کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

٢٠٠ ئەندامی سپای پاسداران و میلیشیاکانی سەر بە ڕێژیمی ئێران لە ئەمساڵدا لە سووریە کوژراون

10:36 - 2 خەزەڵوەر 2724

چاوەدێری مافی مرۆڤی سووریە ڕۆژی سێشەممە ١ی خەزەڵوەر، لە ڕاپۆرتێکدا ڕایگەیاند کە لە سەرەتای ساڵی ٢٠٢٤ـەوە تا ئێستا ١٢١ هێرشی ئیسرائیلی بۆ سەر ئەم وڵاتە تۆمار کردووە و لە ئەنجامدا زیاتر لە ٢٠٠ ئەندامی سپای پاسداران و میلیشیاکانی سەر بە گرووپەکانی ڕێژیمی ئێران کوژراون.

ئەو ڕێکخراوە نووسیویەتی کە لە ١٢١ هێرشی ئەمساڵی زایینیدا، ٩٨ هێرش ئاسمانی بووە و ئەوانی دیکەش پێوەندییان بە هێرشی مووشەکی لەلایەن هێزی زەوینیی ئیسرائیلەوە بووە، کە بەوهۆیەوە چەندین بنکە لە سووریە کراونەتە ئامانج و زیاتر لە ٢٠٠ ئامانج لەوانە بیناکان، کۆگاکانی چەکوچۆڵ و بنکەکانی فەرماندەیی و کەرەستەکانی هاتوچۆ لەنێو بردراون.

بەپێی ئامارەکانی چاوەدێری مافی مرۆڤی سووریە، لەو هێرشانەدا ٢٩٥ کەس کوژراون و ١٨١ کەسی دیکەش بریندار کراون کە ٢٥ کەس لە کوژراوەکان ئێرانی و ئەندامی سپای پاسداران بوون.

لە لیستی چاوەدێری مافی مرۆڤی سووریە کوژراوەکانی دیکە بریتین لە ٥٠ ئەندامی حیزبوڵڵای لوبنان، ٢٨ هاووڵاتیی عێراقی، ٧٥ میلیشای خەڵکی سووریە، ٢٤ میلیشیای غەیرە سووری، ٥٦ سەربازی ئەرتەشی سووریە و کەسێکی نەناسراو.

ئەو ڕێکخراوە ئاماژەی بەوە کردووە کە بەهۆی ئەو هێرشانە ٤٢ کەس کوژراون و نزیکەی ٥٣ کەسی مەدەنیی دیکەش بریندار بوون.