کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

گەڵاڵە گەڵاڵە شکست

14:35 - 30 رەزبەر 2724

گەڵاڵە گەڵاڵە شکست

ئاسۆ مینبەری

کۆماری ئیسلامی لە کاتی هاتنەسەرکاریەوە هەتا ئەمڕۆ، ئەوەندەی جەخت لەسەر پرسی حیجابی زۆرەملێ کردووەتەوە و پارەی بۆ بەرەپێشبردنی گەڵاڵەی جۆراوجۆری پێوەندیدار بەم بابەتە لە گیرفانی خودی خەڵک و لە سامانی گشتیی وڵات خەرج کردوە، دەیتوانی سەدان پرۆژەی جیاواز بۆ پێگەیاندنی ژنان و گەشەی کۆمەڵگە بەڕێوە ببات. بەڵام چەقبەستووبوونی ئیدئۆلۆژیی ویلایەتی فەقیهی و پێناسەی ژنان وەک کۆیلە لە چوارچێوەی ئەم ئیدئۆلۆژییەدا قەت نەیهێشتوە کە کۆمەڵگە بە گشتی و ژنان بەتایبەتی، کەلک لە هیچ چەشنە دەرفەتێک وەربگرن و ڕۆژ لە دوای ڕۆژ دۆخیان خراپتر بووە.

هەرچەند کە پێداگریی کۆماری ئیسلامی هەر لە سەرەتای هاتنەسەرکاریەوە دەستی پێ کرد، بەڵام گەڵاڵە جیاوازەکانی پێوەندیدار بەم پرسە مێژوویەکی زۆر دوور و درێژیان نییە. گەڵالەی گەشەدان بە پرسی حیجاب و عیفاف یەکەم جار لە ساڵی ١٣٨٢دا و لە سەردەمی سەرۆک‌کۆماریی خاتەمیدا لەلایەن شۆرای باڵای ئینقلابی فەرهەنگیی ئێرانەوە پەسەند کرا و لە ساڵی ١٣٨٤ەوە چووە قۆناغی جێبەجێکردنەوە و هەتا ئەمڕۆ و لە سەردەمی دەسەڵاتدارێتی پزشکییاندا، بە شێوازی جۆراوجۆر ئەم پرسە هەر لە ڕۆژەڤ‌دایە.

هەرچەند تێچووی ماددی بۆ جێبەجێکردنی ئەم گەڵاڵانە لەم ساڵانەدا بۆ ڕێژیم زۆر بووە بەڵام بە کوژرانی ژینا ئەمینی بە دەستی هێزەکانی گەشتی ئێرشاد و بە بیانووی ڕەچاونەکردنی حیجابی زۆرەملێ، تێچووی ئەم گەڵاڵانە لە بواری مەعنەویشەوە بۆ ڕێژیم زیاتر بووە، تا جێگایەک کە پرسی حیجاب بوو بە یەکەم فاکتەری دەسپێکی شۆڕشێکی نوێ کە ئێران و کوردستانی گرتەوە و تەواویەتی ڕێژیمی کردە ئامانج. هەڵبەت ئەمە بەو مانایە نییە کە بزووتنەوەی سەرتاسەریی ژینا، لە پرسێکی وەکوو حیجابدا بچووک بکرێتەوە، چونکە بە بەردەوامی باس کراوە کە لانیکەم دۆخی کوردستان لە ئاخێزگەی ئەم بزووتنەوەیە بوو زۆر جیاوازە و کۆمەڵێک فاکتەری دیکە، لە سەرهەڵدانی ئەم بزووتنەوەیەدا کاریگەر بوون، بەڵام بەم حاڵەشەوە کوژرانی ژینا لەسەر پرسی حیجاب بوو کە ستارتی بزووتنەوەکەی لێ دا.

لە دوای شەهیدبوونی ژیناوە، ڕێژیم ماوەیەک بە مەبەستی هێورکردنەوەی دۆخکە تەنانەت باسی لە ڕاگرتنی هێزەکانی گەشتی ئێرشادیش کرد، بەڵام بەپێی ماهییەتی خۆی نەیتوانی و نەیویست ئەم ڕاگرتنە درێژە بکێشی و جارێکی دیکە و ئەمجارە لە قاڵبی حیجاببان یان شتی دیکەی لەم چەشنەدا هێزی سەرکوتی ڕەوانەی شەقامەکان کرد. لەم دواییانەشدا جارێکی دیکە بە هێنانەئارای گەڵالەی نوور هەوڵی کۆنتڕۆڵی لانیکەم نیوەی حەشیمەتی کۆمەڵگە واتە ژنانی دا. هەر لەم پێوەندییەدا گەڵاڵە یاسای "پشتیوانی لە بنەماڵە بە سەرنجدان بە پەرەدان بە فەرهەنگی عیفاف و حیجاب" و ناسراو بە "حیجاب و عیفاف" لە ٢٧ی خەرمانانی ئەمساڵدا و لە بەرەبەری دووهەمین ساڵوەگەڕی شەهیدکرانی ژینا ئەمینی و دەسپێکی بزووتنەوەی ژینا، لەلایەن شوڕای نیگەهبانەوە پەسەند کرا و بڕیار وا بوو لە دەوڵەتی پزشکیاندا جێبەجێ بکرێت.

