محەممەدعەلی جەعفەری فەرماندەی پێشووی سپای پاسداران ڕایگەیاند پاش هێرشی مووشەکیی یەکەمی کۆماری ئیسلامی واتا "وەعدەی سادقی ١"، ئیسرائیل هێرشی کردووەتە سەر بنکەیەک لە ئێسفەهان.
جەعفەری سێشەممە ١ی خەزەڵوەر لە ڕێوڕەسمێک بۆ عەباس نیلفرووشان کە لەگەڵ حەسەن نەسروڵڵادا کوژرا زیادی کردووە، ئیسرائیل لە وڵامی دوویەمین هێرشی مووشەکیی کۆماری ئیسلامی، تەنیا دەتوانێت لە فڕۆکە شەڕکەرەکانییەوە چەند مووشەک ئاراستەی ئێران بکات و هێرشێکی هاوشێوەی "وەعدەی سادقی ٢"ی لە توانادا نییە.
درکاندنی ئەم بابەتە لەکاتێکدایە کە پێشتر میدیا فەرمییەکانی کۆماری ئیسلامی، هێرش بۆ سەر سیستمی بەرگریی "ئێس ٣٠٠"یان لە ئێسفەهان و نزیک بە بنکە ئەتۆمییەکانیان ڕەت کردبووەوە.
هەواڵدەریی "ئیرنا"ی ڕیژیم پاش ئەم هێرشە ڕایگەیاندبوو کە ڕووداوەکەی ئێسفەهان تەنیا بەهۆی چەند دڕۆنی بچووکەوە بووە کە لە نێوخۆی ئێرانەوە هەستاون و توانای خەسارگەیاندنێکی بەرچاویان نەبووە.
بەرپرسانی باڵای سیاسی و نیزامیی کۆماری ئیسلامی پاش ئەنجامی "وەعدەی سادقی ١" ڕایانگەیاندبوو کە ئەگەر ئیسرائیل هەر چەشنە وڵامێک بەم هێرشە مووشەکییە بداتەوە، کۆماری ئیسلامی هێرشێکی قورستر دەکاتەوە سەر ئیسرائیل.
هەر بەم هۆیەوە لەو کاتەدا میدیاکانی کۆماری ئیسلامی ئەگەری هێرشێکی دەرەکییان بەتەواوەتی ڕەت کردبووەوە.
لە ئێستادا بە وتەی فەرماندەی پێشووی سپای پاسداران، ئیسرائیل لە وڵامی هێرشەکەی کۆماری ئیسلامیدا چەند مووشەکی ئاراستەی سیستەمی دژە موشەکیی ئێس ٣٠٠ لە ئێسفەهان کردووە.
بەپێی زانیارییەکانی چەند سەرچاوەی ئەمریکایی، بوستێری مووشەکەکانی ئیسرائیل لە وڵاتی عێراق پاش هێرشی بەرەبەیانیی ٣١ی خاکەلێوە بۆ سەر ئێسفەهان دۆزرایەوە.
سەرچاوە ڕۆژاواییەکان بەپێی وێنەی بووستێری مووشەکەکان و وێنەی ئاسمانی لە سیستمی دژە مووشەکیی ئێسفەهان ڕایانگەیاند "ئیسرائیل لە ڕێگەی چەند مووشەکی هایپێرسۆنیکەوە کە لە فڕۆکە شەڕکەرەکانییەوە لەسەر ئاسمانی عێراقەوە هاوێژراوە، سیستمی دژە مووشەکیی ئێس ٣٠٠ی ئێسفەهانیان لەنێو دڵی ئێراندا کردە ئامانج".
بەپێچەوانەی ئیدعاکانی بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی و بەپێی وێنە ئاسمانییەکان، ئەم هێرشە نە تەنیا خەساری هەبوو بەڵکوو خەسارێکی جیددی بە سیستمی ئێس ٣٠٠ی ڕووسی گەیاندبوو کە بۆ پاراستنی بنکە ئەتۆمی و ئاسمانییەکانی ئێسفەهان بەکار هێنراوە.