێچەوانە هۆکاری تێکدان و شەڕ و نائارامییەکانە.

خوێندەوەی ڕێبەریی حیزب بۆ دەور و کاریگەریی وڵاتانی ناوچە لەسەر ئەم شەڕە چییە؟

حیزبی دێموکرات پێی‌وایە زۆر کێشە لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا هەیە کە دەبێ چارەسەر بکرێن، پێش هەموو شتێک کێشەی دێموکراسی، کێشەی پابەندبوون بە هێندێک بنەما و پڕەنسیپی نێودەوڵەتی و بەڕەسمی‌ناسینی مافی میللەتان؛ جا  ئەو مافە مافی نەتەوەیی و سیاسی بێت یان مافە کۆمەڵایەتی و ئابوورییەکان و، هەموو ئەو مافانەی مرۆڤ پێویستە بۆی دابین و دەستەبەر بێت. ئەم ناوچەیە پڕە لەو کێشانە و چارەسەریش نەبوون کە بێگومان دەبێ چارەسەر بن. بەڵام لەو نێوەدا حکوومەتێک کە بەتەواوی هاتۆتە نێو قەزییەکە و لەباتی ئەوەیکە کۆمەک بە چارەسەری پرسەکان بکات، کەچی بووەتە سەبەبی شەڕ و ئاژاوە کە کۆماری ئیسلامیی ئێرانە. ڕێبەریی حیزبی دێموکرات لەو کۆبوونەوەیەشدا پێی لەسەر ئەوە داگرتەوە کە کۆماری ئیسلامیی ئێران حکوومەتێکی قەیرانخوڵقێن و بەڵایە لە ناوچەکەدا و ئەگەر خەڵکی ئێران دەیهەوێ ئاسوودە بێ و دەسەڵاتێکی وڵامدەری هەبێت، دەبێ چارەنووسی خۆی دەگەڵ نیزامی سیاسیی وڵاتەکەیان، واتە کۆماری ئیسلامی ڕوون بکاتەوە. ئەوە وەکوو خەڵکی ئێران و خەڵکی کوردستانیش وەکوو بەشێک لە پێکهاتەی جوغرافیای ئێران ئەو ئەرکەی لەسەر شانە و لەو پێوەندییەشدا لە ڕوانگەی ڕێبەریی حیزبەوە خەڵکی کوردستان بەگشتی و هێزە سیاسییەکانی کوردستان باش و بەجێ جووڵاونەتەوە. یانێ دەگەڵ ڕەوتە سیاسییەکەی بۆ ناساندنی ماهییەتی حکوومەتەکە و بۆ دەستنیشانکردنی ئەرک و دەسەڵاتی هێزە سیاسییەکان و خەڵک تێکۆشاون و ئەرکی خۆیان بەجێ دێنن.

بەشی دووهەم وڵاتانی ناوچەکەن. وڵاتانی ناوچەکە یا هێزە سیاسییەکانی بەرپرسیاری ناوچەکە لەبری ئەوەی بە دوای سیاسەتی ئێراندا بڕۆن و لە ڕێگای سیاسەتی ئێرانەوە ئەو ئاڵۆزی و شەڕ و گرژییانە دروست بکەن، حەقە پێش بە دەستێوەردانەکانی ئێران بگرن. لەوەش گرینگتر لەوانەیە ئەو ئاڵۆزییانە لە جۆری خۆیدا بە جۆرێک لە بەرژەوەندیی هێندێک وڵاتی زلهێزی بەرژەوەندیخواز بێت و بڵێ مادام کێشەیەک هەیە منیش لەو کێشەیەدا بەدوای قازانجی ئابووری و سیاسی و بەهێزکردنی جێ‌پەنجەی خۆم دەکەمەوە. بەڵام ئەوان دەبێ بەوە گەیشتبن کە بێتوو بیر لە کۆنتڕۆڵکردنی حکوومەتی ئێران نەکەنەوە لەوانەیە وڵاتەکەیان تووشی ئاڵؤزیی زیاتر ببێت. بۆیە ئەوە هەم ئەرکی خەڵکی ئێران و هەم خەڵکی وڵاتانی ناوچەکە و هەم وڵاتانی خاوەن بەرژەوەندیی زلهێزە کە بە هەموویان دەست بدەنە دەست یەکتری و بەرەنگاری هەڕەشە و مەترسییەکانی کۆماری ئیسلامی ببنەوە. ئەمەش تەنیا بە گۆڕێنی ئەم نیزامە و دامەزرامدنی نیزامێکی سیاسیی وڵامدەر لە ئێراندا دەتوانێ ئاکامی باش و شوێندانەری هەبێت.

