بەرپرسێکی باڵای ئیسرائیل و یەکێک لە ژێنراڵە خانەنشینەکانی ئەرتەشی ئەو وڵاتە لە چاوپێکەوتنێکی تایبەتدا بە ''ئێران ئینتێرناشناڵ''ی ڕاگەیاند، هەر ئامانجێک کە ئیسرائیل لە ئێران هێرشی بکاتە سەر تەنیا بە یەک خولی هێرش کۆتایی نایەت، بەڵکوو نیشاندەری دەستپێکردنی شەڕێکی گەورەتر لە نێوان ئەو دوو وڵاتە دەبێت.
ئەمیر ئاڤیوی وتی: ''هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران هێرشێکی گەورە دەبێت، بەڵام تەنیا یەک هێرش لە هێرشە زۆرەکان دەبێ و ئەمەش تەنیا سەرەتای شەڕێکی درێژخایەن لە نێوان ئیسرائیل و ئێران دەبێت".
ئەو ئامانجانەی کە ئیسرائیل لە ئێران لە تۆڵەی هێرشە مووشەکییەکەی کۆماری ئیسلامیی ئێران هێرشی دەکاتە سەر، تا ئێستا ئاشکرا نەکراون، بەڵام ژێنراڵ ئاڤیوی دەڵێت گرینگ نییە ئیسرائیل چی دەکاتە ئامانج، چونکە ئەمە تەنیا دەستپێکە و نابێت وەک ئەگەرێک بۆ گەیشتن بە ئامانجی کۆتایی سەیری بکرێت.
ئەو بەرپرسە پێشوویەی ئیسرائیل دەڵێت، ئامانجی کۆتایی ئیسرائیل ئەوەیە کە ڕێژیمی ئێران نەبێتە هێزێکی ناوکی.
ناوبراو لەو وتووێژەدا جەختی لەوە کردەوە کە ئیسرائیل چەندین سورپرایزیشی بۆ ئێران ئامادە کردووە، بەڵام کاتێک پرسیاری ئەوەی لێ کرا مەبەستی لە "سورپرایز" چییە، ئەو وردەکارییەکی وردی نەخستە ڕوو.
بە وتەی ناوبراو، ماوەی ئەگەری شەڕی نێوان ئێران و ئیسرائیل بە دەرئەنجامی هەڵبژاردنی سەرکۆماری ئەمریکاوە بەستراوەتەوە، ئەگەر ئەمریکا بڕیار بدات پەیوەندیی بە ئیسرائیلەوە بکات و لە چوارچێوەی هاوپەیمانییەکی سەربازیدا ڕووبەڕووی ئێران ببێتەوە، ئەوا ئەم هێرشانە چەند ڕۆژێکدا بە ئاکام بگەن کۆتایی پێ بێت، بەڵام ئەگەر ئەمریکا لە سیاسەتی هێورکردنەوە بەردەوام بێت، ئیسرائیل دەبێت بە تەنیا ڕووبەڕووی ئەم پرسە ببێتەوە و ئەوەش کاتێکی زۆر دەبات.