کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پشتڕاستکرانەوەی کوژرانی زاوای حەسەن نەسروڵڵا

10:55 - 12 رەزبەر 2724

سابرین نییوز، میدیای نزیک لە سپای قودس، کوژرانی محەممەدجەعفەر قەسیر، زاوای حەسەن نەسروڵڵای لە هێرشی ئێوارەی سێشەممەی ئیسرائیل بۆ سەر زاحییەی بەیرووت پشتڕاست کردەوە.

بە وتەی سەرچاوە ئیسرائیلییەکان، محەممەدجەعفەر قەسیر، ڕۆڵی گرینگی لە گواستنەوەی چەکوچۆڵی کۆماری ئیسلامی بۆ لوبنان و سووریە هەبووە. ئەمریکاش بۆ وەرگرتنی هەر چەشنە زانیارییەک سەبارەت بە ناوبراو بڕی ١٠ میلیۆن دۆلار پاداشتی دیاری کردبوو.

بەپێێ زانیارییەکان، جگە لە محەممەدجەعفەر، برایەکیشی بە ناوی حەسەن جەعفەر قەسیر لەم هێرشەی ئیسرائیلدا کوژراوە.

بە وتەی سابرین نیووز، محەممەدجەعفەر قەسیر لەسەر ڕاسپاردەی قاسم سلێمانیی تێرۆریست لە کاتی سەفەری بەشار ئەسەد بۆ تاران وەکوو وەرگێڕ لەگەڵ سەرۆکۆماری ڕێژیم، بەشدار بووە.

حەسەن نەسروڵڵا ڕێبەری حیزبوڵڵای لوبنان کە پاش سوبحی توفەیلی و عەباس مووسەوی، سێهەمین ڕێبەری ئەم گرووپە و لە وەفادارترین فەرماندەکانی گرووپە نیابەتییەکانی ڕێژیم بوو، سێ  کوڕ بە ناوەکانی هادی، محەممەدجەواد و محەممەدعەلی و کچێک بە ناوی زەینەبی هەبوو.

حەسەن نەسروڵڵا، ڕۆژی هەینی ٦ی ڕەزبەر لە ئۆپەراسیۆنێکی ئیسرائیل بۆ سەر بەیرووت، کوژرا.