کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئەمریکا بەنیسبەت دژکردەوەی تۆڵەستێنانەی ئێران بۆ سەر ئیسرائیل هۆشداری دا

11:26 - 5 خەزەڵوەر 2724

ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا هۆشداریی جیددیان داوەتە تاران هەتا لە بیری تۆڵەکردنەوە نەبێت و هەردوولا دەبێت ئاستی ململانێ و تونداژۆییەکانیان کەم بکەنەوە.

لە دوای هێرشی ئیسرائیل بۆسەر چەند ناوەندی نیزامی لەنێو خاکی ئیراندا، بەرپرسێکی باڵای ئەمریکایی ڕایگەیاندووە: ئیسرائیل بەپێی ڕاسپاردەی ئەمریکا هێرشە تۆلەستێنەکەی بۆسەر ناوەندە نیزامییەکانی ڕێژیم سنووردار کردووە و لە زیانپێگەشتنی خەڵکی مەدەنی و غەیرە نیزامی ڕێگری کراوە.

ئەو بەرپرسە ئەمریکاییە هەروەها باسی ئەوەی کردووە: ''جۆ بایدێن، سەرۆککۆماری ئەمریکا، لە ماوەی حەفتەکانی ڕابردوودا هانی ئیسرائیلی داوە هەتاکوو هێرشێکی ئامانجدارانە و بەجێ بکاتە سەر چەند ناوەندی نیزامی ئێران.''

جێگای ئاماژەیە بەرپرسانی ئیسرائیلی لە پێش هێرشەکەدا بەنیسبەت هێرشی پێچەوانەوە هۆشدارییان داوەتە ئێران و جەختیان لەوە کردووەتەوە لە ئەگەری هێرشی ئێراندا، هێرشی بەربڵاو و چڕوپڕتر دەست پێ دەکەین بۆسەر ئێران بەتایبەت ئەگەر لەو هێرشەدا شارۆمەندانی ئیسرائیلی زیانیان پێ بگات.

ئەرتەشی ئیسرائیل ڕۆژی شەممە ٥ی خەزەڵوەر ڕایگەیاند، بەمەبەستی تۆڵەکردنەوەی هێرشی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران بۆ سەر خاکی ئیسرائیل، سێ ناوەندی پەدافەندی ئاسمانیی سپای پاسداران لە تاران، ئیلام و خووزستان کردووەتە ئامانج.