تۆنی بێلێر سەرۆکوەزیرانی پێشووی بریتانیا وتوویەتی؛ ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران سەرچاوەی ناسەقامگیری لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستە و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا دەبێت بە تەواوەتی لەوەی دڵنیا بن کە ڕێژیم هیچکات نابێ دەستی بە چەکی ناوەکی بگات.
ڕۆژی چوارشەممە ٢ی خەزەڵوەری ١٤٠٣ی هەتاوی، تۆنی بێلێر سەرۆکوەزیرانی پێشووی بریتانیا لە وتووێژێکدا لەگەڵ بڵاڤۆکی نیووزویک جەختی لەوە کردووەتەوە، کلیلی سەقامگیری لە ناوچەکە لە گرەوی ئەوەدایە کە دڵنیا ببینیەوە لەوەی ڕەوازانینی مەزهەبی جێگەی ئیسلامگەرایی گرتبێتەوە.
هەروەها تۆنی بێلێر باسی لەوە کردووە؛ کاتێک ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست ڕووی ئارامی و سەقامگیریی بەخۆیەوە دەبینێت کە ئەبێ هەموو لایەک لەوە دڵنیا ببنەوە کە کاربەدەستانی ئیسلامگەرای ڕیژیمی ئێران دەستیان بە چەکی ناوکی نەگەیشتووە.
سەرۆکوەزیرانی پێشووی بریتانیا لە بەشێک لە وتووێژەکەیدا بە توندی سەرکۆنەی هەناردەکردنی شۆڕش لەلایەن ڕێژیمی ئیسلامیی ئێرانەوە لە ڕێگەی دەستوپێوەندییەکانی لە ناوچەکە وەکوو؛ حەماس لە غەززە و حیزبوڵڵای لوبنان کردووە.