کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

١٣٠ هەزار میلیارد تمەن خەرجی مووشەکەکانی کۆماری ئیسلامی بۆ کوشتنی یەک فەلەستینی

11:03 - 12 رەزبەر 2724

پاش ناسەرکەوتووبوونی هێرشی مووشەکیی کۆماری ئیسلامی بۆ سەر ئیسرائیل، تێچووی دروستکردنی ئەم مووشەکانە لە گیرفانی خەڵکی ئێران  بووەتە مژاری تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و کەسانێکی زۆر بەراوردی دەکەن کە تێچووی ئەم مووشەکانە کە هیچ سوودێکیان تەنانەت لە بواری نیزامیشەوە نەبووە تا چ ڕادەیەک دەیتوانی ژیانی هەر تاکێک لە خەڵکی ئێران بگۆڕێت.

بەپێی ڕاپۆرتی سەرچاوەکانی وەک فارس و تەسنیم سەر بە سپای پاسداران، کۆماری ئیسلامی ڕۆژی سێشەممە ١٨٠ مووشەکی بالستیک و هایپرسۆنیک لە جۆرەکانی عێماد، قەدر، خەیبەرشکێن و فەتاحی ٢ی ئاراستەی ئیسرائیل کرد.

بەبێ لەبەرچاوگرتنی ئەو بابەتەی کە مووشەکەکانی ئێران هیچ یەک لە ئامانجەکانی خۆیان نەپێکا، نرخی هەر یەک لەم مووشەکانە لە نێوان ٥ تا ١٥ میلیۆن دۆلار دەخەمڵێندرێت.

ئەگەر نێونجی ئەم نرخانە بۆ مووشەکەکانی ئێران لە بەرچاو بگرین ئەوە سپای پاسداران زیاتر لە یەک میلیارد و ٣٠٠ میلیۆن دۆلاری بۆ دروستکردنی ئەم مووشەکانە لە گیرفانی خەڵکی ئێران خەرج کردووە.

جێی ئاماژیە کە بەدڵنیاییەوە تێچووی مووشەکەکانی کۆماری ئیسلامی لە مووشەکە هاوشێوەکانی خۆی لە وڵاتانی دیکە زیاترە چونکە ئێران بەهۆی گەمارۆکانەوە، کەرەستەگەلی سەرەتایی بۆ دروستکردنی مووشەکەکانی لە بازاڕە ڕەشەکان دابین دەکات کە ئەوەش دەبێتە هۆی تێچوویەکی زیاتر.

بەم پێیە دەردەکەوێت کە کۆماری ئیسلامیی ئێران بۆ تۆڵەسەندنەوەی خوێنی هەنییە، نیلفرووشان و حەسەن نەسروڵڵا زیاتر لە ٨٠ هەزار میلیارد تمەنی تەنیا لە مووشەکەکانی خەرج کردووە، ١٨٠ مووشەکی بالستیک و هایپێرسۆنیک کە لە وڵامی کوشتنی ناوبراوان، تەنیا یەک فەلەستینیی دیکەی بە ئاماری کوژراوان زیاد کرد.

ئەم تێچووە تەنیا تێچووەکانی ئۆپەراسیۆنی "وەعدەی سادقی ٢" بوو؛ کۆماری ئیسلامیی ئێران لە ئۆپەراسیۆنی "وەعدەی سادقی ١" لە ١٨٥ دڕۆن و نزیک بە ١٥٠ مووشەکی بالستیک کەڵکی وەرگرتبوو کە تێچووەکەی لە نێوان ٦٠٠ تا ٩٠٠ میلیۆن دۆلار دەخەملێندرێت.

 

بەم پێیە ئەگەر نێونجیی تێچووەکانی "وەعدەی سادقی ١"یش لە بەرچاو بگرین، کۆی گشتیی زیاتر لە ١٣٠ هەزار میلیارد تمەن خەرجی مووشەکاکانی سپای پاسداران لە دوو هێرش بۆ سەر ئیسرائیل بووە کە لە گیرفانی خەڵکی ئێران و سامانە سروشتییەکانی ئەم وڵاتە بەمەبەستی سیاسەتە شەڕەنگێزییەکانی ڕێژیمی ئیدۆلۆژیکی کۆماری ئیسلامی دابین کراوە.