کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پەروەردە و بارهێنانی ڕێژیم پارەی زۆرەملێ لە بنەماڵەی قوتابییان وەردەگرێت

18:08 - 3 خەزەڵوەر 2724

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ناوەندی هەواڵی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکرات، پەروەردە و بارهێنانی ڕیژیم لە ناوچەی چلچەمەی دیواندەرە، گوشاریان خستووەتە سەر بنەماڵەی قوتابییان کە دەبێت بڕی ١ میلیۆن تمەن بۆ خەرجیی قوتابخانە بدەن.

بەپێی ئەو هەواڵە بەرپرسانی قوتابخانەی گوندی برایم ئاوای چلچەمە لە ڕێگەی نامەوە بنەماڵەی قوتابییانی ئەو قوتابخانەیان ئاگادار کردووەتەوە کە دەبێت هەرچی زووتر بڕی ١ میلیۆن تمەن بدەن بە قوتابخانە.

بەپێی ئەو نامەیە بڕی ٥٠٠ هەزار تمەن بۆ سەرایەدار، ٤٠٠ هەزار تمەن بۆ نۆژەنکردنەوەی ماتۆڕ و ماتۆڕخانە و دینامی قوتابخانە و بڕی ١٠٠ هەزار تمەنیش بۆ پارەی ئاو، گاز، کارەبا و دەسگیرەی دەرگا و شووشەکانی قوتابخانەیە.

هەروەها سەرچاوەی ئەو هەواڵە باسی لەوە کردووە بەرپرسانی ئەو قوتابخانەیە هەم بە قوتابییان وتووە و هەم لە نامەکەیشدا ئاماژەیان پێ کردووە کە ئەو بنەماڵانە یەک حەفتە مۆڵەتیان هەیە ئەو بڕە پارەیە بدەن.

ئەو گوشارانەی پەروەردە و بارهێنانی ڕێژیم لە کاتێکدایە کە بەپێی یاسای بنەڕەتی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران قوتابییان هەتاکوو کاتی زانکۆ هەموو تێچوویەکی خوێندنیان لە ئەستۆی حکوومەتە و بنەماڵەی قوتابی نابێ لەژێر گوشار و هەڕەشەی دەرکرانی منداڵەکانیان، پارە و تێچووی قوتابخانە بدەن.