شەوی ڕابردوو ئەرتەشی ئیسرائیل بەفەرمی کوژرانی هاشم سەفییەدین جێگرەوەی حەسەن نەسروڵڵا و ٢٥ کەس لە بەرپرسانی باڵای حیزبوڵڵای ڕاگەیاند.
بەپێی زانیارییەکانی چەند سەرچاوەی عەرەبی، ڕۆژی سێشەممە ١ی خەزەڵوەر تەرمی سەفییەدین و ٢٣ کەس لە بەرپرسانی باڵای حیزبوڵڵا، پاش ١٨ ڕۆژ لە ژێر وێرانەکانی ناوچەی زاحییە هێنرایە دەرەوە.
ئیسرائیل پاش کوژرانی حەسەن نەسروڵڵا، ڕێکەوتی ١٣ی ڕەزبەر هێرشی کردە سەر بنکەی ڕێکخراوی هەواڵگریی حیزبوڵڵا و هاشم سەفییەدین و ٢٥ کەس لە ئەندامانی باڵای ئەم گرووپەی لە کۆبوونەوەیەکدا کوشت.
سەفییەدین بەرپرسی شۆرای بەڕێوەبەریی حیزبوڵڵا بوو کە بەرپرسیارەتیی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی ئەم گرووپەی لە ئەستۆ بوو.
ناوبراو ساڵی ٢٠١٧ی زایینی خرایە نێو لیستەی تێرۆریستیی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا.
گرووپی چەکداریی حیزبوڵڵای لوبنان کە لەلایەن کۆماری ئیسلامییەوە پشتیوانیی ماڵی و سەربازیی لێ دەکرێت ڕۆژێک پاش هێرشی تێرۆریستیی چەکدارانی حەماس بۆ سەر خاکی ئیسرائیل، بەمەبەستی پشتیوانیکردن لە حەماس هێرشەکانی بۆ سەر ئیسرائیل دەست پێ کرد.
لە بەرامبەردا ئیسرائیل ڕێبەری حیزبوڵڵا، حەسەن نەسروڵڵا و زۆربەی فەرماندە و کادرە باڵاکانی ئەم گرووپەی کوشت و هێرشی زەمینیشی کردە سەر خاکی لوبنان.