کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

وەزیری بەرگریی ئامریکا: دامەزراندنی سیستەمی بەرگریی تاد نیشاندەری پێبەندبوون بە بەرگریی لە ئیسرائیلە

10:39 - 3 خەزەڵوەر 2724

لوید ئاستین وەزیری بەرگریی ئەمریکا، لە وتووێژێکدا لەگەڵ یۆئاڤ گاڵانت وەزیری بەرگریی ئیسرائیل ڕۆژی چوارشەممە ٢ی خەزەڵوەر، جەختی لە پێبەندبوونی ئاسنینی ئەمریکا بۆ بەرگری لە ئیسرائیل کردەوە و دامەزراندنی سیستەمی بەرگریی ''تاد''ی لەم وڵاتەدا بە بەڵگەیەک بۆ ئەم پێبەندبوونە زانی.

وتەبێژی پێنتاگۆن بە ڕاگەیاندنی ئەم هەواڵە ڕایگەیاند کە وەزیری بەرگریی ئەمریکا لە وتووێژێکدا لەگەڵ هاوتا ئیسرائیلییەکەی، پێشوازی لە گواستنەوەی یارمەتییە مرۆییەکان لە ڕێگەی دەروازەی ئاریزەوە بۆ غەززە کرد و داوای لە ئیسرائیل کرد هەموو ڕێوشوێنێکی پێویست بۆ پێڕاگەیشتن بە دۆخی خراپی مرۆیی لە غەززە بگرێتە بەر.

پێت ڕایدێر باسی لەوە کرد کە لوید ئاستین لە درێژەی قسەکانیدا لەگەڵ یوئاڤ گاڵانت، نیگەرانیی قووڵی خۆی سەبارەت بەو ڕاپۆرتەکان لەبارەی هێرشکردنە سەر هێزە چەکدارەکانی لوبنان دەربڕی و جەختی لەسەر گرینگیی گرتنەبەری بڕیاری پێویست بۆ دەستەبەرکردنی ئەمنییەتی هێزەکانی لوبنان و هێزە جێگیرکراوەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان کردەوە.

ڕێکەوتی ٢٣ی ڕەزبەر گرووپێک لە شارەزایانی سەربازی ئەمریکا بەمەبەستی دامەزاراندنی سیستەمی دژە مووشەکی ''تاد'' چوونە ئیسرائیل.

سیستەمی تاد وەک تەواوکەری سیستەمی پاتریۆت کار دەکات، بەڵام توانای بەرگریکردن لە ناوچە فراوانەکانی هەیە و دەتوانێت ئامانجەکان لە مەودای ١٥٠ بۆ ٢٠٠ کیلۆمیتر بپێکێت.

سیستەمی تاد، قەڵغانێکی بەرگریی چەند لایەیە کە پارێزگاری لە شوێنە ستراتێژی یان تاکتیکییەە بەنرخەکان وەک فڕۆکەخانەکان و ناوچە پڕ لە حەشیمەتەکان دەکات، هەروەها مووشەکی تاد توانای شوێنهەڵگرتنی هەڕەشەکانی دەرەوەی فەزای هەیە.