بە پشتبەستن بە ڕاپۆرتی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی کوردستانی ئێران "خۆراگری" لە ڕەزبەری ئەمساڵدا لانیکەم ٢٢٧ چالاک سیاسی و مەدەنیی کورد لە شارە جیاوازەکانی کوردستان لەلایەن ناوەندە ئەمنییەتی و سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمەوە دەسبەسەر کراون.
بەپێی ئاماری تۆمارکراو لەلایەن ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستانەوە لە ڕەزبەری ئەمساڵدا لانیکەم ٢٧ بەندکراوی سیاسی و مەدەنیی کوردستانی ئێران، لەلایەن ناوەندە ئەمنییەتییەکانی ڕێژیم و بە تۆمەتەکانی "چالاکیی مەدەنی"، "دژایەتی لەگەڵ کۆماری ئیسلامی" و "هاوکاری لەگەڵ حیزبە کوردستانییەکانی ئۆپۆزسیۆنی کۆماری ئیسلامی ئێران" دەسبەسەر و بۆ گرتنگەی ناوەندە ئەمنییەتییەکانی ئیتلاعات ڕاگوێزراون.
بەپێی ڕاپۆرتی خۆڕاگری، ژمارەیەک لە دەسبەسەرکراوان پاش کۆتاییهاتنی لێپرسینەوە بە دانانی بارمتەی قورس ئازاد کراون و ژمارەیەکیش تاکوو ئێستا لێپرسینەوەیان لێ دەکرێت و چارەنووسیان ناڕوونە.
بەپێی ئاماری تۆمارکراو لەلایەن خۆڕاگرییەوە، لە ڕەزبەری ئەمساڵدا، ١٦ کەس لە چالاکانی سیاسی و مەدەنی لە شارە جیاوازەکانی کورستاندا کە پێشتر لەلایەن ناوەندە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر و لێپرسینەوەیان لێ کراوە، لەلایەن دادگای ئینقلابی ڕێژیمەوە بە لەسێدارەدران، بەندکران و سزای نەختی سزا دراون.
ئەم دەسبەسەرکراوانە بە ٢٣ ساڵ و یەک مانگ بەندکرانی داسەپاو و یەک ساڵ بەندکرانی هەڵپەسێردراو و لێدانی ٧٠ قامچی سزا دراون.
هەروەها حەمید حوسێننژاد هاووڵاتیی کوردی خەڵكی شاری چاڵدێران بە تۆمەتی "بەغی لە ڕێگەی ئەندامەتی لە یەکێک لە حیزبە کوردستانییەکانی ئۆپۆزسیۆنی ڕێژیمی ئێران" لەلایەن داداگای ئینقلابی ڕێژیمەوە بە لەسێدارەدران سزا دراوە.
شایانی باسە کە پێشێلکردنی مافی مرۆڤ لە کوردستان و ئێران لەلایەن کۆماری ئیسلامییەوە بەردەوامە و ڕۆژ لە دوای ڕۆژ زیاتر پەرە دەستێنێت.