لە شۆڕشی ژینادا خەڵكی ئێران خۆیان تاقی کردەوە و کۆماری ئیسلامییان هەتا لێواری هەڵدێریش برد، بەڵام کۆمەڵگەی جیهانی بەو شێوەیەی کە دەبوا و چاوەڕوان دەکرا پشتیوانی لەم ڕاپەڕینە نەکرد. پێتان وایە لەم قۆناغەدا خەڵکی ئێران جارێکی دیکە بۆ گۆڕینی ئەو دەسەڵاتە بێتەوە سەر شەقامەکان؟

ئەگەر بێین پێناسەیەک لە نیزامی کۆمەڵایەتیی دونیا بکەین، دەبینین میللەتان و ئینسانەکان لە دونیای ئێستادا زۆر بە یەکەوە مەربووتن. یانی هەر بزووتنەوە و حەرەکەتێکی سیاسی، کۆمەڵایەتی، ئابووری، تەنانەت سروشتی لە شوێنێک دەتوانی کاریگەریی لەسەر مرۆڤایەتی لە شوێنەکانی دیکە هەبێت. بۆیە بەشەرییەت ناتوانێ بە نیسبەت پێویستی و نیازی ئینسانەکان لە هیچ قۆڕنەیەکی گۆی زەوی بێ‌تەفاوت بێت، ئەو بەو مانایە کە بە جۆرێک لە جۆرەکان بزووتنەوەی مافخوازانەی خەڵکی ئێران پێویستیی بە هاوکاری و پشتیوانی خەڵكی دیکەش هەیە. پێوەندیدار بە دۆخی ئێستاش ئەم شەڕە لە غەزە هەڵایسا، بەڵام ئێستا خەریکە بەشێکی زۆر و داوێنی خەڵکێکی زۆر و دونیایەکی پتر بگرێتەوە. لە هەموو شتێک گرینگتر ئەگەر پرسیار بکەین کە چۆن چارەسەری ئەو قەیرانە دەکرێ، مەعلوومە ئێستا بە پێناسەی سنووربەندیی دەوڵەتان کێشە و پرسی ئێرانییەکان لە چوارچێوەی ئەو وڵاتەدا و بە خۆیان چارەسەر دەبێت. بۆیە خەڵکی ئێران دەبێ بۆ خۆیان لە فکری لابردنی کۆماری ئیسلامی و دروستکردنی نیزامێکی دێموکراتیک و وڵامدەردا بن. لەو پێوەندییەشدا زۆر سروشتییە چاوەڕوانییان لە خەڵکی دنیا هەبێت بۆوەی هاوکارییان بکەن، بەرهەڵستی سیاسەتی غەڵەتی حکوومەتی کۆماری ئیسلامی ببنەوە و پشتی جووڵانەوەی خەڵک بگرن. بەڵام لە هەمووی گرینگتر ئەوەیکە تا ئێستاش دەوڵەتان کە نوێنەرایەتیی میللەتان دەکەن، پتر حیساب بۆ بەرژەوەندیی خۆیان دەکەن. ئەوەش شتێکی لە هاوکێشە جیهانییەکاندا سروشتییە و لەوانەیە بە مەیلی خەڵکی ئێران یان مەیلی فڵان لایەن و نەتەوە نەبێت. دەوڵەتان لە بەرژەوەندیی خۆیان دەگەڕێن و مادام لە بەرژەوەندیی خۆیان دەگەڕێن حیسابی قازانج و زەرەریان دەکەن.

