عادڵ پیرووزی، بەندکراوی سیاسیی پێشووی خەڵکی گوندی "سەردۆش" سەر بە شاری مەریوان لەلایەن دادگای پێداچوونەوەی سنەوە بە یەک ساڵ بەندکرانی داسەپاو سزا درا.
ئەم سزایە لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا بە ناوبراو ڕاگەیەندراوە.
پێشتر ئەم هاووڵاتییە لەلایەن دادگای ئینقلابی مەریوانەوە بە تۆمەتی "پڕوپاگەندە دژی نیزام لە بەرژەوەندیی یەکێک لە حیزبە کوردستانییەکانی ئۆپۆزسیۆنی ڕێژیمی ئێراندا" بە یەک ساڵ بەندکرانی داسەپاو سزا درابوو.
ڕۆژی دووشەممە ٢٥ی بەفرانباری ١٤٠٢، عادڵ پیرووزی بە دانانی بارمتەی ٣٠٠ میلیۆن تمەنی و بەشێوەی کاتی لە بەندیخانەی مەریوان ئازاد کرا.
ئەم بەندکراوە سیاسییە لە ماوەی دەسبەسەرکرانیدا لە دەسپێڕاگەیشتن بە پارێزەر و چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی بێبەری بووە.
ڕۆژی دووشەممە ٢٩ی خەزەڵوەری ١٤٠٢، عادڵ پیرووزی پاش بانگکران بۆ ئیتلاعاتی مەریوان دەسبەسەر کرابوو و بە درێژکردنەوەی ماوەی دەسبەسەرکرانە کاتییەکەی بە مەبەستی لێپرسینەوە بۆ گرتنگەی ئیتلاعاتی سنە ڕاگوێزرابوو.
ڕۆژی چوارشەممە ٦ی خاکەلێوەی ١٣٩٩ ئەم هاووڵاتییە هاوکات لەگەڵ پەرەسەندنی کۆرۆنا لە بەندیخانەی مەریوان ئازاد کرا.
عادڵ پیرووزی خەزەڵوەری ساڵی ١٣٩٧ بە تۆمەتی "هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردستانییەکانی ئۆپۆزسیۆنی ڕێژیمی ئێران" دەسبەسەر کرا و پاش دوو مانگ دەسبەسەرکرانی کاتی بە دانانی بارمتە و بەشێوەی کاتی ئازاد کرا.
ئەم لاوە کوردە هەر بەم تۆمەتە لەلایەن دەزگای بەناو دادوەریی ڕێژیمی ئێرانەوە بە دوو ساڵ بەندکرانی داسەپاو سزا درا و زستانی ١٣٩٨ بە مەبەستی جێبەجێکرانی سزاکەی بۆ بەندیخانەی مەریوان ڕاگوێزرا.