ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست بەرەو کوێ؟
ئەلبورز ڕوویینتەن
وەک لە تیتری ئەو بابەتەدا دەردەکەوێ دیاریکردنی ئاراستەی ڕووداوەکانی خێرا، ئاڵۆز، فرەڕەهەند و ئەکتەری جیاوازی ناوچەیی، جیهانی، دەوڵەتی و نادەوڵەتییە کە کارێکی ئاسان و کردەنی نیە. بەڵام دەکرێ خوێندنەوەی جیاواز لە ڕووداو و ئاراستەکان لەسەر بنەمای فاکتگەلێکی سەلمێندراو یاریدەر بن بۆ ئەوەی بتوانین باشتر لە تابلۆی ئەو هەموو شەڕ و ئاڵۆزییە تێبگەین.
یەکەمین فاکت دەتوانین ئاماژەی پێ بکەین هێرشی ساڵێک بەر لە ئێستای گوردانەکانی ئەقسا لە حەماس بۆ سەر ئیسرائیلە کە سەرەتای گۆڕانکاریی جیدی بوون. ئەو هێرشە کە لە سەرەتادا بۆ ئەو پەڕی بەهێزیی ئێران و هیلالی بەرەی تێرۆریست و میلیشا کەڵکی لێوەردەگیرا، بووە هۆی ئەوەی بەرپرسانی حەماس لە تاران نمایشی سەرکەوتن نیشان بدەن و حەسەن نەسروڵڵا وەک هێرشی سەلماندنی لاوازییەکانی ئیسرائیل لێک بداتەوە و بە خاڵی وەرچەرخارنی بزانێت. کەچی ئێستا بووەتە بە کابووسی بەرەی ملیشا و تێرۆریست نەک بەرەو نەهێشتنی گرووپەکان بەڵکوو بەرەو نەهێشتنی ماکەی سەرەکیی پشتیوانی لە تێرۆر و ئاڵۆزی و شەڕ لە ناوچە لە جیهان بڕوات.
دوای یەک ساڵ ئەوە بەرەی تێرۆر و هیلال شیعی نییە دروشمی سەرکەوتن و نەهێشتنی ئیسرائیل بەرز بکەنەوە و ئەسلەن بەهێزترین کاراکتەری ئەو بەرەیە وەک هەنیە، نەسروڵڵا و یەحیا سینوار و دەیانی دیکە هەر نەماون هەتا بانگەشەی سەرکەوتن بکەن بەڵکوو ئەوە ئیسرائیلە هەوڵی ڕاگرتنی دەدرێ بۆ ئەوەی هێرشێکی کەمتر بکاتە سەر ئێران و وەزیری دەروەی ئێران وڵات بە وڵات لە ناوچە دەگەڕێ و داوای کەمکردنەوەی ئەو ئاڵۆزییانە دەکات کە خۆیان دروستیان کردوە.
ئەو فاکتە نابێ بەوە لێک بدرێتەوە کە ئێران کۆتایی هاتوە، بەڵام زۆر لاوازی کردوە، چونکە هەر ڕۆژێک گورزێک دەخوات و فەرماندە و بەرەیەکی شەڕی لەدەست دەدار. یەکێک لە خاڵە بەهێزەکانی ئێران ئەوە بوو توانیبووی وەهمێک لە خۆی دروست بکات بە جورێک ترس لە کاردانەوەی ئێران ببێتە هۆی ئەوەی ڕۆژئاوا بەردەوام بەرەو دانوستاندن و ئیمتیازپێدان بکێشێ، کەچی ئەمڕۆ دوای ئەوەی ئیسرائیل ئەو گورزە جەرگبڕانەی لە ئێران دەوەشێنێ بەڵام کۆماری ئیسلامی توانای وەڵامدانەوەی نییە و ئەو وەهمەی وەک قەڵایەک لە کاغەز سوتێنراوە و ئەوەش بوێریی زیاتر و زیاتری بە ئیسرائیل داوە هەتا هێرشی قووسرتر بکات و تەنانەت ڕۆژئاواش زیاتر پشتیوانی بن. ئیتر ئێران ئەو ئێرانە نییە لە ڕێگەی پڕوکسییەکانی ئیمتیاز وەربگرێ، بەڵکوو پڕۆکسیەکان بەرەو ئەوە دەچن بپرسن ئێران ئەو ئێرانە نییە ئێمە ئاوا ناوچەکەمان بۆ پاراستنی ئەو وێران کردوە. ئەوە ئەو هەڵەیە جیددییە بوو کە ئێران کردی و پێی وابوو وەڵامی حەوتی ئۆکتوبەر بەو شێوەیە نابێ.