شک و گومان لەوەدا نییە کە دونیا دەزانێ حکوومەتی ئێران لە ناوچەکەدا حکوومەتێکی نامەتلووبە، بەڵام ئەگەر ئیرادەیەک بۆ لابردنی ئەم حکوومەتە لە دەسەڵات هەبێت، خۆ دەبێ لەوە دڵنیا بن کە لەبری کۆماری ئیسلامی چ نیزامێکی سیاسیی لەجێی دێتە دی هەتا ئیدارەی بکات و  جێگرەوەکەی کێیە؟ ئەمن پێم‌وایە ئەگەر ئێرانییەکان بەگشتی بۆ خۆیان لەسەر ئاڵتێرناتیڤی کۆماری ئیسلامی ڕێک بکەون و ئەو ئاڵتێرناتیڤە لە ڕاستیدا ئاڵتێرناتیڤی کۆمەڵگەی ئێران و هەڵگری خواستەکانی هەموو پێکهاتەکانی ئێران بێت و بیر لە دروستکردنی نیزامێکی دێموکراتیک و وڵامدەر لە ئێرانی داهاتوودا بکەنەوە، دونیای دەرەوەش پشتیان دەگرێت و هاوکارییشیان دەکات. بەڵام ئەگەر ئەوە نەبێت ئەو نایا کۆمەک بکات بۆ ڕووخاندنی نیزامێک کە جێگرەوەکەی دیار نەبێت و لەوانەیە لەوسۆنگەیەوە بشێوییەکیش دروست بێت، ئەویش لە وڵاتێکی گرینگ و پڕحەشیمەت بە هەڵکەوتەی ژێئۆپۆلۆتیکی وەکوو ئێراندا. دەمەوێ بڵێم دنیای دەرەوە لە خەبات و مافخوازی خەڵکی ئێران تێ‌دەگا و دەنگی ئەو خەڵکەشی بیستوە، دەشزانێ کۆماری ئیسلامی حکوومەتێکی نابەرپرسیار و ئاژاوەخوڵقێنە. بەڵام وەختێک جێگرەوەیەکی دیاری نییە، ئیدی نایە خۆی تووشی کێشەیەک بکات کە ئاکامەکەی دیار نەبێت. لە کۆبوونەوەکەی ڕێبەریی حیزبیشدا باس لەوە کراوە خەڵکی ئێران بەگشتی دەبێ لە فکری ئاڵتێرناتیڤێکی دێموکراتیکی نیزامی کۆماری ئیسلامیدا بن و بۆ ئەوەش زۆر سروشتییە خوێندەوەی جیاواز هەیە، بەڵام لانیکەمەکەی دێموکرات و بزووتنەوەی کورد لەو پێوەندییەدا بەرچاوی ڕوونە کە ئاڵتێرناتیڤی کۆماری ئیسلامی دەبێ چ جۆرە نیزامێک بێت.

پێوەندیدار بە بزووتنەوەی ژینا و خەباتی مافخوازیی کورد باستان لەوە کرد کە هێزە کوردستانییەکان ئەرکی خۆیان بەباشی بردۆتە پێشێ. دەکرێ ئەم باسە تۆزێک زیاترە بکەنەوە؟

یەکەم، هەر کە کۆماری ئیسلامی هاتە سەر کار و دەسەڵاتی خۆی سەپاند و دەستی بە جێخستنی نیزامی سیاسیی خۆی کرد، خەڵکی کورد و هێزە سیاسییەکان بەو قەناعەتە گەیشتن ئەو نیزامە نیزامی سیاسیی دڵخوازی کورد و ئێرانییەکان نییە. بۆیە لە بەرانبەر ئەو نیزامەدا وەستایەوە و بە خەباتی سیاسی و دیپلۆماسی نێوەرۆکی ڕاستەقینەی ئەم ڕێژیمەی بە دونیا ناساند. دووهەم لەگەڵ هەموو ئەمانە و لە هەمووی ئەم ماوەیەدا، یانی لەو زیاتر لە ٤٥ ساڵەدا خەڵکی کوردستان بە شێوەی جۆراوجۆر و کردەنی خەبات و بەربەرەکانیی خۆی بردووەتە پێشێ و لە ڕەوتی خەباتی مافخوازانەیدا تێچوویەکی زۆریشی داوە. هەر ئەوەی ئێستاش شەقامی کوردی لەسەرپێ تر و لەسەر هەستترە  لە چاو ناوچەکانی دیکەی ئێران، ئەمە لە نەخش و دەوری حیزبەکانەوە سەرچاوەی گرتوە، هەڵبەت نابێ ئازایەتی و ئەرک‌وەخۆگریی خەڵکیش نادیدە بگرێن.

