ڕۆژی چوارشەممە ٢ی خەزەڵوەری ١٤٠٣، سامان یاسین، هونەرمەندی کوردی خەڵکی شاری کرماشان و لە دەسبەسەرکراوانی بزووتنەوەی ژینا بە دانانی بارمتەی ٤ میلیارد تمەنی لە بەندیخانەی قزڵحەساری کەرەج بۆ یەکەمین جار نێردرایە مورەخەسی.
ئەم بەندکراوە سیاسییە پاش ڕا و بۆچوونی کۆمیسیۆنی پزیشکی، ڕەزامەندیی دادگا و دابینکردنی بارمتەی دیاریکراو لەلایەن بنەماڵەکەیەوە بە مەبەستی وەرگرتنی چارەسەری پزیشکی نێردرایە مورەخەسی.
کۆبوونەوە دادگای پێڕاگەیشتن بە تۆمەتەکانی ئەم بەندکراوە سیاسییە لە ڕۆژی ٢٩ی خاکەلێوە ١٤٠٣، لە لقی ١٥ی دادگای ئینقلابی تاران بەڕێوە چوو و سامان یاسین لەلایەن ئەم لقەوە بە ٥ ساڵ بەندکران و دوورخرانەوە بۆ بەندیخانەی شاری بابەک لە پارێزگای کرمان مەحکووم کرا و ئەم سزایە ڕۆژی یەکشەممە ٢ی بانەمەڕی ١٤٠٣ بە بوونی خۆی بە پارێزەرەکەی ڕاگەیەندرا.
پاش ناڕەزایەتیدەربڕینی سامان یاسین بەم سزایە، ئەم سزایە لە دیوانی باڵای ڕێژیمدا هەڵوەشایەوە و سزای کۆتایی ناوبراو بۆ ٥ ساڵ بەندکرانی داسەپاو بە تۆمەتی "کۆبوونەوە بە مەبەستی ئەنجامدانی تاوان دژی تەناهیی وڵات" پشتڕاست کرایەوە.
ئەم گۆرانیبێژە کوردە سەرەتایی مانگی ڕەشەمە ڕوو لە بەرپرسی هێزی دادوەری سەبارەت بە ناڕووونیی چارەنووسی خۆی لە بەندیخانە ناڕەزایەتیی دەربڕی و نووسیبووی: من سامان یاسین ١٨ مانگە کە لە بەندیخانەکانی تاران و کەرەج هاتوچۆم پێ دەکرێ و چارەنووسم ناڕوونە و بە بێ هیچ بەڵگەیەک لە بەندیخانە ڕاگیراوم. لەم ١٨ مانگەدا چەندین جار کاتی دادگاییم بۆ دیاری کراوە بەڵام بەڕێوە نەچووە. کێشەی دەروونی و جەستەییم هەیە و بەرپرسانی بەندیخانەش بە مەبەستی وەرگرتنی چارەسەر ڕەوانەی ناوەندە دەرمانییەکانم ناکەن."
"سامان یاسین" هونەرمەندی کرماشانی گۆرانیگەلێکی زۆری لەمەڕ دۆخی کۆمەڵایەتی - سیاسیی کۆمەڵگای کوردستان و ئێران وتووە و هەروەها پشتیوانی لە خۆپیشاندانە سەرتاسەرییەکانی خەڵکی ئێران کردبوو.