لە درێژەی کۆبوونەوە ناڕەزایەتییەکان لە شارەکانی کوردستان و ئێران، خانەنشینکراوانی موخابرات بۆ جارێکی دیکەە کۆ بوونەوە و ناڕەزایەتییان دەربڕی.
ڕۆژی سێشەممە یەکی خەزەڵوەر، ژمارەیەک لە خانەنشینکراوانی موخابرات، لە شارەکانی کرماشان و ئیلام و چەند شاری دیکە، کۆ بوونەوە و سەبارەت بە گرینگینەدان بە داواکارییەکانیان ناڕەزایەتییان دەربڕی.
خانەنشینکراوانی موخابرات سەرەڕای زاڵبوونی کەشی ئەمنییەتی لە کرماشان لە بەردەم سندووقی خانەنشینی کۆ بوونەوە و بە وتنەوەی دروشم داوای ئازادیی بەندکراوان و مافەکانی خۆیان کرد.
ناڕازییان لە کرماشان هەروەها داوای مافی سێنفە جیاوازەکانی وەک پەرستارەکان و ئازادیی کرێکارانیان کرد.
کۆبوونەوەی ناڕەزایەتیی چین و توێژە جیاوازەکان لە پێوەندی لەگەڵ دۆخی ژیان لە ئێران و کوردستان بەردەوامە و ڕۆژ لە دوای ڕۆژ ئەم دۆخە خراپتر دەبێت، بەڵام تاکوو ئێستا بەرپرسانی ڕێژیم جگە لە سەرکوت، دۆسییەسازیی ئەمنییەتی و وەپاڵدانی تۆمەتی جۆراوجۆری بێ بنەما هیچ هەڵوێستێکیان نەبووە.