لە دوای ئەو یەک ساڵەی ئەم شەڕ لە ناوچەکەدا هەڵگیرساوە، ئایا ئەرکەکان بەباشی لەلایەن هێزە سیاسییەکانەوە ڕاپەڕیون، پێوەندیدار بە دۆخ و ئەگەرەکانی داهاتوو؟

لە ڕوانگەی منەوە هێزە سیاسییەکانی کوردستان لەو ماوەیەشدا باش و دروستیان عەمەل کردوە. یەکەم پێوەندیی زیندووی خۆیان لەگەڵ خەڵکی وڵاتی خۆیان ڕاگرتوە و هاوکاری و هاوپێوەندییە ئۆرگانیکییەکەیان بردووەتە پێشێ. دووهەم لە ئامانجە سیاسییەکەی خۆیان پاشەکشەیان نەکردوە کە دەبێ ئەو نیزامە بڕوات و لە جێگای وی نیزامێکی دێموکراتیک فرەخواز و فیدڕاڵی دێموکراتیک دابمەزرێت. بەڵام زۆر سروشتییە لەوانەیە لە هێندێک زەرفییەت ئیستفادە نەکرابێت کە لە ڕوانگەی حیزبێکی مەسەلەن وەکوو حیزبی دێموکراتەوە ئێستاکانێ دەکرێ، یان نەخێر لەوانەیە لە ئێستادا کردەنی نەبێت. بەڵام لانیکەمەکەی دەتوانین بڵێین ئەگەر هەر هەلومەرج و بارودۆخێک بۆ ئێران بێتە پێشێ، کوردستان لەو ناوچانەیە کە زۆر ئاسان سازماندەیی و مۆدیرییەت دەکرێ و ئیستعدادی هەیە بۆ هەر پڕۆژەیەکی سیاسی کە لە ئێراندا دێتە پێشێ. کوردستان حیزبی سیاسیی بەهێز و بەئەزموونی هەیە و ئەگەر ئەو نیزامە بڕوات و نیزامی دیکە جێی بگرێتەوە و مەجلسی مۆئەسسان دروست ببێت و هاوکێشەی نوێ بێتە ئاراوە، ئەم حیزبانە دەتوانن زۆر بەباشی لە گۆڕەپانی سیاسیی ئێراندا نوێنەرایەتیی کورد بکەن.

کاک مستەفا لە لێکدانەوە بۆ شەڕی ئیسرائیل و غەزە و بۆ شەڕی ئۆکراین و ڕووسەکانیش ئەم شەڕانە بە شەڕی جەمسەربەندییەکان ناو دەبەن. بەڵام دەبینین هەتا ئێستا ڕووسیە خۆی مات کردوە. ڕووسیە لە کوێی ئەم شەڕەدا  جێی گرتووە؟

ئێمە ئەگەر هەر سوورەتی مەسەلەکە ببینین ڕووسیە خۆی تووشی شەڕێک کردوە بۆخۆی ئەوە زیاتر لە دوو ساڵە تێیدا چەقیوە و لێی دەرباز نابێت. پێشی وا نەبوو ئەو شەڕە ئاوا قورس دەبێ بۆی و پێی وابوو خولاسە بە ماوەیەکەی کەم بەو ئامانجانەی بۆ خۆیی دانابوو پێی دەگات. بەڵام دەرکەوت کە ئەمە وا نەبوو. ئێستا ڕووسیە بۆ خۆی کێشەی زۆر گەورەی لەو شەڕە ڕاستەوخۆیەدا هەیە. ڕاستە ئەو شەڕەکەی لەگەڵ ئۆکراینە، بەڵام پشتیوانی و ئیمکاناتی ئەمریکا و ئورووپا بۆ ئەو شەڕە ڕووسییەی لەو وڵاتەدا وەستاندوە و شانسی سەرکەوتنیشی زۆر زۆر کەمە. ئەمە سەبارەت بە ڕووسیە. دووهەم هەر ئێستا نەک لە بارەی ئەو شەڕەدا، ئەسڵەن لە بارەی سیاسەت و ئێستراتێژی ڕووسیە لە سەر ئێرانیش چاودێرانی سیاسیی ئێرانییش وەدەنگ هاتوون و پێیان وایە ڕووسیە ئێران تەنیا وەک کارت و ئامرازێک بەکار دێنێت و ئەوەی دۆڕاوە و دەیدۆڕێنێ هەر ئێرانە. بۆیە ئەمن پێم‌وایە ڕووسیە بۆ خۆی لەوە زۆرتر کێشەی هەیە تا وەکوو بێت مەسەلەن یارمەتیی ئێران و ئەو هێزانە بدات کە قسە لە ئێران وەردەگرن.