لە لایەنی بەرانبەر ئیسرائیل هەیە کە هیچ کاتێک هێرش بۆ سەر خۆی وا بە زوویی لەبیر ناکەت، ئەوەش بە یەکێک لە گرینگترین ڕەمزەکانی مانەوەی ئیسرائیل دادەنرێ، واتە هێرش بۆ سەر ئیسرائیل ئەگەر ساڵانێکیش بکێشێ، بەڵام بێوەڵام نامێنێتەوە و تا دوا کەس کە لە هێرشەکەدا دەستی هەبووە لەنێو نەبات ناوەستێ. هەمووانیش دەزانن ئێران دەستێکی زۆری لە هەموو ئەو تاوان و هێرشانەدا هەیە کراونەتە سەر ئیسڕائیل. سەرۆکوەزیرانی ئێستای ئیسرائیلیش کە بە دوای دەرفەتێکی وەها دەگەڕا هەتا وێڕای ڕزگاربوون لە دژبەرانی نێوخۆی کە زۆربەی ئیسرائیلیەکان ئەویان نەدەویست ئەو گورزە پێویستەش لە دوژمنانی ئیسرائیل بوەشێنێ. نەتانیاهوو شتێکی بۆ لە دەستدان نەماوە، تەنانەت ئەگەر دۆخەکە ئاسایی ببێتەوە ئەوکات لە دەستی دەدات، کە وایە بەردەوام دەبێ و بە هەموو ئەوانەی دەڵێن ئیسرائیل نابێ بمێنێ دەرسێکی جیددی بدات، چونکە جارێکی دیکە ئەو دەرفەتەی لەو شێوەیە بۆ ناڕەخسێت.
سەڕەڕای ئەوەش هەبوونی هەڵبژاردنی ئەمریکا وەک پاڵپشتی سەرەکیی ئیسرائیل وای کردوە کەس نەتوانێ پێشی نەتانیاهوو بگرێت چونکە ئەو کارە دەبێتە هۆی لەدەستدانی دەنگ، ئەوەش کارەکەی لە نەتانیاهوو ئاسانتر کردوە. هەر بۆیە ئەگەر هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران دیاریکراو و زۆر بەربڵاویش نەبن، بەڵام جیدی و دیاریکراو دەبێ و، بەنیسبەت گرووپەکانی سەر بە ئێران بێگومان دوای حەماس و حیزبوڵڵا، حوسیەکانیش بەرەو لاوازبوونی جیدی دەڕۆن و پڕیشكی ئەم ئاگرە دواجار داوێنی ملیشیاکانی عێراقیش دەگرێتەوە.
