کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

یەکیەتیی ئازادی کرێکارانی ئێران: ئازادیخوازیی مامۆستایان و لاوان سەرکوت ناکرێت

11:22 - 1 خەزەڵوەر 2724

یەکیەتیی ئازادی کرێکارانی ئێران لە بەیاننامەیەکدا دەرکردنی مامۆستایانی قوتابخانە و زانکۆ"ی مەحکووم کرد و جەختی لەسەر هاوکاریی نێوان بزووتنەوەی کرێکاری و مامۆستایان و بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکانی دیکە" کردەوە.

ئەم ڕێکخراوە کرێکارییە سەربەخۆیە، وێڕای جەختکردنەوە لەسەر ئەوەیکە هیچ پلەیەک لە سەرکوتکردن ناتوانێت شەپۆلی مۆدێڕنیزم و ئازادیخوازیی مامۆستایان و لاوان لە ئێران ناچار بە پاشەکشە بکات، زیادی کرد کە ڕێژیم ناتوانێت لەوە زیاتر پەروەردە و هەموو لایەنەکانی ژیانی کۆمەڵایەتی، کولتووری، ئابووری و سیاسی وڵاتەکە بەرەو دواوە بباتەوە.

بەپێی ڕاپۆرتی یەکیەتیی ئازادی کرێکارانی ئێران، لەنێوبردنی پەروەردە و بەرەو دوابردنی زانست و هۆشیاریی کۆمەڵایەتی و سیاسی تەنیا یەک لایەنی سیاسەتی تێکدەرانەی ڕێژیمە کە دوای ٤٦ ساڵ دەسەڵاتداری، ئەمڕۆ کۆمەڵگەی ئێرانی لە هەموو ڕەهەندەکانیدا لەنێو بردووە و بەرەوڕووی داڕمانی مەترسیداری کردووەتەوە.

ئەم ڕێکخراوە کرێکارییە وتوویەتی ئەگەر کۆماری ئیسلامی لە لووتکەی دەسەڵات و ژینۆسایدی خۆیدا لە ساڵانی شەستەکاندا لە پاکتاوکردنەوەی خوێندن و زانکۆکان و لەسێدارەدان و دەرکردنی هەزاران مامۆستا سەرکەوتوو بوو کە بەربەستێک لە بەرامبەر ئازادیخوازی و یەکسانی دروست بکات، ئەوە ئەمجارەش لە لووتکەی بنبەست و قەیرانی گەورەی سیاسی و ئابووریدا دەتوانێت کۆمەڵگە بۆ نێو بەڕبەڕییەت بگەڕێنێتەوە.

لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا، یەکیەتیی مامۆستایانی تاران و ژمارەیەکی زۆر لە ڕێکخراوە سێنفییەکانی مامۆستایان لە پارێزگاکانی ئێران، دەرکردنی ئیسماعیل عەبدی و سزای بەندکران بۆ محەممەد حەبیبی، لە چالاکانی سێنفیی مامۆستایان، بەهۆی ناڕەزایەتی بە ژەهراویکردنی قوتابخانەکان لە ساڵی ١٤٠١ مەحکووم کرد.