کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

شەهین تاڵەبانی: هونەرمەند ئەو کەسەیە بەرهەمەکانی ڕەنگدانەوەی بارودۆخی ئابووری و سیاسی و کۆمەڵایەتیی نەتەوەکەی بێت

20:05 - 1 خەزەڵوەر 2724

شەهین تاڵەبانی:

هونەرمەند ئەو کەسەیە بەرهەمەکانی ڕەنگدانەوەی بارودۆخی ئابووری و سیاسی و کۆمەڵایەتیی نەتەوەکەی بێت

 

دیمانە: شەهرام سوبحانی

ئاماژە: هونەر و مۆسیقا شێوازێکن لە دەربڕینی هەست و سۆزی مرۆڤەکان کە قەڵەم و وشە لە ئاست دەبڕینی ئەو هەست و سۆزانە بێ ئاکام ماوەتەوە. وەکوو چۆن دەڵێن: "لە شوێنێک کە وشە کەم دێنێ، ئەو کاتەیە کە مۆسیقا دێتە مەیدان و ڕۆڵی خۆی دەگێڕێ" هونەرمەندانیش وەک ئەکتەری سەرەکی ئەم شانۆیە بە بزواندنی هەستی خەڵک و خولقاندنی دەیان ئەسەری سرنجڕاکێش ڕۆڵێکی سەرەکی لەم بەشەدا دەگێڕن. "کوردستان" بۆ باس و بابەتێکی تایبەت بە دنیای هونەر و ژیانی هونەرمەندان دیمانەیەکی لەگەڵ هونەرمەندی ناوداری کوردستان خاتوو "شەهین تاڵەبانی" پێک‌هێناوە.

خاتوو شەهین لەگەڵ ئەوەدا جەنابت یەکێک لە هونەرمەندە ناسراوەکانی کوردستانی، بەڵام با لە زمانی خۆتانەوە سەرەتا باسێکمان هەبێت لە ژیانی هونەریتان، لە قۆناغە جۆراوجۆرەکانی ئەو ژیانە هونەری و پڕ بایەخەتان. و ئەوەیکە چۆن بوو کە هاتنە نێو دنیای هونەر؟

