کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پشەکە لە چوارپەلان گوێی ساغن

14:24 - 30 رەزبەر 2724

پشەکە لە چوارپەلان گوێی ساغن

دارسمە

مێژوو زۆر لەوە کۆنتره ئێمەی ژیان‌کورت بیری لێ‌دەکەینەوە. بەڵام ئەگەر ئەم ژیانە کورتەمان دەرفەتی دیتنی ڕاستەوخۆی لێمان‌ سەندبێتەوە، هەر هیچ نەبێت لە نێو کتێب و متێباندا دەکرێت بە دوای ڕووداوگەلی مێژووییدا بگەڕێین و سەرەداوێکمان لە ڕاستیی و دروستیی تۆڕی تێک‌تەندراوی شەڕە‌درۆدا دەست بکەوێت. ئەگەر ئەم سەرەداوەشمان دەست کەوت، پێویست ناکات توند ڕایبکێشین و خوا بەو ڕۆژە نەکات لەنێو ڕایەڵەی تۆڕی درۆیاندا بپسێت و خۆشمان لە حەژمەت توند ڕاکێشانی ئەم سەرەداوە ڕاستییەی بە دەستمانەوە هاتوە، لەسەر تەختی پشت بکەوین و هەردوو قاچمان ڕەحەوا بکەوێت و بەزەحمەت بتوانین قاچان جووت بکەینەوە و هەستینەوە سەرپێ. ئەگەر هەستاینەوەش ناچارین لەنێو تۆڕی درۆیاندا بەوردی بە دوای سەرە‌داوە پساوەکەی ڕاستیدا بگەڕێین و ئەگەر نەماندۆزیەوە و لەجیات ئەو سەرە‌داوی ڕایەڵێکی پساوی درۆ بەدەستمانەوە هات، ئەوکات وەرنە سەیری خۆمان دەبینە چ‌جۆرە درۆزنێک.

لەنێو ئەم هەموو درۆ و دەلەسەیەی بە ناوی مێژوو دەرخواردی ئێمەیان داوە، سەرەداوی ڕاستیان پێمان ئێژێت لەم ناوچەیە ئیمپراتۆرییەتێکی کۆن هەبووە و هاوتەمەنی گەلێک لە ئیمپراتۆرییە گەورەکانی جیهان بووە. ئەوەندەی دەرکەوتوە ئەم ئیمپراتۆرییە بە ناوی "ماد" و "پارت" و "پارس" و شتی لەم بابەتە ناسراوە و ناوەندەکەی کەوتووەتە نێوان کەنداو و دەریای قەزوێن و لە هندستانەوە هەتا سەر دەریای نێوەڕاست و نزیک میسری ئێستا لە باکووریش لە زۆربەی وڵاتانی ئاسیای نێوەڕاست حوکماتی کردوە. پاشایانی ئەم وڵاتە پان و بەرینە سات بە سات و ڕۆژ بەڕۆژ و مانگ بەمانگ و ساڵ بەساڵ پاشەکشێیان کردوە و لە ئاکامدا لە سەردەمی بە دەستەڵات گەیشتنی بنەماڵەی پەهلەوی وڵاتەکە وەک پشیلەیەکی گەڕی نەخۆش ڕێک‌هاتووە و لەم کاتەدا بەتەواوی ناوی "ئێران"یان بەسەردا بڕاوە. ئەم پشیلە بێدەرەتانەش هەردوو چەنگی خستوونەتە ژێر سنگی و هەردوو پاشووشی لە لای قوونیەوە داوەتە بن کلکی و دەمیشی پێکەوەناوە.

بەمجۆرە "پشە"کە نە دەوێرێت ددانان گڕ بکاتەوە و نە دەخۆی ڕادەبینێت چەنگ و پاشووی دەرخات و نینۆکان پێشان بدات و دەترسێت بیانووی پێ بگرن و بە زەبری لێدان و کوتان وای بەسەر بێنن ئەوەندە جەندەکەشی نەمێنێت.

