کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئەرتەشی ئیسرائیل: هێرشی ئامانجدارانە بۆ سەر خاکی ئێران کۆتایی پێ هات

10:40 - 5 خەزەڵوەر 2724

ئەرتەشی ئیسرائیل ڕۆژی شەممە ٥ی خەزەڵوەری ١٤٠٣ی هەتاوی ڕایگەیاند، هێرشێکی سێ بڕگەییمان کردووەتەوە سەر ناوەندە نیزامییەکانی سپای پاسداران لەنێو خاکی ئێران و ئەو هێرشە ئامانجدارانە کۆتایی پێ هات.

ئەرتەشی ئیسرائیل لەو ڕاگەیەندراوەدا باسی ئەوەی کردووە، بەمەبەستی تۆڵەکردنەوەی هێرشی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران بۆ سەر خاکی ئیسرائیل، ئەرتەشی ئیسرائیل لە سێ بڕگەدا هێرشی کردووەتە سەر سێ ناوەندی پەدافەندی لە ئێراندا.

 جێگای باسە لەو هێرشەدا هەر سێ ناوەندی پەدافەندی ئاسمانیی سپای پاسداران لە تاران، ئیلام و خووزستان کراونەتە ئامانج.

هەر لەو پێوەندییەدا دانێل هاگاری، وتەبێژی ئەرتەشی ئیسرائیل وتوویەتی؛ هێزەکانی ئیسرائیل لە هێرشێکی ورددا ئەو ناوەندە نیزامییانەی ڕێژیمیان کردووەتە ئامانج کە پێ دەچوو مەترسی بن بۆ هێرشەکردنەسەر ئیسرائیل.

هەروەها وتەبێژی ئەرتەشی ئیسرائیل وتوویەتی، ڕێژیمی ئێران و دەستوپێوەندییەکانی لە ڕۆژی ٧ی ئۆکتۆبرەوە ٢٠٢٣، لە حەوت شوێنەوە لە خاکی ئێران و وڵاتانی ناوچەکەوە هێرشیان کردووەتە سەر خاکی ئیسرائیل.

دانێل هاگاری جەختی لەسەر ئەوە کردووەتەوە؛ ئێمە بەتەواوەتی لێهاتوویی و ئامادەیی هێرش و بەرگریمان هەیە و ئەرتەشی ئیسرائیل ئەمڕۆ سەلماندی توانایی وڵامدانەوەی لێبڕاوانەی هەیە هەم بۆ هێرش و هەم بۆ بەرگریی لە ئیسرائیل و شارۆمەندانی ئیسرائیلی.

نابراو باسی لەوە کردووە، پەیامی ئێمە ڕوونە، هەرکەس هەڕەشە بێت بۆ سەر ئیسرائیل و هەوڵ بدات ئاژاوە و ناکۆکی لە ناوچەکە پەرە پێ بدات، دەبیت باجێکی قورس بدات.