ناوەندی لێکۆڵینەوەی مەجلیسی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران بڵاوی کردووەتەوە؛ گەڵاڵەی نێهزەتی میللیی مەسکەن کە بڕیار بوو لە ساڵێکدا یەک میلیۆن خانوبەرە دروست بکرێت بە درۆ دەرچووە و ڕێژەی دروستکردنی ئەو خانووانە بەنیسبەت بەڵێنی کاربەدەستانی ئەو گەڵاڵەیە زۆر کەمترە.
ناوەندی لێکۆڵینەوەی مەجلیسی ڕێژیم باسیان لەوە کردووە لەو یەک میلیۆن خانووەی کە بڕیار بوو دروست بکرێت لە نێوان ساڵەکانی ١٤٠٠ هەتا ١٤٠٣ تەنیا ٢٠ هەزار بینای خانوبەرە دروست بووە و گەیشتووەتە قۆناغی کۆتایی.
ئەوە لەکاتێکدایە لە مانگی بانەمەڕی ئەمساڵدا، ئەرسەلان مالکی جێگری وەزیری ڕێگا و شارسازیی ڕێژیم بانگەشەی ئەوەی کردبوو کە هەتا کۆتایی ئەمساڵ ٢ میلیۆن و ٥٠٠ هەزار خانوو لە یەکەکانی گەڵاڵەی نێهزەتی میللیی مەسکەن دروست بکەن و ڕادەستی خەڵکی بکەن.
بەپێی هەڵسەنگاندنی هەندێک لە کارناسانی بواری خانوبەرە و شارسازی، بەڵێن و قسە دژ بە یەکەکانی کاربەدەستانی وەزارەتی ڕێگا و شارسازیی ڕێژیم و سازکردنی ئەو خانووانە بێ کەڵکە و هیچ پێداویستی و کەرەستەیەکی باشی تێدا بەکار نەهاتووە و وەبیرهێنانەوەی ئەزموونی تاڵی مەسکەن مێهرە.
هەروەها ئەو کارناسانە ئاماژەیان بەوە کردووە کە دەوڵەتی ئیبراهیمی ڕەئیسی بری ٢ میلیارد دۆلار بوودجە و زیاتر لە ١٠ هەزار دۆنم زەوی بۆ ئەو گەڵاڵەیە تەرخان کردبوو ئێستە هیچکەس لە چارەنووسی ئەو بڕە پارە و زەویانە ئاگادار نییە.
ئەوە لەکاتێکدایە ماڵپەڕەکانی ڕێژیم لە مانگی خەزەڵوەری ساڵی ڕابردوو ئەوەیان بڵاو کردبووەوە کە نرخی کۆتایی مەسکەنی میللی لە ٤ میلیۆنەوە بۆ ١٥ میلیۆن بەرز بووەتەوە و بەڵام لە مانگی ڕەزبەری ئەمساڵدا ئەو نرخە بەرز بووەتەوە بۆ ٢٠ میلیۆن تمەن و ئەوەش وای کردووە خەڵکی ئێران توانای کڕین و بە کرێگرتنی ئەو خانووانەیان نەبێت.