لەگەڵ ڕێز و خۆشەویستی ئاراستەی جەنابتان، دەسخۆشی‌تان لێ دەکەم کە ئەم دەرفەتەتان بەمن‌دا کە بتوانم لە خزمەتتاندا بم. من هونەرمەند شەهین تاڵەبانیم با لێرەوە دەست پێ بکەم کە هەر منداڵێک لە تەمەنێکا پێی ئەزانن کە چە بەهرەیەکی هەیەو تواناییەکانی چین، من لە کلاسی دوو و سێی سەرەتایی مامۆستای کلاس ئاگادار بوو کە دەنگێکی تایبەتم هەیە، ئەو کاتانە لە هەفتا یەک ساعەت بەرنامەی مۆسیقامان بوو و زۆر کات مامۆستا داوای لە من دەکرد کە گۆرانی بڵێم، جارجاریش لەمەودوا بەرنامەیەک بوو بە ناو بەرنامەی "کودک" من بەشداریم ئەکرد و کلاس سێ و چوار تا پێنج و شەشیشی سەرەتایی هەروا بەرنامەیەکی دیکە بوو کە من بەشداریم ئەکرد لە ناو مەدرسەکەمانا. بەڵام کاتێک گەورە بووم و چوومە قۆناغێکی دیکەی خوێندن" راهنمایی" ئیتر دوازدە، سێزدە ساڵە بووین وهەستمان کرد کە بۆ کچ گۆرانی خوێندن لە بازێ جێگەگەلا باش نییە و بە عەیبیان دەزانی، منیش ئیتر دووریم کرد لە بەرنامەکان. و ئەگەر داوایان بکردای کە بچم لە حزووری خەڵکا گۆرانی بلیم ئیتر نەدەچووم، بەڵام کە چوومە دەبیرستان بەس بۆ ڕەفێقەکانی خۆم جار جارێک گۆرانیم بۆیان ئەخوند تاکوو کلاسی نۆ یانێ سێ ساڵ لە دەبیرستان تەواو بوو دوای ئەوە من لە ئیمتحانێکدا بەشداریم کردوو و قەبووڵ بووم بۆ ئەوەیکە دەرسی مامۆستایەتی بخوێنم، بەمجۆرە بۆ دوو ساڵ لێنیچە کە ئیتر کچێکی گەورە بووین وهێشتا هەر جوان نەبوو لە زۆربەی جێگە تۆ لە بەرانبەر خەڵکا گۆرانی بڵێت بەڵام هەروا لەو دوو ساڵەدا بۆ هاوڕێیەکانم گۆرانیم ئەخوەند ئەو کاتە ١٧ ساڵەم بوو کە بەرنامەیەک پێش‌هات کە بۆ یەک هەفتە بچینە سەیرانێک بە ناوی "ئاویەر" لێنە هەفتەیەک بوو مامۆستاکان کە قەرار بوو ببین بە مامۆستای داهاتوو بەرنامەمان بوو دوای ئێواران کە دەرسمان تەواو ئەبوو لە دەوری یەک جەم ئەوینەو گۆرانیمان ئەوت تاکوو ئێوارەیەک بەڕێزێک هات وتی: من "عەباسی کەمەندی"م ناوە و لە ڕادیۆ کار ئەکەم. گوێی لە دەنگم بوو، قاوی لێم کرد وتی: "من حەز ئەکەم بیت ببیتە گۆرانیبێژ و لە ڕادیۆدا گۆرانی بڵێت" بەڵام من پێمخۆش بوو کە جوابی بدەمەوە و بڵێم نابێت کەی بۆ کچ لێرا ئیسە لەم تەمەنا بەتایبەت لەناو کوردەواریدا ئەبێت گۆرانیبێژیت. وتێ: ئەوە "فەتانە" گۆرانی ئێژێت قەیچی ئەکات. منیش وتم: نە، من ئەو کارە ناکەم. ماوەیەکی زۆر هەرهات، هەر چوو، هات بۆ ماڵمان وتی: کە عەیب نییە و تۆ دەبێ گۆرانی بڵێی و گۆرانییەکم هەیە بەناو "سەبری گۆڵفرۆش" پێمخۆشە تۆ بیخوێنی. کاک عەباسی کەمەندی بۆ ماوەی پێنج بۆ شەش مانگ هەرهات و هەر ڕۆیشت تاکوو ڕازی بووم. هەرچەند کە بنەماڵەی خۆم ئەهلی هونەر بوون. بەڵام بۆ ئەوانیش قسەی خەڵک کاریگەری خۆی هەبوو، من دوای پێنج بۆ شەش مانگ ڕازیم بووم کە بیخوێنم، بەڵام بە شەرتێک کە ناوی من بگۆڕن بە ناوی " ویدا" ئەویش خۆشکێکم بوو کە ئەو کاتە زۆر منداڵ بوو و قەبووڵیان کرد و گۆرانی "سەبری گۆڵفرۆش" یەکەم گۆرانی بوو کە کاک عەباسی کەمەندی ئامادەی کردبوو و ئێمە ڕۆیشتین بۆ پڕۆڤەکردن و دوای چەن ڕۆژێک لە ڕادیۆی سنە لەگەڵ گروپی مۆسیقای ئەو کات کە بەداخەوە ناوەکەیم لەبیرنەماوە تۆمارمان کردوو و گۆرانی "سەبری گۆڵفرۆش" هاتە بەرهەم و دوای چەن ڕۆژ دەنگدانەوەی زۆری لە سنە و شارەکانی دیکە هەبوو و زۆربەی جێگەکان حەزیان لێ بوو و خەڵک دەیانگوت داخۆم ئەوە کێیە ئەو گۆرانییەی خوێندووە و نەیاندەزانی منیش بە کەسم نەدەگوت کە ئەوە من بووگم، دوای ئەویچە ماوەیەکی پێچوو تازە چوومە ناو کلاس و مامۆستا بووم، منداڵێک گۆرانییەکی خوێند بە ناو " دوێشەو خەوم دی دووروا بیماری" زۆر مێلۆدییەکەیم پێ خۆش بوو، منیش پێوەندیم بە کاک عەباس کەمەندییەوە گرت و وتم: ئەم مێلۆدییەش جوانە بەس شێعرەکانی بگۆڕێن بە فۆلکلۆر ئەو گۆرانییەشم تۆمار کرد. و ئیتر دوای ئەو دوو بەرهەمە گۆرانیم نەخوەند لە سنە نەمام و قسمەت وابوو کە بچم بۆ تاران.

