هەر کەس شەڕخواز نەبێ "حەیوان"ە!
شەماڵ تەرغیبی
بەرنوێژی هەینیی دەسنیشانکراوی بەیتی ڕێبەریی خامنەیی لە ئیسفەهان، ڕێکەوتی ٢٧ی ڕەزبەر و لە نوێژی هەینیی ئەم شارە و لە کاتی خوتبەدا باسێک دێنێتە گۆڕێ لەپێوەندی لەگەڵ شەڕ و ململانێی نێوان ئیسراییل و ئێران و لە چەند خولەکدا هەندێ کەتوار و هەقێقەتی ناپەسەندی ئایدیۆلۆژیکی نیزامەکەی دەخاتە ڕوو کە جێگەی سەرنجن. ناوبراو لە خوتبەکەیدا بەدوور لە هەرچەشنە ئەدەب و ڕێزێک ڕوو لەو کەسانەی بەشداری نوێژی هەینی ناکەن و ڕەخنەیان هەیە لە شەڕاشۆڕییەکانی تاران بەرامبەر بە ئیسراییل، دەڵێ ئەوانە ترسەنۆک و "حەیوان"ن!
بەحەیوانزانینی ڕەخنەگرانی حکوومەتی و ئەو کەسانەی باوەڕیان بە نیزامە جێگەی پەسندەکەی ئاخوند تەباتەبایی نییە لەڕاستیدا شکاندنی کەرامەتی مرۆڤانەی تەواوی ئەو کەسانەیە کە لە جوغرافیای سیاسیی ئێراندا دەژین و ئەمەش سەرچاوەگرتوو لە زەینی نەخۆش و هیستریایی ئەوانە کە هەر کەس هاوڕایان نەبێ و نەکەوێتە نێو پیلانگێڕییەکانیان و داکۆکی لە نامەشروعبوونیان نەکات بە گڵاو و دوژمن و ترسەنۆکی دەناسێنن.
ڕوویەکی تری ئەم باسە ئەو کەتوارەیە کە ئەوەی ناوبراو بەسەر زاریدا دەهێنێ نەک بۆچوون و تێڕوانینی خۆی بەڵکوو تێڕوانینی ڕاستەقینەی بەرپرسانی باڵای کۆماری ئیسلامییە؛ واتە پڕئاشکرایە کە ئەوەی بەرنوێژی هەینی لە ئێران ڕۆژانی هەینی دەیڵێن تەئید و پەسندکراوی بەیتی ڕێبەرییە و دەبێ وەک ڕاگەیاندنی ڕەسمی و فەرمی حکومەت چاوی لێ بکرێ.
ئەوەیکە جێی مشتومڕ نییە ئەو ڕاستییەیە کە هەموو وڵاتانی جیهان دەیانهەوێ لانیکەم لە ناوچەی دەوروبەری خۆیاندا شوێندانەرییان هەبێ و لەڕاستای بەرژەوەندییەکانی خۆیان هەنگاو دەنێن؛ جیا لە هەموو پرسە ئابووری و بەرژەوەندییە سیاسییەکان، کاریگەری و شوێندانەری دەوڵەتان لە سەر دەوروبەری خۆیان بۆ پرسێک بە ناوی ئەمنیەت دەگەڕێتەوە کە ڕێژیمەکان وا دەخوازن لە نێو ڕای گشتیی وڵاتانی دەوروبەر و ناوچەدا بە ڕێژیمێکی بەهێز و کاریگەر و خاوەن هێژمۆنی بناسرێن تاکوو، هیچ ڕکەبەر و دوژمنێک تەماحی زەبروەشاندنیان لە مێشک نەکەوێ.
بەومانایە کە تەنانەت ئەگەر بە شێوەی کردەییش هێرش نەکەنە سەر یەکتر تا بیسەلمێنن کە بەتوانان لانیکەم بە شێوەی ڕەوانی لە نێو ڕای گشتیی خەڵکانی ناوچەکەدا وا بنوێنن کە هەرکەس دەستیان بۆ ببات، دەستی کورت دەکەنەوە و ئەمە دەبێتە بەربەستێکی زێهنی کە ڕکەبەرەکان هەوڵی پیلانگێڕانی لە دژ نەدەن.
لەسەر ئەم ئەساسە و بە ناسیاوییەک کە لە ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی هەیە دەتوانین بڵێین ئەم ڕێژیمە نەک ئەمنیەتی خۆی بە ئەمنیەتی خەڵکانی نێو ئێرانەوە نابەستێتەوە، بەڵکوو ئەمنیەتی خۆی لە نائەمنکردنی ژیانی خەڵکانی دیکەدا دەبینێتەوە!
خامنەیی و باندە مشەخۆرەکەی و یەک لەوان ئەم بەناو بەرنوێژی هەینییەی ئیسفەهان هەموو وڵاتان دەکەن بە دوژمنی وڵاتی ئێران و هەموو خەڵکی ئێرانیشیان پێ فریوخواردووی دوژمنە و بە حەیوان و کاڵفام و نەزان پێناسەیان دەکەن! لێرەدا پێویستە فلەشبەکێک بۆ ڕابردوو بدەینەوە؛ ئەو دەمەی کە کەسێکی وەک خومەینی دەیگوت شەڕ نێعمەتێکی ئیلاهییە و لەسەر ئەم لۆژیکە نالۆژیکییە ئێرانی بەرەو هەڵدێر و ماڵوێرانی و کاولکاری برد کە ئاسەوارەکەی ئێستاشی لەگەڵدا بێ بە ڕوخساری زۆرێک لە شارەکانەوە دیارە.
لە بەشێکی تری قسەکانیدا ئاخوند تەباتەبایی باس لە هۆکاری شەڕ لەگەڵ ئیسراییل دەکات و وا دەنوێنێ کە بەڵێ ئەوە ئێمەین کە داکۆکیکاری دینی ئیسلامین و ئەگەر ئێمە نەبین ئەوا دینەکەمان و خاکەکەمان لەکیس دەچێ و دەفەوتی لەحاڵێکدا هەر ئەم زاتە ناخپیسانەبوون کە لە ڕابردوودا هەم پرسی دینیان لای خەڵکی باوەڕمەند سووک کرد و بە ئاکاری نابەجێیان و بەناوی دینەوە تاوانکاری و تاڵانکارییان کردووە و تا ئێستەش هەر بەردەوامن لێی.
کۆماری ئیسلامی بۆ درێژەدانی تەمەنی خۆی، پەرەی بە شەڕ و تیرۆریزم لە ناوچە و جیهاندا داوە و لەپاش خەڵکی ئێران لە سووریە و عێراق و لوبنان و بەحرەین و یەمەن تاوانی خوڵقاندووە و تاوان دەخوڵقێنێ. بۆیە دەتوانین بڵێین جەنابی تەباتەبایی ئەوەیکە شەڕخواز بێ "حەیوان"ە! نەک خەڵکانێک کە بەدوای ئاسایش و هێمنی و پێکەوەژیانی ئارامن!