کەمپەینی مافی مرۆڤی ئێران، ڕۆژی چوارشەممە، ٢ی خەزەڵوەر، لە کاردانەوە بە داداگاییکردنی بەکۆمەڵ و دەرکردنی سزای قورس بۆ ١٠ ژنی بەهایی لە ئێسفەهان ئەمەی بە بەردەوامیی سەرکوتی سیستماتیک دژی کەمینە ئایینییەکان بەتایبەت بەهاییەکان لە نیزامی کۆماری ئیسلامیدا زانیوە.
بە وتەی ئەم کەمپەینە، بەهاییەکان تەنیا بە هۆی بەڕێوەبردنی خولی فێرکاری بۆ منداڵان و مێرمنداڵان، لەوانە کلاسی یووگا و زمانی ئینگلیزی، بە تۆمەتی بێبنەما و دوور لە ڕاستیی پڕوپاگەندە دژی نیزامی کۆماری ئیسلامی و چالاکیی تەبلیغی و فێرکاریی دژ بە شەرعی ئیسلام، لە دادگایەکی ناداپەروەرانەدا موحاکمە کراون و سزای بەندکران و پێبژاردنی پارەی نەختییان بەسەردا سەپاوە.
بە وتەی ئەم ڕێکخراوە مافی مرۆییە، ئەم هەوڵە سەرکوتکارانەیە نەک تەنیا بڕگەی ١٨ی جاڕنامەی جیهانیی مافی مرۆڤ پێشێل دەکات بەڵکوو نیشاندەری پێداگریی ڕێژیم لەسەر بەردەوامیی ستەمکارانەی هەڵاواردن لە ئێرانە.
ئەم ناوەندە مافی مرۆییە بە ئاماژە بە نامەکەی ١٠ بەندکراوی سیاسیی ژن لە ٢٨ی جۆزەردان سەبارەت بە دەرکردنی سزای قورس دژی بەهاییەکان ڕایگەیاندووە: بێدەنگیی ئیمە لە بەرانبەر ستەمی چەند قات دژی گرووپێک لە کۆمەڵگە کە تەنانەت ژیانیان وەکوو هاووڵاتیی بەهایی بە تاوان ناسراوە، تێچووی ئەم جینایەتەی بۆ ڕێژیم کەم کردووە و ڕێگای بۆ بەردەوامبوون لەم تاوانە خۆش کردووە.
ئەم ژنە بەندکراوانە لە نامەکەیاندا ئاماژەیان بە بەرەوامیی سەرکوتکارییەکنی کەمینە ئایینییەکان لەلایەن ڕێژیمەوە کردبوو و ڕایانگەیاندبوو کە گوشارە ئەمنییەتی و دادوەرییەکان بۆ سەر هاووڵاتییانی بەهایی لەلایەن ڕێژیمەوە نیشان دەدەن کە بەرپرسانی ئەم ڕێژیمە بە توندوتیژترین و نامرۆڤانەترین شێوە خەریکی بێبەریکردنی بەهاییەکانی ئێران لە مافی ژیانن.
لەم نامەیەدا جەخت لەوە کراوەتەوە کە سەرەڕای ئەوەی کە ڕێژیم ئیدعا دەکات بەهاییبوون تاوان نییە بەڵام سزایەک کە دژی کەمینە ئایینییەکان هەیە، زۆر زیاتر لە سزا ئاساییەکان بۆ پڕوپاگەندە دژی نیزامە.