هەر هونەرمەندێک بە ئاوازێک یان بە بەرهەمێکی جیاواز جێگەی تایبەتیی خۆی لەنێو دڵی خەڵکدا دەکاتەوە. پێتان وایە کام بەرهەمی هونەریی ئێوە توانیویەتی زۆرترین کاریگەریی لەسەر خەڵک و بەردەنگەکانتان بکات؟ بۆ؟

ئەو گۆرانییەی کە حازر بووم و ڕازی بووم بی‌خوێنم یەکەم گۆرانی بوو کە بە ناوی" سەبری گوڵفرۆش" ئەو کات ئێمە لەگەڵ کاک عەباس کەمەندی لە ڕادیۆی سنە تۆمارمان کرد. ئەڵبەتە لە کاتێکا ئێمە لەگەڵ کاک عەباس کەمەندی پڕۆڤەمان ئەکرد هەر ئەو کاتە گروپی مۆسیقا وتیان: زۆر زۆر جوان ئەوێت کە بە دوو قۆڵی بیخوێنن. کاک عەباس کەمەندی بە ڕەحمەت بێت وتی: "نەوڵڵا من ئەو کارە ناکەم، ئەو بۆ خۆیی دەنگی زۆر خۆشتر لە دەنگی منەو بۆ ئەو کارە حەیفە با هەر بۆ خۆیی بیخوێنێ". بەڵام گروپی مۆسیقا  وتیان: ئێوە دووبارە بیخوێنە و با ئێمە گوێمان لێ بێ. خوێندمانەوە دووبارە گروپی مۆسیقا ئیسراریان کرد کە نابێ، دەبێ بە دوو قۆڵی بیخوێنن و شتێکی جیاوازە و زۆریش جوان ئەبێت. ئیتر بەو جۆرە ڕازی بووین هەردووکمان بە یەکەوە دوو قۆڵی ئەو گۆرانییەمان بە ناو "سەبری گۆڵفرۆش" خوەند. بەڵام بەڕاستی دوای بڵاوبوونەوەی ئەم بەرهەمە هەموو ڕۆژێک چەندین جار ڕادیۆ لە هەموو لایکەوە بڵاوی ئەکردەو، و تەنانەت تا "قەسرشیرین" و "کرماشان" و تەنانەت ئەو بەرهەمە توانی سنووری ڕۆژهەڵاتیش تێپەڕبکات و بگاتە باشوور.

با لە زمانی شەهین تاڵباینەوە ببیستین کە هونەرمەند کێیە؟ و بە كێ دەوترێت هونەرمەند؟

هەروا کە وتم لە منداڵییەوە هەر منداڵێک بۆ خۆی ئەگەر لە هەر بوارێکدا بەهرەیەکی هەبێت نیشانی ئەدا و ئەزانێت کە چ توانایەکی هەیە. ئێستا ئەو تواناییە چ بەشی مۆسیقا بێت یان گۆرانی، یا شێعر و... بەگشتی دەتوانم بێژم کە جەوهەرەی ئەو شتە لە ناخیاندا خۆی نیشان ئەدات و دەریدەخات کە ماییەی هونەرمەندبوونی تێدایە یان نە، و ئەتوانم بێژم کە هونەرمەند ئەو کەسەیە کە "داهێنەر بێت و داهێنانی نوێ بکات " ئەو کەسەیە کە تەواوی وجودی، ئێحساسی لەسەر کارێک کە سوودمەند بێت بۆ وڵاتەکەی بۆ خەڵکەکەی تەرخانی بکات یان بە واتایەکی تر بەرهەمەکانی ڕەنگدانەوەی بارودۆخی ئابووری و سیاسی و کۆمەڵایەتی نەتەوەکەی بێت. و هەر وڵاتێک ئەگەر بتوانێ لە هەموو بوارێکی هونەردا گەشە بکات ئەو وڵاتە دەوڵەمەند دەبێت و دەبێتە هۆی ئەوەیکە ئەو وڵاتە بناسن. بە بڕوای من هونەرمەند ئەبێت کارێک کە ئیکات ئیمانی پێ بێت و بەو جۆرە کارەکەی بەدڵی خەڵک و سوودمەند ئەبێت یان بە واتایەکی تر ئەتانم بێژم کە " قسەی دڵی خەڵک بکات" ئەو کات لای خەڵک هونەرمەندە، و هەروەها هونەرمەند ئەبێ خاوەن کەسایەتییەکی تایبەت بێت چونکە کەسایەتی هونەری بۆ خەڵکەکەی ئەوێتە ئۆلگوویەک و خەڵک شتی لێ فێر ئەبن. و هەموو شتێکی ئەو هونەرمەندە بۆیان تایبەت و سرنجڕاکێش ئەبێت و لە هونەرمەند زۆر شت فێر ئەبن جا ئەو کاتەسە دەتوانین بەو کەسە بێژین هونەرمەند.

