کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هەژاری تەنگی بە خەڵک هەڵچنیوە/ ٣٠ لەسەدی حەشیمەتی ئێران لەژێر هێڵی هەژاریدان

11:36 - 5 خەزەڵوەر 2724

نوێترین ڕاپۆرتی ناوەندی لێکۆڵینەوەی مەجلیسی ڕێژیم، نیشانی داوە کە بەپێی لێکدانەوەی پێنوێنی هەژاری، زیاتر لە ٣٠ لەسەدی حەشیمەتی ئێران لەژێر هێڵی هەژاریدان. بە واتایەکی تر لە ساڵی ڕابردوودا یەک لەسەر سێی حەشیمەتی ئێران توانای دابینکردنی پێداویستییە سەرەتاییەکانی خۆیان نەبووە و پێدەچێت ئەم ڕەوتە بۆ ئەمساڵیش هەر بەردەوام بێت.
بە وتەی بەرپرسێکی ڕێژیم، بنەماڵەیەکی سێ کەسی لە تاران کە مووچەی مانگانەیان کەمتر لە ٢٠ میلیۆن تمەن بێت، لەژێر هێڵی هەژاریدان.

ناوەندی ئاماری ڕێژیم، ڕێژەی هەڵاوسانی ٣٥ لەسەد ڕاگەیاندووە. بانکی ناوەندیی ڕێژیمیش لە هەوڵدایە کە بە کەمکردنەوەی گەشەی نەختینەیی، ڕەوتی دابەزینی هەڵاوسان خێراتر بکاتەوە.

ئامادەکارانی ئەو ڕاپۆرتە دەڵێن سەرەڕای هەوڵەکان بۆ گەشەی نەختینەیی هەتا کۆتاییەکانی ساڵی ١٤٠٢، بەڵام ئەو ڕەوتە ڕوو لە گەشە بووە و لە ساڵەکانی داهاتوودا ئەم پرسە ئاستەنگی گەورە بۆ دەوڵەتی بەدواوە دەبێت.

بەپێێ ڕاپۆرتەکەی ناوەندی لێکۆڵینەوەی مەجلیسی ڕێژیم، هەژاری پێویستی بە گەشەی بەردەوامی ئابووری و کەمکردنەوەی هەڵاوسانە. هەڵاوسان ڕۆڵێکی گرینگی لە زۆربوونەوەی نایەکسانی و کەلێنی کۆمەڵایەتیدا هەیە و بەردەوامییەکەشی دەربازبوون لە هەژاری سەخت دەکاتەوە.