سپای پاسدارانی ڕیژیمی ئێران لە ڕاگەندراوێکدا، هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر قەرارگای پەدافەندی ئاسمانیی ڕێژیمی لە تاران، ئیلام و خووزستان پشتڕاست کردەوە و ڕایگەیاندووە ئیسرائیل ڕووبەڕووی دژکردەوەی توند دەبێتەوە.
ڕۆژی شەممە ٥ی خەزەڵوەری ١٤٠٣ی هەتاوی، هەواڵدەریی تەسنیمی سپای پاسداران، لە دوای هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر چەند بنکەی نیزامی ڕێژیم لە تاران، ئیلام و خووزستان، بڵاوی کردووەتەوە: ئێمە پێشتریش ڕامانگەیاندبوو، ئێران ئامادەیی ئەوەی تێدایە وڵامی هێرشی ئیسرائیل بداتەوە.
ئەو هەواڵدەرییە باسی ئەوەی کردووە، ئێران ئەو مافەی بە خۆی دەدات وڵامی هەر هێرشێک بداتەوە لەلایەن ئیسرائیلەوە و گومان لەوەدا نییە کە ئیسرائیل لە وڵامی هەر هێرشێکی بۆ سەر ئێمە، ڕووبەڕووی دژکردەوەی توند دەبێتەوە.
ئەوە لە کاتێکدایە شاکر خەفایی، وتەبێژی پاڵاوتگەی تاران، لە هەواڵدەریی ئیسنادا ڕایگەیاندووە، هێرشی ئیسرائیلی بۆ سەر ئەو پاڵاوتگەی بەدرۆ خستووەتەوە و وتوویەتی: ''هێرش نەکراوەتەسەر هیچ دامەزراوەیەکی ئەو پاڵاوتگەیە و هێڵی بەرهەمهێنان وەکوو ڕۆژانی دیکە بەشێوەی ئاسایی بەڕێوە دەچێت.''
خافایی باسی لەوە کردووە، پەدافەندی غەیرە عامڵی پاڵاوتگەکە بەتەواوەتی ئامادەیی بەرپرچدانەوەی هەر هێرشێکە.
ئەرتەشی ئیسرائیل بەرەبەیانی شەممە ٥ی خەزەڵوەر ڕایگەیاند، بەمەبەستی تۆڵەکردنەوەی هێرشی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران بۆ سەر خاکی ئیسرائیل، سێ ناوەندی پەدافەندی ئاسمانیی سپای پاسداران لە تاران، ئیلام و خووزستان کردووەتە ئامانج.