بەپێی ئەزموونەکانی خۆتان و هونەرمەندانی دیکەش لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان ئەو کۆسپانەی لە بەردەم هونەرمەندی دەروەست دەبن یان لەلایەن دەسەڵاتەوە بۆیان دروست دەکرێ چن و چۆنن؟

ئەو کاتە بەس قسەی خەڵک بوو کە ڕێگری ئەکرد لە ئەو کەسەی کە خاوەن بەهرەی دەنگی خۆشی بوو، بەتایبەت بۆ کچان، تەنانەت بۆ کۆڕە کانیش من بنەماڵەم دەناسی کۆڕەکەشیان دەنگی خۆش بوو، بەڵام ئیجازەیان پێیان نادا کە دوای بەهرەکەیان بکەون، هۆکارەکەشی هەروەک ئاماژەم پێکرد قسەی خەڵک بوو، بۆ ئەو کاتە. بەڵام ئێستا ئیتر ئەوە نەماوە ئیتر ئیسە ئەزانن کە هونەر سامانێکە بۆ وڵاتێک کە بەڕاستی هونەرمەندی ڕاستەقینەی تێیدا بێت و کاری هەروا وتم سوودمەند بێت وهونەرەکەی ببێتە هۆی ئەوەیکە ئەو وڵاتە دەوڵەمەند بێت لە هەموو بوارێکی هونەری. بۆ مەسەلەی دەسەڵات تا جێگەیەک بۆی بکرێ ڕێگری دەکات هەرچەند ئێستاش لە ڕۆژهەڵاتا بە تایبەت گروپی مۆسیقا من ئاگادارم کە زۆر زۆر پێش چووگن و گۆرانیبێژیشی باشمان هەیە کە توانیگیانە خۆیان بگەیننە باشوور و دەربکەون و بەداخەوە دەبێ ئەو ڕاستییەش بگوترێ کە هێشتا لە ڕۆژهەڵاتا بە تایبەت کچان ئەو مەجال و ئیمکاناتەیان لە بەردەستدا نییە کە بەهرەکانی خۆیان نیشان بدەن و لە ئاکامدا دەتوانم بێژم تەنیا ئەو سەردەمە زۆرتر قسەی خەڵک بوو کە دەیتوانی ڕێگر بێت و دیوارێکی بەرزی لەبەینی ئەو کەسانا دروست دەکرد کە گەرەکی بوو کاری هونەری دەست پێ بکات.

پێمان خۆشە لێرەدا باسێک لە هونەرمەندی نەمر "فەتانە وەلیدی" بکەن، کە تایبەتمەندییەکانی ئەم کەڵە هونەرمەندە چی بوون؟ و چەندە کاریگەرییان لەسەر هونەرمەندانی پاش خۆیان داناوە؟