ئەم یاسایە ژمارەیەک سزای بۆ جێبەجێکردنی حیجابی زۆرەملێ هێناوەتە گۆڕێ کە بە دیاریکراوی لە ڕووی ڕەگەزییەوە دیاری کراون و بەم پێیە کۆمەڵێک سزا دیاری کراون کە پێبژاردنی نەختی و بەندکرانی درێژماوە، سنووردارکردنی سەفەر و هاتوچۆ و دەرفەتی کار و پەروەردەش لەخۆ دەگرێ. ئەم گەڵاڵەیە لە ٧١ بڕگە پێک‌هاتووە و دەستی وەزارەتی ئیتلاعات، سپای پاسداران، پۆلیس و هێزی بەناو دادوەری بۆ سزادانی ژنان ئاوەڵا دەکات. بەپێی ئەم یاسایە ئەو کاروبار و ناوەندانەش کە سەرپێچی لە جێبەجێکردنی ئەم یاسایانە بکەن، هەڕەشەیان لێ دەکرێ یان دادەخرێن. هەروەها ئەم یاسایە دەبێتە هۆی ئەوەی کە جیا لە بەهێزکردنەوەی گەشتی ئێرشاد، حیجاببانەکان و گەڵاڵەی نوور، گوشارەکان لەلایەن پیاوان و کۆمەڵگەی پیاوساڵارەوە پەرە پێ دەدەن.

لەم چوارچێوەیەدا هەر کەس لە شوێنە گشتییەکاندا بەبێ پۆششی ئیسلامی ببینرێت، لە ٢ هەتا ٥٠ میلیۆن تمەن سزای نەختی دەدرێت و ئەگەر تاوانی بە ناو بەدحیجابی دووپات بکڕیتەوە سزایەکی هەتا ١٥٠ میلیۆن تمەن، قەدەغەی چوونەدەرەوە هەتا دوو ساڵ، بێبەریکران لە چالاکیی ئۆنلاین هەتا دوو ساڵ و پێنج ساڵ بەندکران بەسەر کەسەکەدا دەسەپێت. لەلایەکی تریشەوە و دوابەدوای بڵاوبوونەوەی ئەەم هەواڵە، سپای سمنان باسی لە جێبەجێکردنی گەڵاڵەیەکی تر لەژێر ناوی گەلاڵەی "تەراوەت" لە پێوەندی لەگەڵ سەپاندنی حیجابی زۆرەملێ کرد.

فەرماندەی سپای سمنان لە کۆبوونەوەیەکی شوڕای فەرهەنگیی پارێزگاکەدا لەمبارەوە ڕایگەیاندوە کە بۆ جێبەجێکردنی ئەم گەڵاڵەیە کەڵک لە توانای دەزگای جێبەجێکار و کۆمەڵی خەڵک وەردەگرن. مەنسوور شەوقانی، هیچ ئاماژەیەکی بە وردەکارییەکانی ئەم گەڵاڵەیە نەکردووە و تەنیا ڕایگەیاندووە کە بەم زووانە و لە ڕاستای پەرەدان بە فەرهەنگی عیفاف و حیجاب ئەم گەڵاڵەیە دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە.

ئامانجی سەرەکیی ڕێژیم لە جێگیرکردن و بەڕێوەبردنی ئەم جۆرە گەڵاڵانە لەلایەک تۆڵەکردنەوە لە ژنان و کچانی چالاک لە بزووتنەوەی ژینا و لەلایەکی ترەوە سەرکوتی بەردەوامی کۆمەڵگەیە و دەیەوێ خەڵک بە خەڵک سەرکوت بکات.

بەڵام خاڵی جێگەی سەرنج ئەوەیە هیچ یەک لەم گەڵاڵانە تاکوو ئێستا نەیانتوانیوە وەکوو ڕێگاچارەیەک بۆ کۆماری ئیسلامی، کاراییان هەبێت و سەرکەتوو بن.

سەرکەوتوونەبوونی ئەم گەڵالانە ڕێک بۆ ئەوە دەگەرێتەوە ئاستی تێگەیشتن و خوێندەواری لە کۆمەڵگەدا بەرز بووەتەوە و پێوەرکانی ژیانی ئازاد وایان کردوە کە تاکەکان ئیزن بە دەسەڵات نەدەن کە سنوور بۆ ئازادییە تاکەکەسییەکانیان دیاری بکات تەنانەت ئەگەر بە نرخی گیانیشیان بێت، هەر بۆیە ڕێژیم گەڵاڵە لە دوای گەڵاڵە شکست دەخوات و ناتوانێ بەرەنگاری هێزی گەل ببێتەوە.