بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ناوەندی هەواڵی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکرات، جاش و بەکرێگیراوانی ڕێژیم لە ناوچەی بەربنەی پیرانشار، بە کەڵکوەرگرتن لە ناو و جلوبەرگی پێشمەرگانە، خەریکی ڕاوڕووتی خەڵکی ئەو ناوچەیەن و داوای هاوکاری و یارمەتییان لێ کردوون.
بەپێی ئەو هەواڵە، شایەتحاڵانی ئەو ڕووداوە باسی ئەوەیان کردووە ئەو بەکرێگیراوانە بە کارت و جلوبەرگی پێشمەرگانەوە خۆیان نیشانی خەڵکی ناوچەی بەربنەی پیرانشار داوە و ویستوویانە خەڵکی زەحمەتکێشی ئەو ناوچەیە بەناوی پێشمەرگەوە ئازار بدەن.
ئەو شوێنانەی ناوچەی بەربنەی پیرانشار کە جاشەکان خۆیان نیشانی خەڵک داون بریتین لە؛ گوندەکانی گردەسوور، پشتی گردەسوور، میلەنگەر و پشتی ئاوایی زێوکەی پیرەکان.
لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا سپای تێرۆریستیی پاسداران و بەکرێگیراوانی ئەو ڕێکخراوەیە بە کەڵکوەرگرتن لە ناوی پیرۆزی پێشمەرگە و خۆشەویستیی ئەو هێزە لەناو کۆمەڵانی خەڵکی کوردستاندا، لە هەوڵدان بەو پیلانانە سیمای پێشمەرگە و حیزبی دێموکرات ناشیرین بکەن بەڵام هەمووکات ئەو پیلان و هەوڵانە لەلایەن خەڵکی ئاگا و پێشمەرگەدۆستی کوردستانەوە ئاشکرا و پووچەڵ کراوەتەوە.