پەیامی پیرۆزبایی ناوەندیی بەرێوەبەریی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بەبۆنەی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنەکانی پاڕلمانی هەرێمی کوردستان
ڕۆژی یەکشەممە ٢٩ی ڕەزبەر (٢٠ی ئوکتوبری ٢٠٢٤) شەشەمین خولی هەڵبژاردنەکانی پاڕلمانی هەرێمی کوردستانی عێراق لە کەشێکی ئازاد و دێموکراتیکدا بەڕێوە چوو.
بەڕێوەچوونی ئەم هەڵبژاردنە بە بەشداریی چەندین حیزب، قەوارەی سیاسی، کاندیدی سەربەخۆ و، بە چاودێریی دەیان دامەزراوەی مێدیایی و ڕێکخراوی کوردستانی، عێراقی و نێودەوڵەتی، ئەویش لەم ناوچە پڕکێشەیەی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا خاڵێکی گرینگ و جێگەی خۆشحاڵییە. گرینگی و ئەرێنیبوونی ئەم پرۆسەیە لەوەدایە هەوڵەکان بۆ جێخستنی بنەماکانی دێموکراسی لە هەرێمی کوردستان پتر لە گەشەکردندایە و خەڵک ئازادانە لە دیاریکردنی چارەنووسی خۆیاندا بەشداری دەکەن. ئەویش لە کاتێکدا لە هەندێک لە وڵاتانی ناوچەکە – بەتایبەت لە ئێراندا- نە هەڵبژاردنەکان تایبەتمەندی و بنەماکانی دێموکراسییان تێدا بەدی دەکرێ و نە ڕێگا بە بەشداریی ئازادانەی حیزب و لایەنە سیاسیەکان لە هەڵبژاردنەکاندا دەدرێ و نە خەڵک لە دیاریکردنی چارەنووسی خۆیاندا سەربەستن.
حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بە بۆنەی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پاڕلمانی هەرێمی کوردستان پیرۆزبایی لە خەڵکی کوردستان و حیزب و لایەنە سیاسیەکانی بەشدار لە هەڵبژاردنانەدا دەکا و هیواخوازە بە هەوڵی هەمەلایەنە و، بە پێکهێنانی حکومەتێکی وڵامدەر لە ئاست چاوەڕوانییەکان، دۆخی ژیان و مافەکانی خەڵکی هەرێمی کوردستان ڕۆژ لەگەڵ ڕۆژ باشتر بێت و هەرێمی کوردستان ببێتە نموونەیەکی سەرکەوتوو لە حوکمڕانی و بەڕێوەبردنی وڵات لە ناوچەکەدا.
حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران
ناوەندی بەڕێوەبەریی گشتیی
٢ی خەزەڵوەری ١٤٠٣
٢٣ی ئوکتوبری ٢٠٢٤