کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئەگەری هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر خانووی بەرپرسانی باڵای کۆماری ئیسلامی

19:34 - 1 خەزەڵوەر 2724

هاوکات لەگەڵ نزیکبوونەوەی ئەگەری هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران، کاناڵی ١٤ی ئەم وڵاتە لە زاری چەند سەرچاوەی ئیسرائیلییەوە باسی لەوە کردووە کە ئەرتەشی ئیسرائیل لەم هێرشەدا هەوڵی تێرۆرکردنی بێنیامین نێتانیاهوو و بنەماڵەکەی لە بەرچاو دەگرێت.

ڕاپۆرتەکەی کاناڵی ١٤ی ئیسرائیل باس لەوە دەکات کە کابینەی شەڕی ئەم وڵاتە بەمەبەستی وڵامدانەوە بە هێرشە مووشەکییەکەی کۆماری ئیسلامی جگە لە دامەزراوە گرینگەکان و ژێرخانە سەربازییەکانی ئێران، شوێنی مانەوە و خانووی بەرپرسانی باڵای کۆماری ئیسلامیشی بە ڕیزی ئامانجەکانی هێرش، زیاد کردووە.

ئەم بڕیارە پاش ئەوە زیاد کراوە کە لە ڕۆژانی ڕابردوودا حیزبوڵڵای لوبنان کە لەلایەن کۆماری ئیسلامییەوە پشتیوانیی ماڵی و سەربازیی لێ دەکرێت بە دڕۆنێک هێرشی کردە سەر خانووی سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل.

هەر چەند کە بێنیامین نێتانیاهوو و هاوسەرەکەی لە کاتی هێرشەکەدا لە ماڵەوە نەبوون و هێرشەکە هیچ زیانێکی گیانیی نەبوو، بەڵام ئیسرائیل لەمەڕ ئەم هەوڵە هەڵوێستێکی توندی نواندووە.

جیا لە زیادکردنی خانووی بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی بە ئامانجەکانی هێرش، ئیسرائیل لە ڕێگەی پێوەندیدەرەکانییەوە هۆشداریی داوەتە حیزبوڵڵا کە ئەگەر جارێکی دیکە هەوڵی تێرۆرکردنی بەرپرسانی ئەو وڵاتە بدەن، ئەوە ناوچەی زاحییەی بەیرووت بەتەواوەتی لەگەڵ خاک هاوسان دەکات.

زاحییە ناوچەیەکی سەر بە شاری بەیرووتی لوبنانە کە زۆربەی دانیشتووانی شیعە مەزهەبن و پێگەکانی حیزبوڵڵای تێدا جێگیر کراوە.

هەر لەم چوارچێوەدا کاناڵی ١٣ی ئیسرائیل ڕایگەیاندووە کە هێرشێکی گەورە لە داهاتوویەکی نزیکدا دەکرێتە سەر کۆماری ئیسلامی.

کاناڵی ١٣ زیادی کردووە کە پاش جێگیربوونی سیستمی دژە مووشەکیی "تاد"، ئامادەکارییەکان بۆ هێرشکردنە سەر ئێران خەریکە ئەنجام دەبێت.

ئەم کاناڵە جەختیشی کردووەتەوە کە بەپێی بەراوردەکانی ئیسرائیل، کۆماری ئیسلامیی ئێران بەتوندی وڵامی ئەم هێرشە ئەداتەوە.

جێی ئاماژەیە کە لە ڕۆژانی ڕابردوودا و پاش جێگیرکردنی سیستمی تاد، دەوڵەتی نێتانیاهوو داوای لە ئەمریکا کردووە کە دووهەمین سیستەمی تاد ڕادەستی ئیسرائیل بکات تاکوو ئەم وڵاتە بتوانێت لەهەمبەر وڵامی کۆماری ئیسلامی بە هێرشەکەی ڕۆژانی داهاتوو، بەرگری لە خۆی بکات.