فەتانەی ڕەحمەتی ڕۆحی شاد بێت کە داخێکی گەورەشە کە بەڕاستی زۆر زۆر پێمان ناخۆش بوو کە لەو حاڵەتا بوو و بەداخەوە هەر زوویش دونیای هونەری بەجێ‌هێشت کە ئەوە بۆ خۆیی باسێکی جیاس، بەڵام فەتانە هەر بە هۆی ئەوەیکە بابی ئەهلی هونەر بوو و لەم پێوەندییەدا زۆر زۆر هەوڵیدا کە فەتانە ببێتە گۆرانبێژێکی باش و ئەگەر سرنجتان دابێت لە حاڵەتی خوێندنی گۆرانییەکانا فەتانە ڕازی نەبوو و بە نەزەرم هۆکارەکەشی ئەوە بووە کە ڕۆحی لە حاڵەتی خەمۆکیدا بوو و لە ناخی خۆیەوە ناڕەحەتییەکی هەبوو کە نەبوونی دایکی بوو یا هەر مەسەلەیەکی تر و هیچ وەخت بە ڕۆحییەکی شادەوە گۆرانی نەدەگوت، بابی زۆری لێ ئەکرد کە گۆرانی بڵێت و ئەو دەنگە جوانە و ئەو دەنگە خۆشە زۆر زۆر سوودمەند بوو و کارەکانی زۆر جوان بوو و توانایەکی زۆر زۆر جوانی بوو و پێموایە ئەگەر ڕۆحییەکی باشتری بووای کاری لەوە باشتر و جوانتری ئەکرد. و هەر ئەوەیکە وتم چونکە بابی لە پشتی بوو نیشانی دا کە ئەگەر کەنیشکێکی تریش هونەر و بەهرەیەکی بێت دەتوانێ بە شێوە نیشانی بدات کە ئەمە بۆ خۆیی کاریگەرییەکی باش بوو لەو سەردەمەدا.

هەر پێوەندییدار بە پرسیاری پێشوو ئەو تایبەتمەندییانەی کە "فەتانە وەلیدی" لە هونەرمەندانی  سەردەمی خۆی جیاوازتر نیشان ئەدا چین؟

بۆ وڵامی ئەم پرسیارە بەڕای من دەنگی هونەرمەندە کە دەتوانێ ببێتە هۆی ئەوەیکە بە نیسبەت هونەرمەندەکانی تر جیاوازتر دەربکەوێت. و پێوەندی هەیە بە شێوازی دەنگەکە، سۆز و هێزی دەنگەکە. و دەنگی هونەرمەند " فەتانە وەلیدی"یش دەنگێکی جوان و تایبەت بوو و هەروەها ئەو پشتگیرییەی کە لەلایەن بنەماڵەکەوەیە بەتایبەت باوکی کە هەیبوو توانی ئەو بەهرەیەی کە هەیەتی نیشانی بات و پێش بکەوێت.

چۆن باس لە ڕچەشکێنی ژنان بۆ هاتنە نێو دونیای هونەر ئەکەن؟ بە تایبەت لە سەردەمی بەڕێزتان کە زۆر شت ڕێگر بووە لە بەردەم ژنان لەم بەشەدا؟

ئەو کەسە کە ڕچەشکێنی کرد لەو سەردەمەدا هونەرمەندی نەمر "فەتانە وەلیدی" بوو و ئەگەر منیش کردبێتم، بەڵام ئەوەی گرینگە ئەوەیە کە لە هەر بنەماڵەیەکدا پێویستە دایک و باوک پشتی ئەو کچ و کوڕە بەهرەمەندانە بگرن کە بەڕاستی بەهرەیەکیان هەیە. بە تایبەت لە بواری هونەری، بەڕای من زۆر زۆر گرینگە کاتێک کە بزانی کۆڕەکەت یان کچەکەت بەهرەیەکی هەس، ئەبێ ئەو پشتگیرییە بکەی بۆ ئەوەیکە  بتوانێت لە کارەکەیا پێش بکەوێت و کاری جوان پێشکەش بکات و دونیای هونەر بە بەرهەمەکانی دەوڵەمەندتر بکات. بۆ ئەو مەسەلەیە بەڕای من ئەو شتانەی کە ڕێگر بوون  قسەی خەڵک بوو، چونکە بەڕاستی قسەی خەڵک لەو کاتا زۆر زۆر گرینگ بوو، خەڵکی ئەو سەردەمەش هەمیشە و دایم چالاکی ژنانیان بەتایبەت لە کاری هونەریدا بە عەیب و عار دەزانی، و ئەوە بۆ خۆیی دەبووە هۆی ئەوەیکە ڕێگر بێت لە بەردەم ژنان و کچان و ئەو کەسانەی کە بەڕاستی خاوەن بەهرە بوون.

