کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هەڵدێرانی کۆماری ئیسلامی لە ڕیزبەندیی گەندەڵیدا

18:22 - 30 رەزبەر 2724

بەپێی ئاماری ناوەندی توێژینەوەکانی ژووری بازرگانیی ئێران ئەم وڵاتە لەڕووی شەفافییەت و لەسۆنگەی گەندەڵییەوە لەنێو ١٨٠ وڵاتی دنیادا پلە ١٥٠ی بۆخۆی پاوان کردوە. حوجەتوڵڵا میرزایی، سەرۆکی ئەم ناوەندە حکوومەتییە نەیشاردۆتەوە لە بەگژداچوونەوەی گەندەڵیدا نومرەی ٥٠ ئێران لە ساڵی ١٣٨٤بۆ ٢٥ لە ساڵی ١٣٩٢ دابەزیوە و لە ساڵی ١٤٠٠دا گەیوەتە ١٥ و لە سێ ساڵی ڕابردووشدا ئەوەندەی تر داڕماوە. ناوبراو لە کۆبوونەوەی پسپۆڕیی «ئابووری و مێدیا: لە بنەماوە هەتا ڕاستییەکان» دەڵێ ئەوە لە پرسی بەگژداچوونەوەی گەندەڵیدا بۆ ئێران دۆخی دابەزین نییە، بەڵکوو داڕووخان و هەڵدێرانە، چونکی لە ڕیزبەندیی جیهانیدا لە پلەی ٧٧ ڕا بۆ ١٥٠ دابەزیوە.

گەندەڵیی سیستماتیک هەموو جومگەکانی ئیداری و ئابووریی ئێرانی داگرتوە و هیچ ئیرادەیەکی سیاسی بۆ بەربەرەکانی لەگەڵ گەندەڵی نییە و هۆکارەکەشی ئەوەیە هەموو پێکهاتەی دەسەڵات تێوەی گلاوە. هەر لەگەڵ ڕاگەیاندنی ئەم هەواڵە مێدیاکانی ئێران ئاشکرایان کردوە کە لە ماوەی ٧ ساڵدا زیاتر لە ٨٦٣ سەرۆکی شارەوانی، ئەندامانی شوڕای شار و دێهیارەکان لە ئێران بە تاوانی گەندەڵی دەسبەسەر کراون.