چەند سەرچاوەی ئەمریکایی لە ڕۆژانی ڕابردوودا باسیان لە ئاشکرابوونی هێندێک لە زانیارییە تەواو نهێنییەکان، سەبارەت بە چۆنیەتیی وڵامی ئیسرائیل بە هێرشە مووشەکییەکەی ١٠ ڕەزبەری کۆماری ئیسلامییان کردووە.
دوو سەرچاوەی ئاکسیۆس و سی ئێن ئێن لە ڕاپۆرتێکدا باسیان لەوە کردووە کە لێکۆڵینەوەکانی ئەمریکا سەبارەت بە چۆنیەتیی دزەکردنی ئەم زانیارییە نهێنییانە، دەستی پێ کردووە.
ڕۆژی هەینی ٢٧ی ڕەزبەر دوو بەڵگەنامەی تەواو نهێنیی پێنتاگۆن لەلایەن کاناڵێکی تێلێگرامی بە ناوی "میدێڵ ئیست ئێسپێکتیتۆر" کە پشتیوانی سیاسەتەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانە، بۆ یەکەم جار بڵاو دەکرێتەوە.
میدێڵ ئیست ئێسپێکتیتۆر ڕایدەگەیەنێت کە ئەم زانیارییانە لە ناوەندە هەواڵگرییەکانی ئەمریکاوە بە دەستی گەیشتووە و زانیارییەکی زیاتر لە چۆنییەتیی دزەکردنی بەڵگە نهێنییەکانی نەخستووەتە ڕوو.
پێنتاگۆن ڕاستبوونی ئەم دوو بەڵگە نهێنییەی تاکوو ئێستا ڕەت نەکردووەتەوە و وێدەچێت بەڵگەکان لە ڕێگەی هاک کردن و هێرشێکی سایبێرییەوە دزەیان کردبێت.
لەلایەکی دیکەوە سەرچاوەیەکی ئەمریکایی لە وتووێژ لەگەڵ سی ئێن ئێن ڕاستبوونی بەڵگەکانی سەر بە پێنتاگۆنی پشتڕاست کردووەتەوە و ئاشکرابوونی ئەم بەڵگانەی بە بابەتێکی زۆر مەترسیدار لە قەلەم داوە.
ئەم بەڵگانە بریتی بووە لە کۆمەڵێک زانیاری لە پێوەندی لەگەڵ ئامادەکارییەکانی ئیسرائیل بۆ هێرشکردنە سەر ئێران کە لەلایەن ڕێکخراوی هەواڵگریی نەتەوەیی هەڵکەوتەیی ئەمریکا (ئێن جی ئەی)، کۆ کراوەتەوە و ڕادەستی بەرپرسانی باڵای پێنتاگۆن کراوە.
بەشێکی گرینگ لەم زانیارییانە باس لە ڕاگواستنی چەکوچۆڵ لەلایەن ئەرتەشی ئیسرائیلەوە بۆ هێرشکردنە سەر ئێران دەکات.
تاکوو ئێستا ئیسرائیل کاردانەوەیەکی سەبارەت بە کۆکردنەوەی ئەم زانیارییانە لەلایەن دەزگا هەواڵگرییەکانی ئەمریکا و پاشان ئاشکرابوونیان، نەبووە و تەنیا سەرچاوەیەکی ڕایگەیاندووە کە ئەمریکا داوای لێبوردنی لە دەوڵەتی نێتانیاهوو کردووە.
بە وتەی کارناسان دزەکردنی ئەم زانیارییانە ئەگەرچی بابەتێکی گرینگ و مەترسیدارە بەڵام ناتوانێت کاریگەرییەکی زۆری لەسەر وڵامی ئیسرائیل بە هێرشە مووشەکییەکەی کۆماری ئیسلامی هەبێت.
سپای پاسداران ڕێکەوتی ١٠ی ڕەزبەر لە وڵامی کوژرانی حەسەن نەسروڵڵا و پاسدار عەباس نیلفرووشان لە بەیرووت، بە ١٨٠ مووشەکی بالستیک و هایپێرسۆنیک هێرشی کردە سەر خاکی ئیسرائیل.