کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کوژرانی ٧٨ ژن و کچ لە شەش مانگەی سەرەتای ئەمساڵدا

19:38 - 1 خەزەڵوەر 2724

ڕۆژنامەی "ئێعتمادی"ی ڕێژیم لە ڕاپۆرتێکدا لەژێر ناوی "بووکەکانی ماڵی بەدبەختی" ئاماژەی بە ئاماری کوشتنی ژنان و کچان و هۆکارەکانی ئەم کوشتنانە لەم ساڵدا کردووە.

ئەم ڕۆژنامەیە بە پشتبەستن بە هەواڵە بڵاوکراوەکان لەلایەن میدیاکانەوە ڕایگەیاندووە کە لە شەش مانگەی یەکەمی ئەمساڵدا، لانیکەم ٧٨ ژن و کچ لەلایەن پیاوانی نزیکی خۆیانەوە کوژراون.

ئەم ڕۆژنامەیە هۆکاری زیاترین ڕێژەی ئەم کوشتنانەی "هۆکاری نامووسی" ڕاگەیاندووە و وتوویەتی کە هەواڵەکانی پێوەندیدار بە کوشتنی ژنان و کچان بە پاساوی نامووسی یان کیشەی بنەماڵەیی کەمتر بەمیدیای دەکرێن و ئاماری ڕاستەقینە زۆر زیاتر لە ئاماری بڵاوکراوە.

ڕۆژنامەی ئێعتماد پێشتریش لە کۆتاییەکانی مانگی پووشپەڕدا ڕایگەیاندبوو کە لە سێ مانگەی یەکەمی ساڵی ١٤٠٣دا، لانیکەم ٣٥ ژن و کچ لە شارە جیاوازەکانی ئێراندا کوژراون.

بە پشتبەستن بەم ڕاپۆرتە، کوشتنی ژنان و کچان بە ٣٥ حاڵەتەوە لە سێ مانگی یەکەمی ئەمساڵەوە بۆ ٤٣ حاڵەت لە سێ مانگەی دووهەمی ساڵدا، ڕەوتی ڕوو بەگەشەی هەبووە.

پێشتریش ڕێکخراوی "ستۆپ فێمساید ئێران" ڕایگەیاندبوو کە لە ساڵی ٢٠٢٣ی زایینیدا ١٥٦ حاڵەتی ژنکوژی تۆمار کراوە کە بە واتایەکی تر ئەبێتە ١٣ قەتڵ لە هەر مانگێکدا.

زۆربەی ئەم کوشتنانە لەلایەن هاوسەر، باوک، برا و باقی خزمە نزیکەکانی ژنان و کچانەوە بە پاساوی نامووسی ڕوو دەدەن کە بەپێی یاسا دژەژنەکانی کۆماری ئیسلامی زۆربەی بکوژان بە هۆی خزماتەتییەوە لە سزادران بێبەری دەکرێن.