ئەوە پرسیاری زۆر کەسە کە هونەرمەند "شەهین تاڵەبانی" لەمێژساڵە دەنگ و بەرهەمی نوێی نییە، یەکەم بۆ؟ دووهەم ئایا هونەرمەند "شەهین تاڵەبانی" جارێکی دیکە بە بەرهەمی نوێ دەگەڕێتەوە لای ئەویندارانی دەنگ و هونەرەکەی؟

من بەداخەوە لە کوردستان کێشەیەکم بۆ هاتەپێش کە حەز ناکەم باسی بکەم، چۆن هەرچی بێت ئێمە کوردین، و بووە هۆی ئەوەیکە من لە دونیای هونەر دوور بکەومەوە. ئێستاش دوو سیدی گۆرانی تازەم هەیە و حەزم ئەکرد هەمووی بەرهەمەکان ئامادە بکەموو و پێشکەشی ئەو هەوادارانەی بکەم کە حەزیان لێیە گوێبیستی بەرهەمی تازەی من بن. بەڵام بەداخەوە ئەو مەسەلە کە بۆ من هاتەپێش بووە هۆی ئەوەیکە نەتوانم ئەو دوو سیدییەکە ئامادە بکەم و هەمیشەش پێمخۆش بووە کە یەک شێرکەت یان یەک، دوو ئێسپانسێری باشم بۆ پەیدا بێت کە بتوانن یارمەتیم بکەن تا من بتوانم بەرهەمەکانم ئامادە بکەم و بۆ جارێکی دیکە بکەوێتە بەر گوێ خەڵکی ئازیز و خۆشەویستی کوردستان و چێژی لێ وەرگرن.

وەک دواین پرسیار ئەگەر قسەیەکتان مابێت و هەروەها ئەو پرسیارە کە هونەرمەند "شەهین تاڵەبانی" چ پەیامێکی تایبەتی بۆ خەڵک و کۆمەڵگەی کوردستان و تازەلاوانی ئەو بوارەدا هەیە؟

قسەی من بۆ خەڵکی خۆشەویستی کوردستان بەتایبەت لاوانی تازە پێگەیشتوو ئەوەیە ئێستا دونیای تەکنۆلۆژی کارێکی کردووە ئیتر مێشکی هەموو ئینسانێک زۆر زۆر گۆڕاوە و دونیای هونەریان بینیوە و ئەزانن، کە هەر وڵاتێک لە هەر بوارێکی هونەردا پێش بکەوێت ئەو وڵاتە وڵاتێکی دیار و دەوڵەمەند دەبێت، هەر وڵاتێک هونەری تێیدا نەبێت مردووە و ئاواتەخوازم کە خەڵک پشتگیری لە هونەر بکەن و یەک گلییەک کە من هەمە لە خەڵکی کورد ئەڵبەتە  لە باشوور، چونکێ من لەحاڵی حازردا لە ڕۆژهەڵات نیم و ساڵهایە لێی دوورم، هیوادارم ئەوان وا نەبن بۆ هونەرمەندانی کورد، هیوادارم ئەرزش دابنێین و پشتگیریان لێ بکەن و ئەگەر ئەتوانن یارمەتیان بدەن با بەرهەمی تازەیان ببێت، گلەکەی من ئەوەیە کە بەداخەوە بەو ڕادەیەی کە ئەررش بۆ هونەری بێگانە وەک " تورک، فارس، عەڕەب" دادەنێین بۆ هونەری کوردی ئەو ئەرزشە دانانێین. هیوادارم خەڵک بە هونەرمەندی کورد بایەخ بدا، نرخ بدەن ئەرزشیان بۆ دابنێین، ڕێزیان لێ بگرن و هەروەک وتم هونەرمەندی کورد بەلایانەوە ڕێز و خۆشەویستی ببێت. من ئاواتەخوازم ڕۆژێک ببێت هونەری کورد بە ئاستی هونەری دونیا بگەیت بەتایبەت ژەنیارەکان پێویستە ڕێزیان لێ بگیردرێ، چونکە ژەنیارەکان زەحمەت ئەکێشن و کات دادەنێین بۆ ئەوەیەکە ئەو هونەرە فێر ببن و بەڕاستی بەرهەمی گۆرانیبێژکانیش بە مۆسیقاوە ڕەنگ و جوانی دەگرێ و زیاتر دەردەکەوێ، هیوادارم ئەم گلەیی منە کە هەروەک وتم ئیتر نەبێت کە بێژم هونەرمەندی کورد بە ڕادەی هونەرمەندانی وڵاتانی دیکە ئەرزش و نرخ و بایەخیان ببێت.