دوای ئەوەی حەمەڕەزای کۆڕی ڕەزاشا پێی لەبەڕەی پاشایاتیی خۆی زیاتر ڕاکێشا و بەتەما‌بوو گوێ نەداتە زلهێزان و دەیگوت من شتێکم، بیر لەوە کرایەوە بە زەبری هنێکی زۆر هین وڵامی بدەنەوە. هەر لەبەر ئەمە بوو وایان کرد هین لە پاریسەوە بەکەیفی خۆی دەست بەقسەی هەللـەق و مەللـەق بکات و دوای ئەوەی دەنگی لە سەر کاسێتان تۆمارکرا و ناردیانەوە نێو خەڵکی ئێران. "هموطنان همیشە در صحنه"ش بە بیستنی دەنگی نێو ئەم کاسێتانە دەستیان بە سوێندخواردن کرد و گوتیان بە چاوی خۆمان ڕیشی کابرا لە نێو مانگدا دەبینین و پاشای خوالێ‌گۆڕیویش بە چەپڵە‌لێدان کرایە دەرەوە و ئەمجارە هین و کەسانێکی دیکە و هەر لە توخم و تۆرمەی پاشای ڕەپێنراو چوونە سەر تەختی دەستەڵات و سواری پشیلەی گۆرین بوون.

ئەوانیش کاتێک دیتیان ئەم پشیلە ترسنۆکە هەر چوار پەلی خستووەتە ژێر خۆی و دەمی وەک تەڵەی تەقیوی لێهاتووە و مڕە و میاوەی لێ بڕاوە، کەوتنە بیری دروستکرنی خەرمانەیەک لە درەوەی تەرمی نیوە گیانی پشیلە و ڕێگە و بیانووی دیکەیان بۆ پاراستنی گرتەبەر. بەر لە هەموو شتێک سواری هەستی خەڵکی هەژاری دەرودراوسێ بوون بە زەبری تەماع، پشت لە پشیلە و ڕوو لە دەرەوە هانیان دان.

 لە کۆتاییدا دیسان مەترسیی هەستانەوە و دەمشڕبوونی پشیلە هەستی پێکرایەوە و لەمدواییانەدا ڕووسیه و تورکیە لە سەرسنووری ئەرمەنستان و ئازەربایجان و بەمەبستی دروست‌کردنی داڵانی "زەنگزۆر" و بەیکەوە لکاندنی ئازەربایجان و تورکیه، پێیان نایە سەر ملی پشیلە و لە خوارەوەش ئەم شیمانەیە هاتە پێش، ڕەنگە پشەکە پێی نابێتە نێو دەریا و سێ جیگە جێ چڕنۆکی لەوێ جێ مابێت. ئێستا بە کۆی ئەم سێ شوێنە گوماناویە دەگوترێت"جزایر سه‌گانه".

لەم دواییانەشدا پاش کوژرانی یەک لە دوای یەکی ئەو کەسانەی خاوەنانی پیشلەکە بۆ پاراستنی خۆیان کۆک و تەیاریان کردبوون، نۆبە گەیشتووەتە ئەوەی ئەم سێ شوێن‌پەنجەیەی پشیلەکەش خاوەندارییەتیی میراتگرانی ئیمپراتۆرییە کۆنەکەیان پێوە نەمێنێت.

دوای ئەوەی دوژمن قەمچی لەسەر پشتی برادەران ڕاگرتوە و هەر جارەی گورزی لەلایەک دەوەشێنێت، ئەوەتا ڕۆژی ٢٥ی ڕەزبەر ئەندامانی یەکیەتیی ئورووپا و شوڕای هاوکاریی کەنداوی"همیشە فارس" لە کۆبوونەوەیەکدا لە شاری ژنێڤ دیسان گوتیان ئێران سێ دوڕگەی "تونبی گەورە" و "تونبی بچووک" و "ئەبوومووسای" داگیرکردوە و بەگوێرەی جاڕنامەی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان دەستدرێژیی کردووەتە سەر خاکی ئیماراتی یەکگرتووی عەرەبی.

ئەمە دەردێکی گرانە. ئەوەتا پشیلەکە دەمی داخستوە و هەرچوار پەلی خستووەتە ژێر قنگ و سنگی و هاواری ئاشتیخوازی دەکات، ڕێک لەم دەموساتەدا خەریکن شوێن‌پەنجەی لەنێو ئاوی کەنداویشدا نەمێنێت. دیارە پشەکە لە چوارپەلان گوێی ساغن.