کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەرزبوونەوەی چوار هێندەیی پشکی هێزە چەکدارەکانی ڕێژیمی ئێران لە داهاتی نەوت و گاز

11:26 - 2 خەزەڵوەر 2724

وردەکاریی پڕۆژەیاسای بوودجەی ساڵی ١٤٠٤ دەریدەخات پشکی هێزە چەکدارەکانی ڕێژیمی ئێران لە داهاتی هەناردەکردنی نەوت و گاز لە بوودجەی گشتیی دەوڵەت ٥١٪ دەبێت.

بەپێی دەقی پڕۆژەیاسای بوودجە کە مەسعوود پزشکییان سەرۆککۆماری ڕێژیمی ئێران ڕۆژی سێشەممە ١ی خەزەڵوەر، ڕادەستی مەجلیسی کرد، پشکی دەوڵەت لە کۆی هەناردەکردنی نەوت و گاز لە ساڵی داهاتوودا ٣٧.٥٪ دەبێت کە بەرابەر بە هەزار و ٢٠٠ تریلیۆن تمەنە.

لەو ژمارەیە، ٥٦١ تریلیۆن تمەن، هاوتای ٥١٪، پشکی هێزە چەکدارەکان بۆ زیادکردنی توانایی بەرگرییە، کە بە بەراورد لەگەڵ ئەمساڵ ١٣٤ هەزار میلیارد تمەن واتا زیاتر لە چوار هێندە زیادی کردووە.

ئامارەکانی دراوی بیانیی پێوەندیدار بە هەناردەکردنی نەوت لە بوودجەی گشتیی ساڵی داهاتوو بە نرخی یۆرۆ حیساب کراوە و ئەوەی جێی سەرنجە گۆڕانکاریی بەرچاوی نرخی یۆرۆیە لە فرۆشتنی نەوتدا کە لە ٣١ هەزار تمەنەوە لە ئەمساڵدا گەیشتووەتە زیاتر لە ٥٠ هەزار تمەن.

ئەگەر بە ڕێژەی یۆرۆ حیساب بکەین، ئەمساڵ دەوڵەت بڕیارە ٤.٥ میلیارد یۆرۆ باری نەوت بۆ هەناردەکردن بخاتە بەردەست هێزە چەکدارەکان، ساڵی داهاتووش ئەم ڕێژەیە زیاتر لە ٩ میلیارد یۆرۆ دەبێت، کە ئەمەش گەشەیەکی ١٠٠٪ ی بە بەراورد لەگەڵ ئەمساڵ و ١٤٤٪  بە بەراورد لەگەڵ ساڵی ڕابردوو دەبێت.

ساڵی ڕابردوو ئێران نزیکەی ٣٧ میلیارد دۆلار (٣٥ میلیارد یۆرۆ) هەناردەی نەوتی هەبووە و لە نیوەی یەکەمی ئەمساڵدا ئەم ڕێژەیە گەیشتووەتە ٢٤میلیارد دۆلار.

هەرچەندە لە پڕۆژەیاسای بوودجەدا باس لە قەبارەی هەناردەکردنی نەوت نەکراوە، بەڵام بەرهەمی نەوتی خاوی ئێران بە سێ میلیۆن و ٧٥٠ هەزار بەرمیل دادەنرێت، کە ٣٥٠هەزار بەرمیل لە ئاستی ئێستا زیاترە.

کۆی داهاتی بوودجەی نەوت، چ هەناردەکردن و چ بازاڕەکانی نێوخۆ، بۆ ساڵی داهاتوو بە ٢ هەزار و ١٠٠ تریلیۆن تمەن دەخەمڵێندرێت، کە ٣٢٪  لە ساڵی ڕابردوو زیاترە.