بازاڕی دراوی ئێران ڕۆژانێکی پڕ لە هەوراز و نشێو تێدەپەڕێنێت و نرخی دۆلاری ئەمریکا لە بازاڕی ئازاددا لە ڕێکۆردێکی نوێدا گەیشتە ٦٨ هەزار تمەن و بەهای ڕیاڵی زۆر دابەزاندووە.
درێژەی گرژییە سیاسییەکانی نێوان ڕێژیمی ئێران و ئیسرائیل، لەگەڵ چەقبەستوویی ئابووریی نێوخۆ، ئاسۆیەکی نیگەرانکەر بۆ بازاڕی دراو نیشان دەدات. بەپێی پێشبینییەکان ئەگەری ئەوە هەیە تا مانگی ڕێبەندان نرخی دۆلار بەرز بێتەوە و بگاتە سنووری ٧٠ هەزار تمەن.
هاوکات زۆرێک لە شارەزایانی ئابووری، بانکی ناوەندی تۆمەتبار دەکەن کە ڕێوشوێنی کاریگەر بۆ کۆنترۆڵکردنی نرخی ئاڵوگۆڕی دراو ناگرێتە بەر.
بەرزبوونەوەی نرخی دۆلار بە شێوەیەکی بەرچاو نرخی دراوەکانی دیکە و هەروەها زێڕ و سکەی بەرز کردووەتەوە. نرخی یۆرۆ گەیشتووەتە ٧٢ هەزار و ٨٥٠ تمەن، پۆندی بریتانیا گەیشتووەتە ٨٧ هەزار تمەن و نرخی سکەی ئیمامی گەیشتووەتە ٥٥ هەزار و ٤٦٠ هەزار تمەن.
ئەم بەرزبوونەوەی نرخانە زەنگی شەپۆلێکی نوێی هەڵاوسان و بەرزبوونەوەی نرخی کاڵا سەرەتاییەکانی لێداوە کە ڕاستەوخۆ کاریگەری لەسەر بژێوی خەڵک دەبێت.
لەم نێوانەدا هەواڵی ئەگەری بەرزبوونەوەی نرخی بەنزین لە داهاتوویەکی نزیکدا نیگەرانییەکانی زیاتر کردووە و ئەم بڕیارە دەتوانێت ڕاستەوخۆ هەڵاوسان زیاتر بکات.
وا دێتە بەرچاو ڕێژیم نەیتوانیبێت بەڵێنەکانی لە بواری باشترکردنی باری گوزەرانی خەڵک و کۆنترۆڵکردنی هەڵاوساندا جێبەجێ بکات.
لە ئەگەری بەردەوامی سیاسەتەکانی ئێستا، ئەگەری بەرزبوونەوەی زیاتری نرخی دۆلار و دراوەکانی دیکە هەیە. بەپێی پێشبینییەکانی بەرزبوونەوەی نرخی دراو لە بوودجەی ساڵی داهاتوو، پێدەچێت شەپۆلێکی نوێی هەڵاوسان و بەرزبوونەوەی نرخەکان بێتە ئاراوە و جارێکی دیکە خەڵک ببنە قوربانیی سەرەکی ئەو هەڵاوسانە.