پێوەندیدار بە ئێران وەکوو لایەنی سەرەکیی دۆخی ئێستا کە لاوازییەکەی ڕۆژبە ڕۆژ زیادتر دەردەکەوێ، پێویستە ئاماژە بەو ڕاستیە بکەین ئەو وڵاتانەی لە نێوخۆ خاوەنی ئەو هەموو قەیرانانەن ناتوانن وەک هێز دەربکەون. ئەوەی لە ساڵی ڕابردووش دەرکەوت دیتمان وێڕای دڕەندەیی لە بەرانبەر خەڵکی نێوخۆ، لە بەرانبەر دونیای دەرەوە چەندە زەلیل و داماون. ئەو بابەتە وێڕای ئەو ڕاستییەی عەجەم(مەبەست دەوڵەتی ناوەندی ئێرانە) کە "زەعیفکوژ و قەوی پەرستە" دەسەلمێنێ. بەڵام ئەو لاوازییە و قەیرانەکانی لاوازی لە بەرەی تێرۆریست لە ناوچە کە بۆتە هۆی خوشحاڵیی بێوێنەی خەڵک بە شێوەیەکی ئەرێنی کاریگەری بە سەر خەڵک دادەنێ و ئەگەری ڕاسانەوەی خەڵک لە هەر سات و کاتدا بە هەر بیانووی جیاواز دەبیندرێت. بە تایبەت ئەگەر ئیسرائیل هێرش بکاتە سەر ژێرخانی ئابووریی ئێران کە تا ڕادەیەکی زۆر هەر بۆخۆی وێرانە، پێدەچێ ئەو ڕەوتە خێراتریش دەبێت. هەر بۆیە ئەو ڕقە پیرۆزەی خەڵک لە داگیرکەر لە دەرفەتێکی دیکە دەگەڕێت و ئەوجاریش دەوڵەمەند بە ئەزموونی شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی دەتوانێ زیاتر کاریگەر بێت و کەلکی لێوەربگیردرێ و دەتوانێ سەرکەوتن بە دەست بێنێ. هەڵبەت کاتێکیش باس لە ئێران و لاوازییەکانی دەکەین نابێ ئۆپۆزیسیۆنی فارس و بە تایبەتی ڕەوتی فاشیستی بە نیسبەت مافی کورد نەبینن کە چۆن خۆیان حازر کردوە بۆ ئەوەی دیکتاتورییەکەیان بە شێوەیەکی دی بەردەوام بکەن. ئەوەش وا دەکات کورد کە بیر لە نەبوونی کۆماری ئیسلامی دەکاتەوە، لە تەنیشت ئەوە زیاتر بیر لە دوای کۆماری ئیسلامیش بکاتەوە.
لە سەر پرسی تورکیە کە دەنگۆی کرانەوەیەکی دیکە بە نیسبەت کورد دەبیسترێت پێویستە ئاماژە بەوە بکرێت ئەو کرانەوەیە هۆکاری نێوخۆی و دەرەکیی هەیە، هەر چەند هۆکارە نێوخۆییەکان زیاترن و زیاتر لە کرانەوە لە قوناغێکی دیکەی بۆ دەنگهێنان و دەربازبوونی حیزبی دەسەڵاتدار کە دەنگەکانی بەرەو کەم بوون دەچن کە ئاسۆیەکی ڕوونی بۆ کورد تێدا نابیندرێت، بەڵام ئەوەی گرینگە نابێ ئەو کرانەوەش بە دەر لە گۆڕانکاریەکانی ناوچە بزانین. ئەوەش ئەوە دەسەلمێنێ ئەگەر تورکیەی ناچار بە گۆڕانکاری کردبێ ئەگەری گۆڕانکاریی جیدی لە ئێراندا وەک لایەنێکی سەرەکی دۆخەکە دەبیندرێت.
ئەزموونی دەیان ساڵی ڕابردوو پێمان دەڵێ ئێمەی کورد لە ئاشتیی نێوان وڵاتانی ناوچە، بەتایبەت داگیرکەرانی کوردستاندا هەمیشە پەراوێز خراوین و سەرکوت کراوین، بۆیە دەبێ بە وشیارییەوە مامەڵە لەگەڵ دۆخ و واقعە نوێیەکان لە ناوچەدا بکەین. بۆ ئەوەش پێویستە هەمیشە ئامادە بین هەتا لە کاتی ڕوودانی ڕووداوەکاندا و دەسکەوتنی هەل و دەرفەتدا بتوانین زیاتر کەلک لە دۆخەکە وەرگرین و بیکەین بە بناغەیەک بۆوەی بتوانین دوای شەڕ و ئاڵۆزییەکانیش پێگەی خۆمان باشتر پاراستبێت.