ئەدی ئەمریکا؟ ئەمریکا پتر لایەنێکی شەڕەکەیە یان نێوبژیوان؟

ئەمریکا نەیشاردۆتەوە کە بە هەموو تواناوە پشتگیریی ئیسڕائیل دەکات. بەڵام ئەمریکا لەوە نیگەرانە گەورەبوون و بەرین‌بوونەوەی ئەو شەڕە یا تەنانەت درێژبوونەوەی ئەو شەڕە بە جۆرێک لە جۆرەکان ئەویش ڕاکێشێە نێو شەڕەکە و ئەمریکا لە ئێستادا ئەوە بە قازانجی خۆی نازانێ. وەک بۆخۆشیان دەڵێن ئەوان ئەزموونی زۆر دەستێوەردانی دەرەکی و، ئەزموونی شەڕەکانی ئەفغانستان و عێراقیان لە دوای ٢٠٠٠ەوە هەیە و پێیان باش نییە لە ئێستادا تووشی شەڕێکی دیکە لە ناوچەکە ببن کە ئیدی ئاسان نەتوانن لێی دەرباز ببن. شەرت نییە پێچەوانەی خۆشبینیی هەندێک لایەن دەستوەردانی ئەمریکا ئاکامی دڵخوازی لێ بکەوێتەوە، بۆیە ڕێبەرانی سیاسیی ئەمریکا بە هەستیارییەوە لەم‌بارەیەوە دەجووڵێنەوە.

کاک مستەفا وەک دوا پرسیار. قازانج و زیانەکانی ئەو شەڕە دوای یەک ساڵ بۆ گەلی کورد چی بووە؟

ئەم شەڕە تا ئێستا بە مەلمووسی قازانجێکی بۆ خەڵکی کورد نەبووە، زیانیش ئەگەر بڵێی ڕاستەوخۆ کوردی تووشی ئەو شەڕە کردوە ئەم زیانەشی نەبووە. بەڵام زۆر تەبیعییە لە ناوچەیەکەدا کە تۆ تێیدای و وڵاتی تۆ و خاکی تۆیە، دروستبوونی شەڕ کاریگەری لەسەر پرسی تۆ دابنێت. پەندێکی پێشینیان هەیە دەڵێ ئینسان ئەگەر شەڕی لە دەورووبەر بوو حەتمەن پریشکێشی بەر دەکەوێت. درێژەکێشانی ئەم شەڕە هیچ سەیر نییە بە زیانی کورد بشکێتەوە و لەوانەشە دەرفەتیش بۆ کورد بڕەخسێنێ. وەک چۆن بینیمان لە شەڕی جیهانیی دووهەمدا دوای ئەوەی وڵات تووشی شەڕ بوو، و دوای ئەوەی حکوومەتەکان گۆڕان بەڵام دەرفەت بۆ کورد ڕەخسا و توانی کۆماری کوردستان دابمەزرێنێ. یا مەسەلەن لە شەڕی ئەمریکا و عێراقدا بینیمان هەرێمی کوردستان جێگەوپێگەیەکی سیاسی و دامەزراوەیی یاسایی دیکەی پێ‌درا. یان ئەوەی ئێستا لە سووریە دەیبینین و هەموو ئەو دۆخە نوێیانە لەو شەڕانەدا دروست بوون. بەڵام لە نەهایەتدا شەرت نییە شەڕ ئاکامەکەی بۆ خەباتی نەتەوەکان ئەرێنی و دڵخواز بێت، گرینگ ئەوەیە کورد ئامادەیی شوێندانانی لەسەر ڕەوتی ڕووداوەکان هەبێت و لەپێناو بەرژەوەندییەکانی خۆیدا هەل دروست بکا و بەستێن و زەرفییەتەکان بە قازانجی خۆی بقۆزێتەوە.